مرۆڤ به ویستی خۆی له‌دایك نابێ، به هەمان شێوه له خاكێكیش له‌دایك ده‌بێ كه خۆی هه‌ڵی نه‌بژاردووه، بەبێ ویستی خۆیشی دەکەوێتە نێو نەتەوە و میللەت و كولتوور و ئایینێکەوە و وابەستەیان دەبێت تا ئەو دەمەی ئاستی رۆشنبیری و هزریی دەگاتە ئاستێک کە بڕیار لە مانەوە لەنێویاندا یان دەرچوون لێیان دەدات. كاتێ گه‌وره ده‌بین و بیر دەکەینەوە و لە دەوروبەر رادەمێنین، ئیتر ره‌فتاره‌كانمان هه‌ڵبژارده‌ی خۆمانن، هەر لێرهوهشەوە به‌رپرسیارێتی ده‌ست پێ ده‌كات و ئەو هەستی بەرپرسیارێتییە كه‌سایەتیی سه‌ركه‌وتوو مرۆڤدۆست و ره‌فتار جوان و باڵا دروست دەکات.
نرخ و قورسایی به‌هاكان وا ده‌كەن مرۆڤ له‌ناو ئەو كۆمه‌ڵگەیه‌ی تێیدا ده‌ژی، ئه‌و ڕێچكه ته‌ندروسته بگرێت كه كۆمه‌ڵگە پێشکەوتووتر و جوانتر و ڕۆشنبیتر و پڕ زانست و مەعریفە ده‌كات.
نامه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ رابردوویه‌كی دوور، وه‌لێ پانزه ساڵی ڕابردوو وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ خوی‌دا بۆ باشووری كوردستان هێنا، هه‌ندێك شتی باش هاتنه دروستبوون و بنیاتنان، هاوزەمان شەپۆلی كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی نه‌رێنییش روویان لەم نیشتمانه کرد، کە بوونه ھۆی ئاڵۆزی و بارگرانی به به‌رۆكی به‌ها جوان و ره‌سه‌نه‌كانی كولتووری كوردییه‌وه.
ئه‌مه‌ش وای كرد سه‌نگ و به‌های ره‌وشت و ئاکارە جوانه‌كان جێگه‌یان لێژ بێت. ئه‌م دیارده نامۆ و ناته‌ندروستانه، کە دێن به‌بێ ویست و ئاره‌زووی ئێمه بەھا جوانەکان دەشارنەوە.
بوونی کادیرانی ئەکادیمی دەبێ بەهایەکی باڵا بە کۆمەڵگە بدات، ئهكادیمیستەکان (مەبەست مامۆستایانی زانکۆ و سەرپەرشتیارانی زانستیی کەرتی خویندنی باڵا و شارەزایان و توێژەرانی ئەکادیمی) له زۆر كۆمه‌ڵگەی جیهاندا پێگه و جێگە و سه‌نگی مه‌زنیان هه‌یه، نه مل كه‌چ ده‌كه‌ن بۆ هیچ به‌رپرس و رەوت و ئایدلۆژیایه‌ك كه له‌گه‌ڵ فه‌زای ئه‌كادیمی و ئاستی مەعریفیی ئه‌واندا یه‌ك نه‌گرێته‌وه، نه هه‌وڵیش ده‌ده‌ن نزیك ببنه‌وه له ده‌سه‌ڵات و کاراکتەرە بەرژەوەندخوازەکانی بۆ به‌دیهێنانی مه‌رامی خۆیان، گه‌ر نزیكیش ببنه‌وه له سیسته‌می ده‌سه‌ڵات به‌و باوه‌ڕه‌وه كار ده‌كه‌ن كه گۆرانكاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجام بده‌ن و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی به‌لاڕێدا رۆیشتون راستی بكه‌نه‌وه تا کۆمەڵگە لە رووی بەهای زانستی و مەعریفییەکانیەوە پێش بکەوێت.
ده‌مه‌وێ بڵێم له كوردستانی ئێمه‌ش کادیر و کەسایەتیی زۆر باشی ئه‌كادیمی هه‌ن و سه‌رقاڵن به ئەرک و ئیشوكاری ئه‌كادیمی و زانستیی خۆیانەوە، لەم رووەشەوە بێ گومان جێی حورمه‌ت و رێزن، بۆیه ڕووی قسه‌كانم له هه‌موو ئهكادیمیستەکانی نیشتمان نییه، باسیش لە ناشەرعیبوونی بڕوانامە باڵاکانی! بەشێک لەوانە ناکەم کە بە (تەزکیەی حزبی و قبووڵ خاس) کەرتی خوێندنی باڵایان رووبەڕووی گەورەترین و مەترسیدارترین گەندەڵی کردووەتەوە، وه‌لێ هه‌ندێك له كهسایەتییه ئه‌كادیمیه‌كان ئه‌بینین كه چۆن پێگه و قه‌ڵه‌م و یاسایان تێكه‌ڵ به به‌رژه‌وه‌ندییه تایبەتییە كه‌سییه‌كانیان كردووه و بەم رۆژگارە لەسەر خوانی ئه‌م و ئه‌و به‌شدار ده‌بن و ده‌بنه داشی دامه‌ی ده‌ستی هه‌ندێك به‌رپرسی (نائه‌كادیمی).
له‌كاتێكدا ئه‌م به ناو ئه‌كادیمییانه خۆیان به پێشه‌نگ و رێنشانده‌ری خه‌ڵكی دی ده‌زانن! ئه‌وه‌نده‌ی كه ئێمه فێر بووین به‌ها و پێگەی کەسایەتییە ئه‌كادیمییه‌كان زۆر دووره له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و بازبازێن و پەتپەتێن بۆ به‌رژه‌وه‌ندییە تایبه‌تییه‌كانی خۆیان، خۆ خزاندنه ژێر چه‌تری كوتله‌ی فڵان و فیسار بەرپرسی حزبی بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله و پایه و ناوبانگ.
سه‌یر له‌وه‌دایه به‌های ره‌سه‌نی ئه‌كادیمی، ئه‌م جۆره مهنتاڵیتییانەی قبووڵ نییه و به پێوه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌كادیمییه‌كانیش ئه‌م جۆره ئه‌كادیمیستانه نه‌ك هه‌ر کەسایەتیی ئه‌كادیمی نین لە رووە مەعنەوییەکەیەوە، به‌ڵكوو بارێكی گرانن به‌سه‌ر فه‌زای ئه‌كادیمیا و ئەو کەرتە هەستیار و کاریگەرەوە.
ئەو جۆرە لە (ئەکادیمییان!) خۆیان به بارانی ره‌حمه‌تی مەعریفە و زانستەکان دەزانن لە ڕووی ئهكادیمییەوە، کەچی جگه له هێنانی وشكه‌ساڵی و تۆراندن و تەرەکردنی خەڵک له دنیای ئه‌كادیمییه‌كان، هیچ خێروبیرێكی تریان نییه. مه‌خابن ده‌ستی هه‌رزه‌كار و خه‌ڵكی نائه‌كادیمی هێنده درێژ بووبێت كه بتوانێ ئه‌كادیمییه‌كانیش له‌ژێر ته‌پڵی خۆیدا كۆ بكاته‌وه و به ئاوازەکانی ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕن، وه‌ك ئه‌مریكییه‌كان یێژن: ئێستا سه‌رده‌می پاره‌یه، كه‌واته (پاره قسه ئه‌كات) ئیدی ئینتما بۆ ده‌وڵه‌تێكی ده‌مه‌زراوه‌یی و یاسا كه‌م ده‌بێته‌وه.
گه‌ر بڵێم هه‌موو رۆژێك له‌وانەیه بڵێن موباڵهغه ده‌كات، با بڵێم هه‌ر ڕۆژ نا رۆژێك ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و سۆسیال میدیا (تۆڕه كۆمه‌ڵایەتییه‌كان) پڕ ده‌بن له وێنه‌ی ئه‌كادیمییه‌كان كه پێشبڕكێیانه له‌سه‌ر به‌خشینی خه‌ڵات به به‌رپرسه نابه‌رپرسه‌كان، یاخود له رێوڕەسمەکانی زانکۆ و هه‌ر دهمهزراوهیهكی میری، به‌رپرسه‌كان له ریزی یه‌كه‌م و پاسه‌وانه‌كانیان له ڕیزی دووه‌م، ده‌ست و دائیرهكانیشیان له ڕیزی سێیه‌م و ده‌سته‌ی چواره‌میش (شكور بۆ خوا به باڵای ئه‌كادیمیه‌كان بڕاوه) سه‌یر نییه كه هه‌ندێك له ئه‌كادیمیه‌كان له‌م ئاسته نزمه‌دا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له ئه‌كادیمیه‌كان خۆیان به‌م راستییە ده‌زانن و باش هەستی پێ دەکەن، بەڵام خۆ له گێلی ده‌ده‌ن چونکە له‌به‌رامبه‌ر ئەم خۆ بە بچووک زانینەدا، پل و پۆست و ئمتیازیان ده‌درێتێ، دڵنیاشم كه ئیدی به‌ها به‌رز و جوانه‌كانی نێو پێگەی بەرزی ئه‌كادیمی، لای ئه‌م جۆره كه‌سانە هیچ شوێنێک شک نابەن.
وا باشتر بوو ئه‌كادیمییه‌كانی کوردستان، لەبری ئەم هەڵپەکردنە بەدوای پۆست و پلە و پایەدا، سه‌رقاڵ بن به دوو شتی گرنگه‌وه؛
یه‌كه‌م: گه‌شه‌پێدانی بواری زانستی و توێژینه‌وه‌ی قووڵ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانكۆكان و کێبەرکێ له‌گه‌ڵ زانكۆ پێشکەوتووەکانی دونیا.
دووەم: هەوڵدان بۆ نەهێشتن و بنبڕکردنی دیارده قێزه‌ونه‌كانی سه‌رده‌می ڕژێم بەعس كه له خوانی ره‌مه‌زان و ئاهه‌نگه‌كاندا له ده‌وری به‌رپرسه به‌رگ سه‌وزه‌كانی ئه‌و كاته كۆ ده‌بوونه‌وه و به‌یعه‌تیان به رفیقول قائد دەدا، خه‌م له‌وه‌دایه ئێستا ئه‌م ڕه‌فتاره قیزه‌ونانه له‌ناو به‌رپرسه نابهرپرپسهكان بۆته باو.
دواجار ده‌ڵێم: گه‌ر زانست و پێشكه‌وتنتان پێ وەدی نایەت، خۆ ده‌كرێت به‌م ناسناو و هه‌گبه ئه‌كادیمییه‌وه خۆتان بۆ فڵان و فیسار نه‌چه‌مێنن.