ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی كورتهێنانی بودجە بۆ ساڵی 2020 بەشێوەیەكی نائاسایی، حكومەتی عیراق تائێستا نازانێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان چی دەكات. ئەوەشی وت: “گەشبینی نییە لەسەر كۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدا چونكە هەرێم داوای دانانەوەی قەرزەكانی پێشتر كردووەو عیراقیش ئامادە نییە ئەو قەرزانە بداتەوە”.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ بودجەی 2020ی عیراق بەردەوامەو بەڵام عیراق تائێستا نەیتوانیوە بگاتە ئەوەی كە ئایا لەگەڵ هەرێمی كوردستان چی دەكات، چونكە دۆخی بودجەی ناوخۆی زۆر خراپە ئەوەی دانراوە لە ئێستادا 70 ترلیۆن دینار كورتهێنانی بودجەی دەبێت ئەوەش پێچەوانەی یاسای كارگێڕی داراییە و نابێت ئەو كورتهێنانە لە 3% بۆ 5% زیاتربێت، هەروەها ئەگەر ئەم كورتهێنانە زیاد بكات مەجالی پڕكردنەوەی زۆر ئەستەمەو هیچ هۆكارێكی نییە عیراق ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە بەوهۆیەوە جارێ لەسەر پرسی نەوت گفتوگۆیەكی جدی نەكراوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكراشیكرد، “سەردانی وەفدی هەرێم و بەغدا بەردەوامە بەڵام ئەوەی راستی بێت گەشبینی نییە لەو كۆبوونەوانەش چونكە وەفدی هەرێم لەیەكەمین كۆبوونەوەی داوای گێڕانەوەی ئەو قەرزانەی كردووە كە لەسەریەتی و عیراقیش ئامادە نییە ئەو قەرزانە بداتەوە بۆیە تاوەكو ئێستا هیچ بەرەو پێشچوونێك لەگفتوگۆكان نەبووە”.
سەبارەت بەكاریگەی كورتهێنانی بودجەی عیراق لەسەر بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا وتی: “دیارنییە كاریگەی دەبێت یاخود نا چونكە سەرەتای یاسای بودجەیە، تاوەكو پرۆژەكە نەگاتە دەستمان نازانین چ ئاڕاستەیەك لەناو بودجەكەدا دەبێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دۆخی بودجە لەعیراق زۆر خراپە چاوەڕوانین تاوەكو دوایین كۆپی ئامادە دەكرێت لە مانگی 9ی 2019 ئەو كات بەرچاو رونی زیاتردەبێت لەوبارەیەوە”.