پرسێک هەر ساڵ لە هەشتی مارسدا دەکەوێتە خەیاڵم، ئەوەیە: ئایا ڕۆژی جیهانی ژن، مانایەکی بۆ ژنان هەیە، گەر هەیەتی ئەو مانایە دەبێ چی بێ؟ . ئاخۆ ئەم ڕۆژە بۆ بیربردنەوەی ژنە یان بە جیهانکردنی ئازار و ئەشکەنجەکانمانە؟. ژن لە مێژوی خۆیدا بوونەوەری بۆنەکانە. لە هەموو بۆنەیەکدا ژن ئامادەیە، سیفەتی ئامادەبوونیشی هەر دانیشتن و سەیرکردن بووە لە پەراوێزەوە. بۆنەکان شانۆن و ژنان لەسەری خۆیان نمایشدەدەن و نمایشیش دەدرێن، بۆیە بوونی بۆنەیەک بۆ ژنان وەک دوبارە دروست کردنەوەی هەمان ڕۆڵە کە بە درێژی مێژو بە ژنانەوە لکاوە. پرسیارەکە ئەوەیە کەی ژن لە جۆرە ئینسانێکەوە کە تەنیا لە بۆنەکاندا بانگهێشتیان بۆ دەکرێ، دەبێت بە هەڵگری وەزیفە و کارێک نەچێتە کۆنتێکستی موناسەباتەوە، واتە لە بۆنەوە کە دۆخێکی ناوەخت و کورتە وەک خاوەن ژیان گوتاری خۆی لە ڕو دەخات . لە پشت ئەم بۆنەیەوە وێنەیەکی موجەرەد بۆ ژن وەستاوە. ژن وەک شتێکی گشتی، گیاندارێکی بایلۆژی کە سەنگەری بەرامبەر گیاندارێکی بایلۆژی تر گرتوە کە پیاوە. شتێ لێرەدا شوێنی سڵەمینەوە و لێ بێزارییە، وەک یەک خستن و کۆکردنەوەی ژنی دنیایە لە نێو یەک پێناسدا، ژنی هەمو جیهان لە بەرامبەر پیاوی هەمو جیهان. ئەم جۆرە لە وێنە کێشان ، لە پشتەوەڕا حەقیقەتی ژن دەشارێتەوە. پرسیار ئەوەیە: ئاخۆ ئەم تەرز و جۆرە لە ژنی جیهانی بوونی هەیە. ژنێک لە مسەری دنیا تا ئەوسەری یەک شت بێت، کێشەیەکی یەکگرتوی بێت و یەک ناو و یەک جەژنی سەراسەر جیهانی، زمانی هەمویان یەک بخا؟. ڕۆژی جیهانی ژن، رەمزاندنی وێنەیەکی گشتی ژنە، بۆنەیەکە بۆ ژنێکی (دنیابگیر ـ یونفەرسال) کە تایبەتمەندی هیچ ژنێک وەک خۆی دەرناخا. ئەم جۆرە بۆنەیە کێشەی ژن لە هەمو کونتێکستێکی کۆمەڵایەتی دەکاتەدەر و وەک کەسێک ئەیخاتە ڕو هەڵگری نەفرەتێکی گەردونی بێ. ئەم بۆنەیە بەجۆرێک ژن بوونمان دەخاتە بیر، وەک هەمو ژنی سەر زەوی تا ئێستا لە ژێر نەفرەتی جورمێکدا بژین کە دایکی گەورەیان حەوا بەر لە مێژو کردوێتی. رۆژێکی جیهانی بۆ ژن بە رێگایەک لە رێگاکان ئەوە ئەسەلمێنێت کە تاوان و سزایەکی جیهانیش لەسەر ژن هەیە، ئەم ڕۆژە نیشانەی لێ بوردنێکی جیهانیە لە خەتایەکی پێش مێژو، کە ڕەگەزی مێی لە ئێستادا پێ مۆر کراوە و پێویستی بە میهرەبانی هەمو پیاوانی ئەستێرەکە هەیە. ئەم جۆرە قسە لە ڕۆژێکی جیهانی، لە پێش فەرزێکەوە دەڕوانێ کە خەتایەک لەگەڵ لێبوردنێکی یونفەرسال بوونیان هەیە. لە یەکەم سەرنجدا وا دیارە ئەم گیانی جیهانی بونە، لە بەر و بومی ئەو گیانە ئەنتەرناشیونالستەی بزوتنەوە چەپەکان بێت کە قسەیان لە یەکێتی پرۆلیتاریای جیهانی، یان یەکێتی چەوساوەکانی دنیا دەکرد. بەڵام لە راستیدا بۆ ژن شتەکان جۆرێکی ترن، ڕۆژێکی جیهانی، مانای گێڕانەوەی ژن بۆ وێنە ئاینیەکە، کە ژن وەک هەڵگری خەتایەکی ئەسڵی تەماشادەکات، لێرەدا لە بری خەتایەکی یونفەرسال لێبوردنێکی سکولاریزمانەی یونفەرسال جێگای دەگرێت و شوێنی پێ لێژ دەکات. بەرامبەر ئەم جۆرە سەیرکردنە، تێزی پێچەوانە ئەوەیە ئەم ڕوانینە جیهانیە بۆ ژن، ئێمە لە دیوە بایلۆژیە هاوبەشەکەماندا کورت دەکاتەوە و دیوەکانی تری ژن بوون کە دیوە راستەقینەکەی ئینسان بوونمانە دەخاتە پشتی گوێ. کێشەی ژن، هەمە ڕەنگە، بەڵام بۆنەیەکی جیهانی بۆ ژن، هەمو ژنی دنیا یەکسان دەکاتەوە بەیەک، ئەو بارودۆخە دەشارێتەوە کە ژنان لە شوێنە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکاندا، کێشەی جیاوازیان هەیە، لە نەتەوە جیاوازەکاندا کێشەی جیاوازیان هەیە، ژنانی خۆرئاوا و خۆرهەڵات و جێکانی تری دنیا ناکرێن بە یەک و ناخرێنە ژێر یەک ناوی گشتیەوە کە ژنە. کێشەی ژن لە وڵاتانی وەک ئێران و عەرەبستانی سەعودی وەک کێشەی ژن نیە لە جێگای وەک سوئد و نوروژ. ئەو ژنانەی لە بانکەکانی ئەمریکا کاربەدەست و بڕیاردەرن، خۆ ناچنە ریزی ژنانێک لە کارخانەکانی مافوردا لە ئێران زەحمەت دەکێشن. ژنانی سەر بە نەتەوەکانی ژێردەستی وەک کورد ناچنە ریزی ژنانی نەتەوە سەردەستەکانی وەک تورک یان فارس، کە زەحمەت و زەختی کۆمەڵایەتی لە سەریان کەمترە. ژنانێک کە سەر بە چینەکانی دەست کورت و ژێردەستەن، وەک ژنانێک نین لە کۆشکی ڕازاوەدا دەژین و دوا شێوەی خۆشگوزەرانی لە بن دەستیانە. ڕۆژێکی جیهانی هەموو ئەم جیاوازیانە دەسڕێتەوە، لەگەڵ سڕینەوەی ئەو جیاوازیانەشدا، کێشەی ژن لە کێشەیەکی ڕاستەقینەوە دەبێت بە شتێکی عمومی، بە ڕەمزی شتێک مورادیفی خۆی لە دنیای راستی دا نادۆزێتەوە. کێشەی ژن ئاماژە نیە بۆ نەفرەتێکی سروشتی کە بەسەر ڕەگەزی ژندا هاتوە، بەڵکو کێشەیەکە وابەستەی زۆر کێشەی شارستانی و چینایەتی و نەتەوایەتی ترە کە وادەکەن کێشەی ژن عمومیەتێکی جیهانی نەبێت. ئەم بۆنەیە ژن کورت دەکاتەوە بۆ یەک ژن، ئەم کورت کردنەوەیەش ژن لە ژینگەی خۆی دەردێنێ و ئەیبەستێتەوە بە دەستەیەکی جیهانی خەیاڵییەوە کە بونی نیە. ژن وەک کۆبونەوە و گردبونەوەیەکی جیهانی بوونی نیە، بۆیە هەشتی مارس جۆرە هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی ژنی راستەقینە و دانانی ژنێکی ڕەمزی لە شوێنی. هەوڵێکە لە بری ئەوەی دۆخی ژن بگۆڕێت، ژن لە بیردەباتەوە.