لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا کاتێک “رۆشنبیر” ستایشی “ئەشکەنجەدان” دەکات!

کاتێک “رۆشنبیر” ستایشی “ئەشکەنجەدان” دەکات!

0 تێبینییەکان 27 بینینەکان
سەردار محەمەد:
کاتێک “رۆشنبیر” ستایشی “ئەشکەنجەدان” دەکات!
لەوە گەڕێن کە ئاستی قسەکردن‌و گفتوگۆ لەسۆشیال میدیای کوردیدا بەئەندازەیەک دابەزیوە هەندێکجار وەک کورد دەڵێت “سەگ بۆنی پێوە ناکات”، “جنێودان” جێگەی بە”رەخنە” لێژ کردووەو مشتومڕە سیاسییەکانیش بێ ئەندازە ناشیرین‌و کوالێتی نزمن.
ئێستا مەترسییە راستەقینەکە ئەوەیە کە بۆ بێ بەها کردنی هەر رووداوێکی هەژێنەری وەک “خەساندنی گەنجێک بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە”، پاساوی حازربەدەست ئامادەیەو شەرعیەت‌و رەوایی پێدەدات، لەبەرئەوەی گوایە “حەمەڕەش خۆی پێشتر شەقوەشێن بووەو با بۆ خۆی بیخوا دەردی بێت”! 

ئێستا گەیشتووین بەخاڵێک کە هەر کەسێ رەخنەیەک ئاڕاستەی “یەکێتی” بکات، رەخنەکەشی چەند رەواو لەسەر هەقیش بێت، یەکسەر تۆمەتی ئەوەی دەخەنە پاڵ کە “پارتی ئالیکی بۆ هەڵڕشتووە”!

پێچەوانەکەشی هەروایە، هەر رەخنەیەک لە”پارتی” بگری، ئەوا تۆ دەخرێیتە بەرەی “جاش سیغە”وە! 

ئەمە نەک هەر بێ بەهاکردنی رەخنەو هەقبێژییە، بەڵکو کوشتنی ویژدانی کۆمەڵگەشە، تا لەسەر هیچ پرسێک قسەی راشکاوو بوێریی نەبێت.‌ 

ئیتر لێرەوە سنوورەکانی نێوان چاکەو خراپە تەواو کاڵ دەبنەوەو لەڕووی ئەخلاقییەوە ئێمە بەخراپترین قۆناغی مێژوویی خۆماندا تێدەپەڕین کە پاساو بۆ هەموو جۆرەکانی گەندەڵی‌و ناداپەروەریی‌و چەتەگەریی‌و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەهێنرێتەوەو هەموو ئەمانەش دەڕژێنە خانەی خزمەتکردن بەدەسەڵاتی پارتی‌و یەکێتییەوە.

ئەمە جۆرێکە لەبڵاوکردنەوەی پەتای “گەمژەیی” لەناو خەڵکدا، کە بەردەوام دەسەڵاتە خۆسەپێن‌و پاوەنخوازەکان بۆ پاراستنی خۆیان بەکاریدەهێنن‌و هەمیشە “زۆرینە”ش دروست دەکات!

داڕمانی بەها ئەخلاقییەکان‌، تەشەنەسەندنی نایەکسانی‌و نادادپەروەریی‌، سنووردارکردنەوەی ئازادییەکان، ساڵانێکە مرۆڤی کوردییان تەواو تەواو “نەخۆش” خستووە. 

ئەگەر نا، کەس هەیە گومان لەوە بکات کە فەلاقەخانەو ئەشکەنجەدان، تاوان‌و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە؟

هیچ عەقڵێکی ساغ هەیە گومان لەوە بکات کە “ئەشکەنجەدان”، لەلایەن “چەکدارەکانی” لاهور یاخود پافل‌و مەسرورەوە ئەنجامدرابێت یان بدرێت، هەر ئەشکەنجەدانەو ناکرێت لەڕووی ئەخلاقییەوە بۆ ئەمیان ڕەواو ئاسایی بێت‌و بۆ ئەویان ناڕەوا؟! 

“پاسەوانیی‌و بوون بەسێبەری فەرماندەو دەسەڵاتدارێک” بابەتێکەو “ئەشکەنجەدان” بابەتێکی دیکە، پێویست ناکات ئەویان بکرێت بەپاساو بۆ ئەمیان‌و شەرعیەت بە”ئەشکەنجەدان” بدرێت!

دەسەڵاتدارانی کورد (چ پارتی‌و چ یەکێتی، چ لەشاخ‌ و چ لەشار) مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لەئەشکەنجەدان‌و لەزیندانی بەدناوی نامرۆڤانەو ئەمەش دۆخێکی نوێ نییە.

کێش دەسەڵاتدار بێت‌، مافی ئەوەی هەیە هەمان ئەزمون دووبارە بکاتەوە، لەبەرئەوەی “هێزە ئەمنی‌و چەکدارییەکانی کوردستان – هەڵگری هەر ناوێک بن”، نەک هەر بەشێوەیەکی پیشەیی‌و نیشتیمانی‌‌و لەچوارچێوەی یاسادا کار ناکەن، بەڵکو وەک موڵکی کەسی‌و کاروباری خێزانیی “سەرکردەو سەرۆک” مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. 

لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەشدا کە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆو میدیای ئازادی بەهێزو دامەزراوەی راستەقینەی یاسا‌یی‌و لێپێچینەوەی تیا پەیڕەو نەکرا، ئیتر دەسەڵات دەبێت بەماشێنێکی گەورەی پارە کۆکردنەوەو تۆقاندن‌و خەساندن‌و کپکردنی دەنگی نەیارەکانی “سەرۆک”.
ئەم جۆرە دەسەڵاتانە، بەردەوام نەک هەر بیانوو بۆ کارە ناڕەواکانیان دەهێننەوەو چێژ لەئەشکەنجەدان‌و مل شکاندنی دوژمنە سیاسییەکانیان دەبینن، بەڵکو زۆرجار ئاشکرابوونی چیرۆکی ئەشکەنجەدانی هاوشێوەی “حەمە رەش”، بۆ چاندنی ترس لەناو کۆمەڵگەشدا دەقۆزنەوە. 
بەڵام دەزانی کارەساتی ڕاستەقینە چییە؟

کاتی خۆی یەکێك لەپیاوکوژو شەقوەشێنەکانی “کانی ماسی”، ئەو باندەی کە لەئەتک کردنی نەیارە سیاسییەکانیاندا داهێنەر بوون، وتویەتی “کوشتن‌و ئەشکەنجەدان خراپترین تاوانە، بەڵام گرنگ دۆزینەوەی ڕێگایەکە (بۆ ئەوەی هەست بەتاوانباریی نەکەیت)، گرنگترین رێگەش بۆ ئەنجامدانی، (دۆزینەوەی بیانوویەکی باشە)”.

ئای چ کارەسات‌و بێ ویژدانییەکە، ئێستا هەمان رستەی بکوژەکانی کانی ماسی کە هیچ گومانێکیان لەئەخلاق‌و لەڕاست‌و دروستی تاوانەکانیان نەبوو، لەزاری ئەو کەسانەوە ببیستیت بەخۆیان دەڵێن “رۆشنبیر”و ستایشی “ئەشکەنجەدان” دەکەن‌.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە