وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، ناوی هەرێمی کوردستانی خستووتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی کە تێدا مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی تێدا پێشێلکراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەو پیشێلکاریانە کردووە کە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆوە لە هەرێمی کوردستان کراون و دەڵێت حکومەتی هەرێم هەڵوێستی فەرمی لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەوە نەبووە.
هەروەها ئاماژەی بە دۆخی مافی مرۆڤ لە زیندانییەکانی هەرێمدا کردووە و باسی لەوەکردووە، کە پێویستە بینای نوێ بۆ زیندانیان دروستبکرێت و یاسای نوێ هەبێت بۆ پاراستنی مافی زیندانیکراوان و زیندانیەکانیش ڕێکبخرێن و ئەوانەی بە تۆمەتی جیاواز زیندانیکراون لەیەکجیابکرێنەوە.
هاوکات لەبارەی دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەریش لە ساڵی ڕابردوو لە هەرێم، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕێگریکردنیان کردووە لە بەشداریکردن لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنوسییەکان.
لەنێو ئەو پێشێلکاریانەى کە ساڵى ڕابردوو لەهەرێم بەرامبەر بە ئازادى ڕۆژنامەنووسى کراون، ڕاپۆرتەکە بەشێکی تەرخانکردووە لەسەر ئەو پێشێلکارییانەى بەرامبەر ئێن ئاڕ تى کراون بە جۆرێک دەستگرتن بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەنووسیەکانی ئێن ئاڕ تی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە نموونەیەکی دیکەی ئەو پێشێلکاریانە ناوبردووە.
لەبەشێکی دیکەدا ڕاپۆرتەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە بەشەکانی دیکەی عێراق کردووە و ڕایگەیاندووە، لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و لەنێویشیاندا حەشدی شەعبی لەناوچە جێناکۆکەکان پێشێلکاری بەرامبەر هاوڵاتیانکردووە کە ئەشکەنجەدا و دەستگیرکردنی هەڕەمەک و ئاواربوون لە نموونەی پیشێلکارییەکانن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، کە بە درێژایی ساڵی ڕابردوو توندوتیژی نەژادی و تائیفی لە پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا بەردەوامبووە و هێزەکانی سەر بە حکومەتیش ڕێگرییەکی ئەوتۆیان لەو بارەیەوە نەکردووە.