نزیکەی ٢هەزار و ٥٠٠ خاوەنپێداویستی تایبەت کە تانەیان لە ئەنجامی پشکنینەکانیان دابوو دوای دووبارە پشکنینەوەیان دەرچوون، تا ئێستا موچەی ئەو پێنج مانگەیان پێنەدراوەتەوە کە بەهۆی دەرنەچوونیان لە پشکنینی یەکەمدا ڕاگیرابوو. یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە ناوەندی یەکێتییەکە لە شاری سلێمانی، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییان، لەپێناو گێڕانەوەی مووچە ڕاگیراوەكانی پێنج مانگی ساڵی ڕابردووی هەزاران كەمئەندام ئەنجامدا.
دوای ئەوەی وەزارەتی کار و کارووباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بەدووبارە پێداچوونەوە بە لیستی کەمئەندامان کە دەبێت ڕێژەی کەمئەندامی لە ٦٥% بێت، وە هەر کەسێک لەو ڕێژە کەمئەندامییە کەمتربێت ئەوا ناوی لە لیستەکە دەسڕدرێتەوە.
لە کۆنگرەکەدا، سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، وتی: نزیکەی ١٥هەزار کەس لەلایەن لیژنەی کار و کارووباری کۆمەڵایەتی بینرانەوە، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و سی کەسیان کە لە لیژنەکە دەرنەچوون، تانەیان لە ئەنجامی پشکنینەکە دایەوە کە بەدڵیان نەبوو، وە لەو ژماریە ٢هەزار ٤٥۰ کەسیان دوای دووبارە پشکنینەوەیان دەرچوون، هاوکات ئەو نزیکەی ٦٠٠ کەمئەندامەی دووبارە دەرنەچوون بە یەکجاری لە لیستەکە دابڕێنران.
سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، وتیشی: ئەو ٢هەزار و ٤٥۰ کەمئەندامەی کە دوای پشکنینەوە دەرچوون بەپێی ڕیزبەندیی دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، نزیکەی پێنج مانگ مووچەکانیان ڕاگیراوە و تائێستا قەرەبوویان بۆ نەکراوەتەوە و موچەی ئەومانگە فەوتاوانەیان وەرنەگرتووەتەوە.
ناوبراو لە کۆتایشدا داوای لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد، کە بە زووترین کات ئەو کەمئەندامانەی دەرچوون بخرێنەوە نێو لیستی مووچەی کەمئەندامان و مووچەکانیان پێبدرێت.