
پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆی دروستبوونی نایەکسانیی زۆر لەسەر ئاستی جیهان. وڵاتە دەوڵەمەندەکان ترلیۆنان دۆلاریان بۆ هەستانەوەی ئابوورییەکانیان تەرخانکردووە، بەڵام بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە هەژارەکان کە هەموویان پێکەوە پێویستیان بە دوو ترلیۆن و نیو دۆلار بووە، نەیانتوانیوە وەکو پێویست رووبەڕووی کۆرۆنا ببنەوە؛ ئێستا ئەو وڵاتانە داوادەکەن، لە دابەشکردنی ڤاکسیندا هاوکاری بکرێن.
سیرڵ رامافۆزا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور رایگەیاند “هیچ کەس و وڵاتێک نابێت بە تەنیا بەجێبهێڵدرێت. بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە پێویستە هەموو سەرچاوە، توانا و زانیارییەکانمان کۆبکەینەوە. بۆیە ئێمە بەردەوام داوا لە سەرکردەکانی جیهان دەکەین پشتگیری لە کۆڤاکس بکەن بۆئەوەی بە خێرایی ڤاکسینی کۆرۆنا بە هەموو وڵاتێک بگات”.

دیموکراتەکانی ئەمریکا هەوڵدەدەن پاکێجێکی 1.9 ترلیۆن دۆلاریی بۆ کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکانی کۆرۆنا تەرخان بکەن. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە پشتگیری لەو هەوڵە دەکات و دەڵێت “خەڵكی ئەمریکا پێویستە هەرگیز رووبەڕووی نەبوونی ئەو پێداویستی و خزمەتگوزارییانە نەبنەوە کە پشتی پێدەبەستن، جا چ ئۆتۆمبێل بێت، یان دەرمان یان خواردن لە فرۆشگەکان”.
وڵاتانی کەمداهات، توانای ئەوەیان نییە هەمان کاری ئەمریکا بکەن. لەبەر ئەوە، زیاتر لە 200 گرووپی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەوروپا و ئەمریکا، لە پەیامێکی هاوبەشدا، داوایان لە گرووپی G20 کردووە کە لەم کۆبوونەوەیەدا هانی سندووقی نەختی نێودەوڵەتی بدەن سێ ترلیۆن دۆلار بەو وڵاتانە بدات کە کۆرۆنا کاریگەریی تووندی لەسەر دروستکردوون.
سەرچاوە:رووداو
سەرچاوە:رووداو