پێشمەرگە بەشێوەیەكی بەرفراوان بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵی كرد، بەڵام پرسیاری سەرەكی پەیوەستە بەدوای سەركەوتنی پرۆسەكەوە، ئاخۆ رۆڵی پێشمەرگە چی دەبێت؟
قوربانی هێزەكانی پێشمەرگە لەپرۆسەی ئازادكردنەوەی شاری موسڵدا بێ ئامانج نییە، ئەوان دەیانەوێت بگەرێتەوە بۆ ئەو سنورەی بەر لەهاتنی داعش لەمانگی حوزەیرانی 2014دا هەژمونی ئەمنیو سیاسیو ئیداریان تیایدا هەبوو، لەسنوری پارێزگا نەینەوا.
مانەوەی كورد لەناوچە تازە رزگاركراوەكانی نەینەوا پێناچێت هەروا بەئاسانی تێپەڕێت بەتایبەت كە لەناوچەیەكدا دەیانەوێت بمێننەوە 13 ساڵە لەگەڵ ئیدارەی شارەكەو حكومەتی ناوەنددا لەسەر خاوەندارێتی ناكۆكن.
بەرەبەیانی 17ی تشیرینی یەكەم نزیكەی سیو پێنج هەزار پێشمەرگە بەشداریان كرد لەیەكێك لەئاڵۆزترین شەڕەكانی عێراق لەدژی داعش بۆ كۆنترۆڵ كردنەوەی موسڵ، دووەم گەورەترین شاری عێراق كە لەساڵی 2014ەوە لەدەست ئەو گروپەدایە.
ئەو بەشداریەی پێشمەرگە دەرەنجامی رێكەوتنێكی پێشوەخت بوو كە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بە سەرپەرشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش پێی گەیشتن.
لەیەكەم رۆژی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵدا هێزەكانی پێشمەرگە لەمیحوەری خازری رۆژهەڵاتی شاری موسڵەوە پێشڕەویان كردو زیاتر لەنۆ گوندیان كۆنترۆڵ كردەوە كە بەناوچەی كوردی جێناكۆك ناسراون.
فەریق جەمال محەمەد سوپا سالاری وەزارەتی پێشمەرگە بە”نیقاش”ی وت “بەپێی رێكەوتن لەگەڵ بەغدا پێشمەرگە لەچوار میحوەرەوە بەشداری ئازادكردنەوەی موسڵ دەكاتو ئەو هێڵەی وەك قۆناغی یەكەم بۆ هێزی پێشمەرگە دیاریكراوە لەمیحوەری خازری رۆژهەڵاتی موسڵ لەیەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەدا پێی گەیشتین”.
سوپا سالاری پێشمەرگە وتیشی “بۆ قۆناغی داهاتوو ئەگەر گۆڕانكاریی رویدا چاوەڕێی فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین”.
بەپێی رێكەوتنی نێوان هەرێمو ناوەند پێشمەرگە لەهەریەك لەمیحوەرەكانی خازرو باشیكو نەورانو بەربەستی موسڵەوە پێشڕەوی دەكەن كە دەكەونە باكورو رۆژهەڵاتی شاری موسڵو رۆژئاوای هەرێمی كوردستانەوەو زۆرینەی ئەو ناوچانەش پێش هاتنی داعش لەساڵی 2014دا كێشەیان لەسەر بووە كە نەتوانرا بەپێی مادەی 140ی دەستوری عێراق خاوەندارێتی ئیدارییان یەكلایی بكرێتەوە لەنێوان هەرێمو بەغدا.
فەریق جەمال محەمەد دەڵێت “پێشمەرگە لەهەندێك جێگە گەیشتونەتە ئەو ناوچانەی كە بەر لەهاتنی داعش لەموسڵ بەدەستیەوە بوونو لەهەندێك ناوچەش ئەو سنورەی پێشوویان تێپەڕاندووە، بۆ ئەمەیان لەئایندەدا دەبێت رێكەوتنی لەسەر بكرێت”.
بەر دەركەوتنی داعش لەساڵی 2014 دا كورد (16) یەكەی ئیداریی سنوری پارێزگای نەینەوای بەدەستەوە بوو كە زۆربەیان ئەو ناوچانەبوون كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كورد بوونو دەكەوتنە سنوری مادەی (140)ەوە.
ئەو ناوچانە بەرپرسیارێتی ئەمنییان لەدەست هێزەكانی پێشمەرگەدا بوو بەر لەوەی بەهۆی هاتنی داعشەوە زۆربەیان چۆڵبكەن كە دیارترینیشیان قەزای شەنگالی ئێزدیەكان بوو.
لەیەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵدا زیانە گیانیەكانی پێشمەرگە 10 شەهیدو زیاتر لەبیست برینداربوو، ئەو قوربانیەی پێشمەرگە بۆ ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە بەڵگەی ئەوەیە كە پاشەكشەكردن لەو هێڵانەی رزگاریكردوون ئەستەمە.
هەڵۆ پێنجوێنی بەرپرسی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی نیشتیمانی كە یەكێك بوو لەسەرپەرشتیارانی ئەو هەڵمەتەی پێشمەرگە لەسنوری میحوەری خازر ئاماژە بەودەكات كە پێشمەرگە لەو سنورەی ئێستا دەمێننەوەو سوپای عێراقو هێزە نێوخۆییەكان لەوەو دوا كار دەكەن بەرەو موسڵ.
هەڵۆ پێنجوێنی بە”نیقاش”ی وت “ئەو ناوچانەی رزگارمان كردوون كوردنشینو جێناكۆكنو جگە لەهێزی پێشمەرگەش هیچ هێزێكی تر ناتوانێت گەرەنتی ئاسایشی دانیشتوانەكەی بكات”.
پێنجوێنی جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێت موسڵی دوای داعش وەك موسڵی پێش داعش بێتو ئەو پرسە پێویستی بەپێداچونەوەیە، وتیشی”بەداخەوە تائێستا لەنێوان ناوەندو هەرێمدا رێكەوتن لەسەر ئەوە نەكراوەو مانەوەی پێشمەرگەش لەو ناچانە پەیوەستە بەو رێكەوتنانەوە”.
لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لەعێراق لەساڵی 2003 ناوچە جێناكۆكەكانی سنوری ئیدارەی نەینەوا كرۆكی كێشە بوو لەنێوان كوردو عەرەبە سونەكاندا كە سەرەڕای بەشداریان پێكەوە لەئەنجومەنی پارێزگاو ئیدارەی خۆجێی شارەكە، نەیانتوانی لەسەر ئەو پرسە بگەنە رێكەوتنو مەترسیش هەیە كە بۆ قۆناغی دوای نەمانی داعش ئەو كێشەیە سەرهەڵبداتەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەبەپرسیارێتی ئەمنی ناوچە تازە رزگاركراوەكان.
د.واسق هاشمی بەرێوەبەری كۆمەڵەی عێراقی بۆ لێكۆلێنەوە ستراتیژیەكان پێیوایە سەرەڕای ئەوەی قۆناغێكی متمانە لەنێوان بەغداو هەرێم لەسەر موسڵ دروست بووە، بەڵام دوورنییە بۆ قۆناغی دوای داعش ناكۆكی لەسەر بەرپرسیارێتی ئەمنی ناوچە رزگاركراوەكان دروست ببێت كە بەوتەی ئەو چارەسەری ئەو پرسە پێویستی بەرێكەوتنی سیاسی دەبێت.
هاشمی بە”نیقاش”ی وت “لەكۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لە16ی تشرینی یەكەم، خۆم لەحەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیم بیست، بۆ موسڵ پەیڕەوی ئەو رێكارە ناكەن كە ئەوەی بەخوێن گیراوە نادرێتەوەو دەبێت بارودۆخەكە بگەرێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە 2014 ” .
“قۆناغی دوای داعش بۆ موسڵ ئەستەم ترە لەقۆناغی بەر لەهاتنی” ئەمە ئەو تێروانینە باوەیە كە نزیكەی ساڵێكە ناوەندەی سیاسیەكانی عێراقو دەرەوەی پێشبینیان كردووە، ئەو تێروانینە بۆ ئایندەی پێشمەرگەش لەناوچە جێناكۆكەكانی نەینەوا هەروادەبێت، بەتایبەت كە هاوكێشەی هاوپەیمانێتیە سیاسیەكانیش لەو سنورە گۆڕاون.
هەرێمی كوردستان پشتی بەنزیكبوونەوە لەخێزانی نوجێفی قایم بوو سەبارەت بەموسڵ كە بەرلەهاتنی داعش باڵاترین پۆستی ئیداری شارەكەیان بەدەستەوبوو، ئەویش پارێزگار بوو، بەڵام لادانی ئەسیل نوجێفی لەو پۆستە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەتی ئەو هاوپەیمانێتیەی باریك كردۆتەوە لەگەڵ عەرەبە سونەكاندا.
عەبدولرەحمان لویزی پەرلەمانتاری سوننەو نوێنەری موسڵ جەخت لەوە دەكاتەوە كە نوجێفیەكان لەموسڵ جەماوەری پێشویان نەماوەو ئەوەش بەبەڵگە دەهێنێتەوە كە پاڵێوراوی ئەو خێزانە بۆ پۆستی پارێزگاری نوێ لەنێو ئەنجومەنی پارێزگادا نەیتوانی دەنگی هیچ كام لەئەندامە عەرەبەكانی بەدەست بهێنێت.
عەبدولرحمان لویزی بە”نیقاش”ی وت “ئێستا دوو تێروانینی توندڕەو هەیە، یەكەمیان پێیوایە مادەی 140 كۆتایی هاتووە كە بەشێك عەرەبە سونەكاننو بۆچونی دووەمیش كە كوردە پێیوایە سیاسەتی ئەمری واقع بەركارە لەو پرسەدا، بەبێ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی ناوەند لەنێوان ئەو دوو تێروانینەدا كێشەی بونی پێشمەرگە لەناوچەجێناكۆكەكان ئاڵۆز دەبێت”.
سەرچاوە:نیقاش