سزای لهسێدارهدان ئەو سزایەی تا ئێستاش لە ٥٣ وڵاتی جیهاندا جێبەجێدەکرێت و لە سەدا ٦٠ی دانیشتووانى جیهان لەو وڵاتانەدا دەژین کە سزاى لەسێدارەدانیان تێدا جێبەجێدەکرێت و عێراقیش لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدایە کە سزاکەی تیادا جێبەجێدەکرێت.
کۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراق ڕایگەیاند، لە ١٤ ساڵى ڕابردوودا شەش هەزار و ٢١٥ کەس بە تاوانى تیرۆر لە سێدارەدراون و ١٣ هەزار و ٢٠٠ تۆمەتبارى تریش فەرمانى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
عەلى بەیاتى ئەندامى ئەنجومەنى کۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراق ڕایگەیاند، لە تۆمەتبارەکاندا هەزار و ٣٠٠ کەسیان ژنن و ٩٩٢ تۆمەتبارى تریش بیانین.
ئاماژەى بەوەش کردووە، تۆمەتبارانى تەمەن خوار ١٨ ساڵ ٥٦ کچ و ٤٢٢ کوڕن.باسی لەوەش کردووە، ٣١ هەزار و ٣٤٠ کەس لە زیندانەکانى چاکسازى عێراق زیندانى کراون.
ساڵانە ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤیش لەڕووى جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدانەوە لە ڕاپۆرتەکانیاندا عێراق بە وڵاتێکى مەترسیدار دادەنێن.
هاوکات بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٧دا ١٢٥ کەس لەسێدارەدراون و لە ئەمساڵیشدا تا ئێستا ٢٥ کەس لە عێراق لەسێدارەدراون.بەپێى ڕێزبەندى ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لە جیهاندا، هەریەک لە چین و ئێران و عێراق و سعودیە و پاکستان زۆرترین سزاى لەسێدارەدانیان تێدا ئەنجامدەدرێت و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕێژەی لە سەدا ٨٧ى لەسێدارەدانەکانی جیهان لە چین و ئێران و سعودیە و عێراق جێبەجێدەکرێن.
لە یاسای سزادانی عێراقیدا نزیكەی ٥٠ ماددە هەن حوكمی لەسێدارەدان بەسەر تاوانباراندا دەسەپێنن بەپێی یاساکە هەرکەسێک تەمەنی ٧٠ ساڵی تێپەڕاند نابێت لەسێدارەبدرێت.بەپێی ماددەی ٧١ی دەستوری عێراقیش، لە دەسەڵاتەكانی سەرۆک كۆماردایە ئیمزا لەسەر حوكمەكانی لەسێدارەدان بكات كە دادگاكان دەریدەكەن.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لە نێویاندا هەردوو ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرن سەبارەت بە سزاکانی لەسێدارەدان.بەپێى ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا دوو هەزار و ٥٣ کەس سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردووشدا تا ئێستا تەنها دوو حاڵەتی سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە.