ڕێکخراوی فریدەم هاوس کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ئاماژە بە کەمبوونەوەی ئازادییەکان بە گشتی و ئازادیی ڕاگەیاندن بەتایبەتی لە سەرانسەری جیهاندا دەکات و لەو چوارچێوەیەدا باس لە هەرێمیش دەکات.
دەنگى ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “دامەزراوە دیموکراتییەکان بێتوانان بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونی ئەوانەی بۆ ماوەیەکی درێژە دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتووەتە دەست.”
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لە مانگی نۆی ساڵێ ڕابردوودا “حزبەکەی سەرۆک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی بەدەستهێنا، وێڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەستی بە مەترسی دەکرد دوابەدوای ڕیفراندۆمە مشتومڕلەسەرەکەی ساڵی ٢٠١٧ بۆ سەربەخۆیی، کە بوو بە مایەی ناکۆکی لەگەڵ بەغدا و لەدەستدانی ڕووبەرێکی گەورە لە خاکەکەی، هەرێمی کوردستان. هەڵبژاردنەکانی مانگی ٩لەکەدار کرا بەهۆی دەنگۆی بەربڵاوی فێڵ و تەڵەکەکردن.”
سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژنامەوانان ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی مانگی ٣دا هێرش کرایە سەر ٧ ڕۆژنامەوان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە و دوو ڕۆژنامەوانیش دەستگیرکران لەمیانەی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکاندا.
هەروەها دەشڵێت لە مانگی ٣ و لەمیانەی خۆپیشاندانەکان “توندوتیژی بەرامبەر خۆپێشاندەران کراوە بە لێدان و دەستگیرکردنیان.”
سەبارەت بە عێراق دەڵێت، “عێراق هەڵبژاردنی ئاسایی ئەنجامدا بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری لایەنەکان. لە ئەنجامدا چەندین لایەنی جیاوازی سیاسی و ئاینی و نەژادی نوێنەرایەتییان لە سیستمی سیاسیی وڵاتەکەدا مسۆگەرکرد. هەرچەندە ڕێگری دەکرێت لە بەڕێوەبردنی دیموکراسییانە بەهۆی گەندەڵی و هەڕەشەی ئاسایشی.”
فریدەم هاوس ڕێکخراوێکی ناحکومییە و بنکەی سەرەکیی لە واشنتنی پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. ئەم ڕێکخراوە ساڵانە ڕاپۆرت لەسەر ڕەوشی ئازادی و دیموکراسی لە جیهاندا بڵاودەکاتەوە.