چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه هه‌رێمی كوردستان بانگه‌شه‌ی دهسهڵاتو حوكمڕانییه‌كی مه‌ده‌نی ده‌كات، به‌ڵام رووداو‌و پێشهاته سیاسییه‌كانی ئه‌م دواییه وایكردووه ره‌وڕه‌وه‌ی حوكمڕانی بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌و عهشیرهتو هۆزو تیره‌كان ببنه‌وه ژماره‌یه‌كی كاریگه‌ر.
به‌شێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی تری عێراق جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه، هه‌رچه‌نده له‌كوردستاندا چه‌ند عه‌شیره‌تێكی به‌ناوبانگ هه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی كات ده‌سه‌ڵاتێكی لاوازیان هه‌بووه‌و له‌ژێر سایه‌ی حیزبه‌كاندا بوون، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه ببێته‌وه.
هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی نیسانی رابردوو له‌شاری سلێمانی فێستیڤاڵی هۆزی مه‌نمی رێكخرا، ئه‌و فیستیڤاڵه كه نزیكه‌ی سێ هه‌زار پیاو تیایدا ئاماده‌بوون، تیایدا نمایشی جل‌و بهرگو خواردن‌و چه‌ند جۆرێكی چه‌كی كۆن كرا (هۆزی مه‌نمی یه‌كێكه له‌هۆزه كوردییه‌كان لهههولێرو سلێمانی بڵاوبوونه‌ته‌وه).
كه‌مال حه‌مه‌شه‌ریف حاجی حارس سه‌رۆكی عه‌شیره‌تی مه‌نمی ئاماژه به‌وه ده‌كات عه‌شیره‌ته‌كه‌ی ئه‌وان له‌پارێزگاكانی سلێمانی‌و هه‌ولێرو زۆرێك ناوچه‌ی دیكه بڵاوبونه‌ته‌وه‌و ویستویانه له‌رێی فیستیڤاڵه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌وه خۆیان رێك بخه‌نه‌وه، كه‌مال به”نیقاش”ی وت “ئه‌و مهراسیمهنهی به‌ڕێوه‌ده‌چن چاولێكهریهو كارێكی باشن، چونكه خزم‌و كه‌س له‌یه‌كدی نزیك ده‌بنه‌وه، به‌تایبه‌تی كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووه‌ته مایه‌ی ساردبوونه‌وه‌ی خزمایهتیو خه‌ڵكی كه‌متر ئاگایان له‌یه‌كتر”.
كه‌مال حه‌مه‌شه‌ریف ئه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه هیچ ئامانج‌و ئه‌جێندایه‌كی سیاسی له‌پشت ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌وانه‌وه بێت‌و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ته‌نها خه‌می یه‌كتر بینینی خزم‌و ناسیاوه‌كان كۆیكردوونه‌ته‌وه.
له‌كوردستان چه‌ندین عه‌شیره‌تی به‌ناوبانگ هه‌ن له‌دیارترینیان عه‌شیره‌ته‌كانی جاف، گۆران، میراوده‌لی، گه‌ردی، عوزێری، زه‌نگه‌نه، بڵباس، هه‌مه‌وه‌ند، به‌رزنجه، هه‌ركی، سورچی، زێباری، شوانكار، برادۆست، زه‌ندو چه‌ندین عه‌شیره‌تی تر.
له‌ماوه‌ی ساڵانی شه‌ڕی ناوخۆ (1994 – 1998) عه‌شیره‌ته‌كان بره‌وێكی باشیان هه‌بوو، سه‌رۆكی ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ش له‌زۆر جێگا قسه‌یان ده‌ڕۆشت، چونكه دوو لایه‌نه شهڕكهرهكه (پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان) زۆركات پشتیان بهعهشیرهتهكان ده‌به‌ست بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانیان، به‌ڵام له‌وه به‌دواوه كه‌متر ئه‌و عهشیرهتانهكاریگهرییان ما.
گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵكشانی كاریگه‌ری عه‌شیره‌ته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵانی 2009و 2013ی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕایه‌وه، چونكه هێزه سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌تی دوو حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه سوودیان له‌توانای عه‌شیره‌ته‌كان ده‌بینی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ له‌هه‌ڵبژاردندا.
عه‌بدوڵڵا رێشاوی مامۆستا‌و نووسه‌ر، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هێزه سیاسییه‌كان پشتی ته‌واو بهعهشیرهتهكان ده‌به‌ستن، چونكه له‌رێی به‌ده‌ستهێنانی لایه‌نداری سه‌رۆكی عهشیرهتهكهوه، مه‌یلی ده‌نگه‌كانی ئه‌و عه‌شیره‌ته بۆ خۆیان ده‌به‌ن، له‌مڕووه‌وه به”نیقاش”ی وت “پارته سیاسیه‌كان له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌وه ئه‌توانن وه‌لائی خێڵ‌و عه‌شیره‌ته‌كان به‌ده‌ستبهێنن، زۆر كات پارته سیاسیه‌كان خۆیان ئه‌كه‌ن به‌ئه‌لته‌رناتیڤی یاسا‌و حوكمڕانی بۆ عه‌شیره‌ته‌كان‌و هه‌موو ئهوكارانهیان بۆ ئه‌كه‌ن كه یاسا بۆیان ناكات، كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر ئه‌كه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی كوڕ‌و كچه‌كانیان بۆ جێگیر ئه‌كه‌ن، جگه له‌مه په‌یوه‌ندی شهخسیو كۆمه‌ڵایه‌تی كه به‌شێكی گه‌وره‌یه له‌ده‌زگای عهشیرهتو خێڵ، له‌رێگه‌ی حزبه‌كانه‌وه چالاك ئهكرێتو دروستئهكرێت”.
رێشاوی ده‌شڵێت “جاری واهه‌یه په‌یوه‌ندی خوێن له‌نێوان عهشیرهتو حزبدا هه‌یه، بۆنمونه كوڕانی خێڵ كه ده‌بنه چه‌كداری حزبێكی دیاریكراو ئیدی ئه‌و حزبه بهخێڵهكهیانهوه ده‌به‌ستنه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌م كوڕانه شه‌هید ببن ئیدی په‌یوه‌ندی ئه‌و پارته سیاسیه‌و ئه‌و عه‌شیره‌ته‌ی خوێنی به‌م پارته به‌خشیوه ده‌بێته په‌یوه‌ندی مان‌و نهمانو په‌یوه‌ندیه‌كی هه‌تا هه‌تایی”.
ئێستاش كه بارودۆخێكی سیاسی ناجێگیر له‌هه‌رێمدا هه‌یه له‌گه‌ڵ شه‌ڕی داعش له‌سنوره‌كان، جارێكی تر ده‌سه‌ڵاتی عه‌شیره‌ته‌كان بره‌ویان سه‌ندووه‌ته‌وه، ئه‌و فیستیڤاڵ‌و بۆنه جیاوازانه‌ش كه رێكی ده‌خه‌ن ده‌رفه‌تێك ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ نمایشكردنی هێز.
یه‌كێك له‌به‌ناوبانگترین ئه‌و ڤیستیڤاڵانه‌ی به‌ڕێوه ده‌چێت ڤیستیڤاڵی عه‌شیره‌تی جافه، عه‌شیره‌تی جاف 52 تیرهنو دابه‌شبون به‌سه‌ر باشور‌و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا‌و له‌دێرینترین عه‌شیره‌ته كوردییه‌كانن، له‌نێوان ساڵانی 2002 هه‌تا 2014 ئه‌م عه‌شیره‌ته پێنج فیستیڤاڵی گه‌وره‌یان له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه.
حامید حاجی غالی به‌رپرسی مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان‌و به‌رپرسی شورای جافی عه‌شیره‌تی جاف سه‌باره‌ت بهخۆڕێكخستنهوهی عه‌شیره‌ته‌كان ووتی”بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی كلتور‌و پاراستنی، ساڵانه فیستڤاڵی ئێڵبه‌گی جاف سازده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ره‌تاوه حیزبه‌كه‌ی خۆم دژی سازكردنی ئه‌و فیستیڤاڵه بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترسیان له‌وه هه‌بوو جاف حیزب دروستبكات، به‌ڵام دوای سازكردنی فیستیڤاڵه‌كه بۆچونیان گۆڕا”.
حاجی غالی نایشارێته‌وه كه حیزبه‌كان له‌كاتی ده‌نگداندا سودیان لهعهشیرهتهكان بینیوه، به‌ڵام له‌ڕوی هێزه‌وه ناتوانرێت پشت به‌هێزی عه‌شیره‌ت ببه‌سترێت، چونكه به‌وته‌ی حامیدی حاجی هێزی عه‌شیره‌ت هێزێكی نارێكخراوهو ده‌شڵێت “ده‌مانه‌وێ ده‌ست به‌كه‌لتوری خۆمانه‌وه بگرین‌و هیچ كاتێك نابینه كه‌ره‌سته‌ی شه‌ڕو ناشمانه‌وێت لهفیستیڤاڵهكاندا هێز پیشان بده‌ین، ئێمه هه‌میشه هۆكاری ئاشته‌وایی بووین له‌ناو حیزبه‌كاندا نه‌ك شه‌ڕ”.
عه‌شیره‌تی جاف له‌فیستیڤاڵه ساڵانهكهیاندا كه‌ره‌سته‌و جلوبه‌رگی كۆنی كوردهواری نماشدهكهنو بهچهكو جلوبه‌رگی كوردی خۆیان ده‌ڕازێننه‌وه‌و خواردن دروست دهكهنو خێوه‌ت هه‌ڵده‌ده‌ن.
هه‌رچه‌نده عه‌شیره‌ته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دواییه‌یان ته‌نها “نیازی خێر”ی له‌پشته‌وه‌یه، به‌ڵام زۆركه‌س هه‌ن ئه‌م چالاكیانه به‌مه‌ترسی دهزاننو پێیان وایه زیندووكردنه‌وه‌ی نه‌ریتی عه‌شیره‌تگه‌ری ئه‌گه‌ر لایه‌نه باشه‌كه‌ی بۆ عه‌شیره‌ته‌كان كۆبوونه‌وه‌و یه‌كتر بینین بێت، ئه‌وا لایه‌نه خراپ‌و مه‌ترسییه‌كه‌ی له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی عه‌شیره‌ته‌كان ره‌نگه پێشێلكاریی یاسایی لێبكه‌وێته‌وه.
زۆرجار رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌بۆنه جیاوازه‌كاندا به‌یاننامه‌یان ده‌ركردووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ندین تاوانبار له‌ژێر سایه‌ی هه‌ندێ عه‌شیره‌تدا داڵدهدراونو زۆرێك له‌كێشه‌و تاوانه گه‌وره‌كان به‌پشتیوانی عه‌شیره‌ته‌كان له‌مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی حیزبه‌كاندا چاره‌سه‌ركراون، به‌تایبه‌تی ئه‌و تاوانانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ژن كوشتنه‌وه هه‌یه.
شۆخان ئه‌حمه‌د چالاكی كۆمه‌ڵی مهدهنیو یه‌كێك له‌و پارێزه‌رانه‌ی له‌زۆربه‌ی دۆسێكانی كوشتنی ژناندا هه‌بووه له‌هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه زۆرجار كێشه‌ی گه‌وره‌ی دادگاكان له‌لایه‌ن عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه كۆتایی پێهێنراوه‌و ده‌ڵێت “تائێستا له‌كۆمه‌ڵگای كوردیدا عه‌شیره‌ته‌كان ده‌ستیان هه‌یه له‌زۆر بابه‌تی بچوك‌و گه‌وره‌دا له‌وانه ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر بابه‌تی تهڵاقو كوشتن‌و ته‌نانه‌ت بڕیار ده‌ده‌ن له‌زۆر بابه‌تی بچوكیشدا هۆكاره‌كه‌ش سه‌روه‌ر نه‌بونی یاسا‌و باوهڕنهبونی هاولاَتیانه بهدادگاكان ئه‌میش ڕێگه خۆشكه‌ره بۆ زاڵبونی ده‌ستی عه‌شیره‌ته‌كان‌و ئه‌و دۆسیانه‌ی دادگا یه‌كلای ناكاته‌وه عه‌شیره‌ته‌كان یه‌كلای ده‌كه‌نه‌وه”.
شۆخان وتی “له‌چه‌ند مانگی ڕابردوو كارم له‌كه‌یسێكی كوشتندا كرد كه له‌ڕێگه‌ی دادگاوه یه‌كلا بكرێته‌وه به‌ڵام پێشئه‌وه‌ی دۆسیه‌كه ڕێره‌وی یاسای وه‌رگرێت به‌زیاتر له 200 هه‌زار دۆلار سوڵح كرا‌و دۆسێكه داخرا”.
عه‌شیره‌ته‌كان‌و ئه‌ندامانیان پێداگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی زیندووكردنه‌وه‌ی گیانی عه‌شیره‌تگه‌ری ده‌ستگرتنه به”كه‌لتوری ره‌سه‌ن”ی كوردهوارییهوهو نه‌ك هه‌ر مه‌ترسی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش پته‌و ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه نه‌یاری هه‌یه‌و زۆركه‌س پێیان وایه زیندوكردنه‌وه گیانی عه‌شیره‌تگه‌ری، سه‌ره‌نجام ژێرپێ كه‌وتنی یاسا‌و زاڵبوونی ده‌سته‌گه‌ری لێده‌كه‌وێته‌وه.
سەرچاوە : سایتی نیقاش