زەمەن: دیمه‌ن ئیسماعیل
“له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌م كێشه‌م هه‌بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سێك نه‌بوو گوێم لێبگرێت‌و رێگه‌چاره‌یه‌كم بۆ بدۆزێته‌وه، بۆیە باسكردنی كێشه‌كانم برده تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌وێدا باسی كێشه‌كه‌مم كرد”. دڵزار ئەحمەد وایوت كه له‌وێش چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ى ده‌ستنه‌كه‌وتووه.
دڵزاری ته‌مه‌ن 30 ساڵ، دواى ئه‌وه‌ى بێ هیوابوو له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى بگه‌نه ئه‌نجام، له‌ڕێی فه‌یسبووكەوە له یه‌كێك له گروپه‌كانى ژنان كێشه‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه، به‌ئامانجى ئه‌وه‌ى ئه‌ندامانى گروپه‌كه هاوكارى بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، جۆری چالاكی‌و په‌یوه‌ندییه‌كانیش گۆڕاون، ئێستا چەندین گروپی داخراو لەلایەن ژنانەوە دروستکراون كه تێیدا باسوخواسه‌كانی ژنان خۆیان دەگێڕنەوەو پرس و راوێژ بە یەکتر دەکەن.
به‌شێك له ژنان له‌ڕێگه‌ی ئه‌و گروپه داخراوانه‌وه، كێشه خێزانیی‌و شەخسییه‌كانی خۆیان باس ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی گروپه‌كه، هاوكارییان بكه‌ن له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ردا.
سارا یەکێکە له‌و ژنانه‌ی كێشه‌کانی خۆی بۆ ئه‌دمینی یەکێک لە گروپە داخراوه‌كانی فەیسبووک ناردووه، سارا كێشه‌ی لەگەڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی هەبووە. ئه‌و وتی: “كێشه‌م له‌گه‌ڵ مێردەکەم هەبوو چه‌ندینجار له‌ڕێی كه‌سه نزیكه‌كانی خۆمه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیانم داوه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتمه هیچ ئه‌نجامێك، بۆیه به‌ناچاری هانام بۆ ئەو گروپە برد‌و لەوێ قسەکانی دڵی خۆم کرد. بەڕاستی سوودم لەو ئامۆژگاری و رێنماییانە وەرگرت کە خرانە بەردەمم. ئێستا بێ قڕه له‌گه‌ڵ مێردەکەم دەژیم”.
به‌شێ له ژنان له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌ى دڵزار‌و سارا‌دا نین، پێیانوایه تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان جێگه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى كێشه خێزانییه‌كان نین.پرژه شه‌هاب 20 ساڵ، پێیوایه: “پێویست ناکات ژنان كێشه‌ی خۆیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبكه‌نەوه، هه‌تا ئه‌گه‌ر كه‌سیش نه‌بێ گوێت بۆ بگرێت”.
تێبینی ژنان له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی كێشه شەخسییه‌كان له‌و گروپانه‌ی سۆشیال میدیادا كه تایبه‌تن به ژنان، له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه گومانیان هه‌یه له گروپه‌كاندا كه‌سانێكی وه‌ها هه‌بن كه زانیاریه‌كانیان دزه پێبكه‌ن.
گروپی “بووك‌و خه‌سوو” یه‌كێك له دیارترین گروپه‌كانی تایبه‌ت به ژنانەو ئێستا 185 هه‌زار ئه‌ندامى هه‌یه، ئه‌دمینه‌كانى ده‌ڵێن گره‌نتی ئه‌وه ناكه‌ین كه هه‌موو ئه‌ندامه‌كان كچ بن یان له ره‌گه‌زی مێ بن.
باخان سه‌عیدو زارا قادر، كه ئه‌دمینی گروپی “بووك و خه‌سوو”ن له فه‌یسبووك، وتیان: “ئێمه ناتوانین گره‌نتی ئه‌وه بده‌ین كه گروپه‌كه‌مان هه‌مووی جێگه‌ی متمانه‌یه‌و ته‌نیا ژنی تێدایه، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێكی گوماناوی ببینین‌و گومانی لێ بكه‌ین، ده‌ستبه‌جێ بلۆكی ده‌كه‌ین”.
باخان، ده‌ڵێت: له‌ڕێی گروپه‌كه‌مانه‌وه، كێشه‌ی زۆر ژنمان چاره‌سه‌ركردووه. له‌ڕێی گروپەکەی ئێمه‌وه چه‌ندین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت خۆمان دوای باسكردنی كێشه‌كه له‌په‌یوه‌ندیدا ده‌بین له‌گه‌ڵیان بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چاره‌سه‌ر بووه یان نا”.
ئه‌م كاره ئه‌گه‌رچی خه‌مخۆریی‌و دڵسۆزیش بێ، به‌ڵام به بۆچوونى توێژه‌رێكی کۆمەڵایەتی، كارێكی نازانستی‌و نادروسته. ئاماژه‌به‌وه‌ش ده‌كات هۆكاری باسكردنی كێشه‌كانیان بۆ نه‌بوونی متمانه بۆ ده‌وروبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه.چۆمان ئه‌حمه‌د، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ “زه‌مه‌ن” وتی: “پرس‌و ڕا كارێكی گرنگه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و پرس و ڕایه به‌كه‌سانی شاره‌زا بكرێ نه‌ك هه‌موو كه‌سێك بێت و قسه له كێشه‌یه‌كدا بكات كه هیچ شاره‌زاییه‌كی لێی نییه“.
چۆمان كه چاودێرى به‌شێك له گروپه‌كان ده‌كات، وتیشی: “ئه‌و كێشانه‌ی باس ده‌كرێت له گروپه‌كان هه‌مووی راستی نین به‌شێكی چیرۆکی خه‌یاڵییه‌و دروستكراون بۆ ئه‌كتیڤكردنی گروپ‌و زیادبوونی لایك‌و كۆمێنتە”.