ئیسلامی سیاسی کە پێکهاتووە لە چەندەها گروپ ودەستەو تاقم و حکومەتە جیاوازەکان بە گشتی بزوتنەوەیەکی سیاسی بۆرژوازی کۆنەپەرستانە و دڕندانەی ناوچەکە و جیهانە کە ئاینی ئیسلام و دەقە دینییە کۆنەپەرست و دژە مرۆییەکانی کردۆتە پەرچەمی ئایدیۆلۆژی خۆیی. لە ڕوی سیاسیشەوە لەسەر ستەمی مێژویی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا و زوڵم و زۆر و تیرۆریزمێکی فەرمی و دەوڵەتی کە لە بەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا ئەنجامدەدرێت، هەروەها قڵشتێکی ئابوری و کەلتوری و فەرهەنگی گەورەی نێوان ڕۆژئاوا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و شکستی ناسیونالیزمی بەدەسەڵات گەیشتوو لەناوچەکەدا لە پەیوەستکردن و هەڵپێکانی سەرمایەی ناوخۆیی ئەم وڵاتانە لەگەڵ سەرمایەی جیهانی و ڕۆژئاوادا و ڕاکێشانی سەرمایەی رۆژئاوا بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە ناوچەکدا و ئەنجامدان و تەواوکردنی پرۆسەی بە مەدەنی کردن و لیبرالیزەکردنی ئەم کۆمەڵگایانە بەهۆی ناجێگیری سیاسی لە ناوچەکەدا و بێزاری خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسڕائیل و وڵاتە رۆژئاواییە هاوپەیمانەکانی سەرمایەگوزاری سیاسی دەکات وهەژمونی کۆمەڵایەتی پەرەپێدەدات.
بەڵام کاتێک ڕەوتی ئیسلامی سیاسی وەک بزوتنەوەیەکی تاوانکارانە دەرفەتی ئەوە پەیدا دەکات کە ئەم ناڕەزایەتییە بقۆزێتەوە و بیکاتە سەرمایەی دەستی خۆی و لە پەراوێزی ئەم کۆمەڵگایانەوە پێبنێتە ناوجەرگەی ململانێ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لەم ئاستە فراوانەدا، ئەمە خۆی بەرهەمی خودی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە. ئەم درندەیە خۆیان دروستیان کردو بە کۆمەکە ئابوری و دارایی و سەربازیەکانی خۆیان و سعودییە بەهیزیان کردو بەریان دایە گیانی خەڵکی ناوچەکە و ئەمڕۆش خەڵکی سەراسەری جیهان و تەنانەت خەڵکی وڵاتەکانی خۆشیان. ئیسلامی سیاسی ئامڕازی دەستی رۆژئاوا بوو لە جەنگی ساردا لە دژی سۆڤییەت و ئامڕازی تێکشکاندنی بزوتنەوە و شۆڕشە چەپ و کرێکارییەکان بوو لە هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا. ئەمە ئامڕازێک بوو کە دوای بنبەستی حکومەتە ناسیونالیستیەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرگرتن بە بەهێزبونی بزوتنەوەی چەپ هێنایانە مەیدان و ئێستاش هیچ کات مەبەستیان لەناوبردن و بنبڕکردنی نەبووە و نییە، بەڵکو تا ئەو ئاستە کێشەیان لە گەڵی هەیە کەخەریکە سنورێک کە بۆیان دیاریکردوە دەبەزینێت و بەرژەوەندیە سیاسی وئابورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە.
ئیسلامی سیاسی وەک پێویستیەک و ئامڕازێکی دروستکراوی وڵاتانی رۆژئاوا لە ماوەی جەنگی ساردا، لە دوای هەرەسی بلۆکی ڕۆژهەڵاتەوە لە سەرەتای دەیەی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردودا، وەکو بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانەی بۆرژوازی خوازیاری دەسەڵات و بەشی زیاتر بووە لە جیهانی سەرمایەداریدا. بەتایبەتیش لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و لە مەڵبەندە ئیسلامییەکانی خودی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا. ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و گروپ و دەستەو تاقم و حکومەتەکانی لە پێناو مانەوە و پاراستنی جێوشوێنی ڕوولەنشیوی خۆیان و سەرەئەنجام بۆ قایمکردنی شوێنپێی خۆیان لە پەیکەرەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و ململانێکانیدا بە دڕندانەترین شێوە لە هەوڵدایە.
تیرۆریزم وسەرکوت ودڕندەیی کوێرانە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ستراتیژی ئیسلامی سیاسیی و گروپە تیرۆریستیەکانیەتی بەوانەوە کە لە دەسەڵاتدان و بەوانەشەوە کە هێشتا نەگەیشتونەتە دەسەڵات. تیرۆریزم ئامڕازی سەرەکی ئەم ڕەوتە ئیسلامیەیە بۆ قوڵکردنەوەی قەڵشتە میللی و نەتەوەیی و دینی و مەزهەبییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها بۆ زیندوهێشتنەوەی ئەم کێشمەکێشمە وەکو سەرمایەیەکی سیاسی و سەرچاوەی هێزگرتنی خۆی چاوی لێدەکات.
بەڵام پەرەگرتن وبڵاوبونەوەی زیاتر و دڕندەتربونی تیرۆریزمی ئیسلامی لە ناوچەکە وجیهاندا هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ هێرش و داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکا و ولاتانی رۆژئاوا و پەرەگرتنی میلیتاریزمی ئەمریکا، پاشان هێرش بۆسەر عێراق و وجودی ڕاستەوخۆی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان و پەرەگرتنی دەسەڵات و شەر وململانێی تایفی و دینی ومەزهەبی و قەومی و سینارێۆیەکی ڕەش لە عێراق و سەرئەنجام شکستی سیاسی و ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هەرچی زیاتر تیرۆریزمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا پەرە پێدا و دەیەها گروپ و دەستەو تاقمی تری تیرۆریستی ئیسلامی سەریان دەرهێنا و ئەم هەلومەرجە سیاسی و کاولکارییەی عێراق و ناچەکە بوو بە ژینگەیەکی باش بۆ گەشەکردنی ئەم تیرۆریزمە کوێر و تاوانکارانەیە.
گروپی تیرۆریستی داعشیش یاخود بە ناو دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ئاکامی هەمان ڕەوەند و هەلومەرجی سیاسی و سەربازیە و دریژکراوە و پێکهاتەی ئەو گروپ و ڕیکخراو و دەستەو تاقمە تیرۆریستانەیە کە سەر بەهەمان ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و هەمان ستراتیژییەت و کارنامەی ڕەشی سیاسین لەناو دنیای پڕ ململانێ و پڕ لە قەیران وبنەبستی سیاسی و ئابوری سیستمی سەرمایەداری ئەمڕۆدا وەک بەشێک لەو سیستمە.
داعش ڕاستەوخۆ لە ئاکامی شکستی شۆرشی جەماوەری ئازادیخوازی سوریا دژ بە ڕژێمە دیکتاتۆریەکەی سوریا و هەروەها بنەست و شکستی هەوڵ و هەنگاوە سیاسی و سەربازیەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکە لە دروستکردنی ئۆپۆزیسێۆنیکی دڵخوازی خۆیان و یەکگرتوو بۆ ڕوخاندن وجێگرتنەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد و ململانێی جیهانی جەمسەرەکانی سەرمایەداری لە ناوچەکەدا و هەروەها ململانێی ناو خودی گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لەسەر دەسەڵات و پاوانخوازی لەبەرامبەر یەکتردا، دروستبوو. درێژەکێشانی شەڕی نێوان هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمەکەی ئەسەد و گروپ و هێزە ئۆپۆزیسێۆن و ئیسلامییەکان و کاولکردنی شارو شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە و کوژران و ئاوارەبونی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی شارەکانی سوریا و دەستێوەردانی دەوڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەرچی زیاتر ئاسۆی ژیانی خەڵکی لەم وڵاتەدا تاریکتر کرد. لە ناو ئەم هەلومەرج و زەلکاوە سیاسی وجەنگییەدا بوو کە داعش بە ئاڵای ڕەشی خەلافەتی ئیسلامییەوە لە ساڵی ٢٠١٣ دا خۆی ڕاگەیاند و بەمەبەستی تۆقاندنی خەڵک دەستیدایە ئەنجامدانی تاوانی گەورە وقێزەون و بەکارهێنان و داهێنانی دڕندەترین شێوازی تیرۆر هەر لەملپەڕاندن و سوتاندن و دەستبڕین لەبەرامبەر خەڵکی ئاسایی و ژنان و نەیارانی خۆی و ئەوانەی وەک خۆی بیرناکەنەوە وهەڵسوکەوت ناکەن. بەمەش لەماوەیەکی کەمدا بە کۆمەکی هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە لە نمونەی تورکیا و عەرەبستانی سعودی دەستی گرت بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوان لە سوریا و شاری ڕەقەی کردە پایتەخت. پاشان بەرەو عێراق کە مۆڵگەی گەشەکردن و بڵاوبونەوەی پێشتریان بوو کشا و شاری موسڵ و چەند شار وشارۆچکەی تری خستە ژیر ڕکیفی خۆیەوە پاشان بەمەبەستی پاراستنی شوینپێی خۆی لەوناوچانەدا شەڕی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیشدا دەستپێکرد. لە ناوچەکانی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی ئەم گروپە تیرۆریستیەی ئیسلامی سیاسی سەدەها تاوان و تیرۆری کوێرانە و بێنمونەی لە درندەیدا ئەنجامداوە بە جۆرێک کە گروپیکی درندە وتیرۆریستی وەک قاعدە نکۆڵیان لێبکات و هیچ لایەن و حکومەتێکیش تەنانەت ئەوانەشی کە کۆمەکی دەکەن نەتوانن لایەنگری لێبکەن. کوشتن و قەتڵ وعامی بە کۆمەڵی یەزیدیەکان بە تاڵانبردنی ژنان و کچانی یەزیدی و فرۆشتنیان وەک کۆیلەی سێکس، سەربرینی رۆژنامەنوسان، سوتاندنی دیللەکان و نەیارانی خۆیان، تەقاندنەوەی شوێنەوارە کۆنەکان، نەهێشتنی هیچ سیمایەکی مەدەنی و خۆشی خەڵک و کوشتن و بەردەبارانکردنی ژنان و سەدەها نمونەی تر کە ئەمانە مشتێکن لە دەریایەک تاوان و تیرۆری پڕ لە درندەیی ئەم گروپە دژی مرۆڤایەتییە. ئەم کارنامە ڕەشەی ئیسلامی سیاسی و ئەم گروپە تیرۆریستییەی بووە مایەی بیزاری و رق و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەشدا دژ بەم گروپە و ئیسلامی سیاسی بە گشتی. ئەم ڕەوتە دژی ئینسانییە لە ئاستێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتیدا کەوتۆتە بەر نەفرەتی خەڵک و هەوڵدان بۆ کۆتایهێنان بەم مافیایە بە شێوازی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە بەرگری جەماوەری خەڵک لە کۆبانێ و سەرکەوتنیان بەسەر ئەم هێزە رەشەدا و پاشەکشەپێکردنی لەوناوچانە و زۆر ناوچەی تر سەرەتای پێچانەوە و کۆتایهێنان بەدەسەڵات و تیرۆریزمی ئەم گروپە دڕندەیەی ئیسلامی سیاسییە.