لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات کە ئابڵوقەی سەر شارە ناوچە کوردنشینەکان کۆتایی پێبهێنێت کە بووەتە هۆی “مەترسی خستنە سەر ژیانی نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی و جۆرێکە لە سزادانی بە کۆمەڵ”.
کورتەیەك لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردیەکانی تورکیا، ئەمڕۆ ٢١ تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا ئەوە ئاشکراکراوە کە حکومەتی تورکیا هەستاوە بە “ئەنجامدانی ڕێگەچارەی هەڕەمەکی و توند کە بوونەتە هۆی زیانێکی زۆر” بۆ کوردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا.
هەر لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە هێزەکانی پۆلیس ڕێگریان کردووە لە ئۆتومبێلی فریاکەوتنی تەندروستی و هاوکاری تەندروستی بۆ گەیشتن بەو ناوچانە و هەموو ئاوانەش جێگەی خەمی گەورەن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤن. هەروەها ئاماژە بە ڕێگریکردن لە ڕۆژنامەنووس و چاودێرانی جیهانی کراوە بۆ گەیشتن بەو ناوچانە و چاودێریکردنی ڕەوشی ململانێکان.
بەپێی وتەکانی حکومەتی تورکیا، چەکدارانی نزیك لە پارتی کرێکارانی کوردستان لەو ناوچانە جێگربوون و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەک و تەقەمەنیان کۆکردووەتەوە و ئێستاش ناوچەی خۆبەڕێوەبردنیان ڕاگەیاندووە. لە دوای شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی و دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا، ژمارەیەك شار و قەزای ناوچە کوردییەکان کەوتوونەتە بەر هێرشی سەربازی و ئابڵوقەی درێژخایەن.
جۆن داڵوسەینی بەڕێوەبەری بەرنامەی ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا بە ئۆفیسی لەندەنی NRT ڕاگەیاند “ئێمە قەیرانێکی ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ دەبینین لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا و قەیرانێك کە بەبێ سەرکۆنە و چاودێری و ڕەخنەی نێودەوڵەتی ڕوودەدات.”
هەرچەندە ڕەوەندی کوردی و ڕێکخراو و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی جیهانی دەنگیان بەرزکردۆتەوە بەرامبەر بەم پێشێلکاریانە، بەڵام حکومەتی وڵاتانی جیهان بە گشتی بێدەنگن و هەندێك هۆکاری ئەمە دەگێڕنەوە بۆ ئەو پێگە بەهێزەی تورکیا هەیەتی لە پەیوەند بە ئەوروپاوە.
جۆن داڵوسەینی ئەوەشی وتووە “حکومەتی تورکیا توانیویەتی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە پێگەی گرنگی خۆی بە نیسبەت ئەوروپاوە لە پەیوەند بەقەیرانی کۆچکردن و ململانیی سوریا بەکاربهێنێت بۆ بێدەنگرکردنی هەر جۆرە ڕەخنەیەك بەرامبەر بە وڵاتەکەی”.
لە وەڵامی ئەوەدا ئایا تورکیا بەرەو حوکمڕانییەکی سەرکوتکەر هەنگاو دەنێت جۆن وتی “لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بینوومانە کە ژینگەیەکی سەرکوتکەر سەرهەڵدەدات، بۆنموونە سنووردار کردنی ئازادی گردبوونەوە و خۆپیشاندان نەك هەر لە ناوچە کوردنشینەکان بەڵکو لەسەرتاسەری تورکیادا”.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە NRT ڕاگەیاند ئەوان بە وردی چاودێری بارودۆخی تورکیا دەکەن، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و مەسەلەی مافی مرۆڤیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا باس کردووە و هەروەها ئامادەشن بۆ هەر جۆرە هاوکاریەك کە پێویست بکات. ئەمە جگە لەوەی داوایان لە پەکەکە کردووە کە هێرشەکانی خۆی ڕابگرێت.