گروپێک بەڕێنوماو سەپۆرتی شاراوەی دەسەڵات لیست و قەوارەیان دروستکرد، تەخشان و پەخشانیان بەدینارو دۆلارەوە کرد، تۆمەتیان بۆ قەڵەمی ئازادو خەڵکی لیبڕاڵ و هەموان دروستکرد، شەو لەتیڤیەکانی دەسەڵاتەوە شرۆڤەیان دەکردو بەو ڕۆژگارەش وەک «میرابۆ»هوتافیان ئەدا دژی دەسەڵات، ئێستاش پێیان نەوتین سەرچاوەی داهاتەکانیان کوێ بوو، ئەوکات ووتمان کێشەیەکی زیهنی هەیەو دەبێ دەستنیشانی بکەین بۆتان.
کە واتان دەزانی هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست دەکات و ناوەندی ئەو گۆڕانکاریەش پەڕلەمانە، دەی هەرگیز شتی وا ڕووی نەداو ڕوونادات، پەڕلەمان گۆڕانکاری جەوهەری دروست ناکا، بگرە شەرعیەت زیاد دەکات و قۆڵ و مەچەکی هێزە چەکدارەکان بە دەنگ و توڕەبوونی ئێوە بەهێزتر دەکات هەرواش بوو! ئێستا تێدەگەن پەڕلەمان دەزگای تەشریعە بۆ واقیعێکی داسەپاو نەک دەزگای تەشریعیی! وتمان ئۆپۆزسیۆن بن، بایکۆت بکەن، مەچنە ناو سیاجی پەڕلەمان بۆ دونیا ئاخر نابێ، چونکە پەڕلەمان دەزگایەکی گرێدراوی ڕادیکاڵ و ئایدۆلۆژیی پڕاگماتیستە بۆ پتەوکردنی پایەو ڕایەڵەکانی دەسەڵات و شوێنی ئینحیازو ئیمتیازە، سیستمی جێبەجێکارو دەسەڵاتی دادوەریی نیە.
دەزگایەکی سیاسی چاودێریکاری سادەیەو سەقفی عەقیدەو بڕواتان با ئەوەندە بەرزنەبێ، ئەوپەڕی ئێوەش چاودێری دەکەن لەگەڵ قاڵەقاڵ و زەبرو زەنای ئەوانیدیکە، دەسەڵات چاودێریەکی ئاوا کارتۆنی و قاڵەو ناڵەو دەفژەنیی پێویستە نەک پڕۆژەی جددی ڕەخنەگر، دەی ئاوا چۆن گۆڕانکاری ڕووئەدات هەر چاودێریی بکەیت و خەڵک نائومێد بکەیت و خۆت نەچیتە سەرجادەو شانت تۆزاوی نەکەیت و ئێستاش داوای کاراکردنەوەی پەڕلەمان بکەیت دوای دووساڵ لە پشووی ئیجباریی «تعطيل المؤسسة التشريعية» نالی مەزن وتەنی ئیزهاری دانایی بەو خودپەسەندی و عەزەمەتە مەکەن با نادان و بچووکتر نەبنەوە لای خەڵک و جەماوەر ئەوەندەی تر. هەرکەسێ ئیزهاری دانایی بکات و مەقسەدی خودپەسەندی بێ، یەقین ئیزهاری نادانی دەکا.