((گەر خوایەک هەبێت، ئەوا بە دڵنیایەوە مێشکی بە هەڵە دروستکردووە))! ئەمە قسەی دەرونناسێکی ئەمریکییە،
بەڵام لێم مەگرن گەر ناوەکەیم بیرچوبيتەوە، گرنگ ئەوەیە کە بزانین بۆ وای وتووە. بە ڕای ئەو زانایە مێشک لە دوو بەش پێکهاتووە کە بریتین لە نەست و هەست. هەست کە بە بەشە بەئاگاکەی مرۆڤ دادەنرێت، بەشێکی بچوک لە مێشکی مرۆڤ پێکدێنێت، هەرچی نەستیشە کە بە نائاگایی مرۆڤ ناسراوە، پێکهێنەری بەشە گەورەکەیەتی. نەست بۆ خۆی، سەرچاوەی ئەزمون و زمان و کۆدە بونیادییەکانی پەیوەندی مرۆڤە بە ژیان و ئەوانی ترەوە، پاڵنەری سەرەکی کار و کردەوەکانیەتی و ئەو بەشە پێکدێنێت کە بە ماتریسی ئەقڵی مرۆڤ، ناسراوە.
منیش بۆیە ئەمە باسدەکەم تا ئەزمونێکی خۆم وەک دانپێدانان تۆماربکەم کە بێئاگایانە گوزارشتە لە باڵادەستی کۆدە بونیادییەکانی کەلتورەکەم بەسەرمەوە: مەبەستم لە هەژمونی کەلتوری شەرەفە کە بە هەڵەیدا بردم و لە کاتی خۆیدا وام هەستدەکرد جەوهەری هەموو ڕاستیەکانە، بەڵام پاشتر، دوای ئەوەی خودئاگایانە دەرکم بەو کۆدە کرد و لە نەستی خۆمدا شکاندم، ئەوسا زانیم کە چەند داماو و بێ ئاگام بووم لە حاڵی خۆم وەک ژنێک.
سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢ کە تازە گەیشتبوومە سوید، مەسەلەی شەهیدکردنی فادیمە لەلایەن خێزانەکەیەوە، زۆر هەنوکەیی بوو، لە هەموو شوینێکیشدا باسی لێوەدەکرا. ئەو کاتە کە تازە خەریکی خوێندنی زمانی سویدی بووم هێندە سویدییەکی باشم نەدەزانی نە بۆ قسەکردن وەنە بۆ تێگەیشتنیش، بەڵام لەبەرئەوەی ئینگلیزییەکەی باشم دەزانی، هیچ کێشەی کۆمۆنیکاسیۆنم نەبوو. دیارە خەڵكی سویدیش لەوەدا بەڕێزن کە بە ئینگلیزی وەڵامت دەدەنەوە زۆرینەشیان بە باشی ئینگلیزی دەزانن.
مامۆستای زمانی سویدییەکەم کە پیاوێکی رۆح شیرین و بەڕێز بوو، باسی فادیمەی بۆ کردین. دیارە زۆربەی خوێندکارەکان کە لە شوێنی جیاوازەوە هاتبوون، خەمی خۆیان بەرامبەر بەو مەسەلەیە دەربڕی. هەرچەندە من درۆم لە هاوخەمی و هەستدەربڕینیاندا دەبینی، بەڵام ئاساییە کە پەنابەرێک یەکسەر خۆی بە دیوە جوان و بریقەدارەکانی ئەوروپادا هەڵبواسێت، بە بێ ئەوەی لە ڕاستیدا باوەڕی پێ بێت، من نەبێت کە وەک ژنێکی کورد هەستم دەکرد نابێت باسی کەلتورەکەم بە ناشرینی بکرێت. ئەوە بوو کەوتمە قسەکردن و بەرگریکردن لە خێزانی فادیمە، بە هەموو ئەقلێکمەوە (کە دیارە ئەقڵم یان باشتر بلێم نەستم هێندی نەستی پیاوێک بوو نیو هێندە نەستی من نەبوو وەک شارای ژن) دەمووت فادیمە هەڵەی بەرامبەر بە خێزانەکەی کردووە، چۆن دەبێت کچێکی کورد باوک و برای خۆت بشکێنێت؟! ووتم فادیمە هیچ فرسەتێکی بۆ خێزانەکەی نەهێشتۆتەوە…. زۆر قسەی تری بێمانایش کە شەرم ناکەم باسی بکەم، نەک لە بەر ئەوەی قسەی زۆر جوان و ڕاستبوون، بەڵکو لەبەرئەوەی دەست بخەمە سەر ئەو کۆدە سایکۆ/کۆمەڵایەتیانەی کە لە نەستی مرۆڤی کوردایە بە ژن و پیاوەوە. بەکورتی مەبەستمە کە بڵێم: بیروڕای ژن سەبارەت بە کەلتوری شەرەف و ژنکوشتن زۆر لە هی پیاو باشتر، نییە.
من کە هاتمە سوید کچێکی نەخوێندەوار نەبووم، خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووم لە زمانی ئنگلیزیدا، لە ڕووی ئەزمونیشەوە وەک کچێک، بێبەش نەبووم لە چەپۆک و دەرهاویشتەکانی ئەو کەلتورە. بەڵام سەیر ئەوە بوو نە خویندنی کۆلیژی ئاداب / ئینگلیزی (بەو هەموو ئەدەبە دەوڵەمەندەوە کە هەیەتی)، نە ئەزمونەکانی خۆیشم نەیانتوانی بوو تا ئەو کاتە، لەو نەستە پیاوسالارییە، ژنکوژە ڕزگارم بکەن. من وەک پیاهەڵدانێک بۆ کولتورەکەم بە مامۆستاکەمم وت: لای ئێمە ژن ئازادە، ئەوە نییە من توانیومە سەفەر بکەم بۆ سوید و بە تەنیا لێرە بژیم. مامۆستەکەم وتی: کێ دەڵێت تۆ بە تەنیا هاتویت ؟ تۆ باوکت و باپیرت لەگەڵ خۆت بۆ ئێرە هێناوە، دڵنیاشم باوکت دڵنیایە لەوەی کە چ جەستەیەکی دیسپلینکراوی ناردۆتەوە دەرەوە ! دیارە من لە کاتی خۆیدا لە دیوە سایکۆلۆژییەکەی قسەکانی مامۆستاکەم تێنەگەیشتم .
لێ دواتر لە دوای خوێندنی سۆشیالسایکۆلۆژی، ووردبوونەوە و خوێندنەوەیەکی زۆرەوە توانیم لە قسەکانی بگەم و ئەو کۆدە ژنکوژە لە نەستی خۆمدا بشکێنم، پڕ بە گەرووی خۆم هاوار بکەم بڵێم: فادیمە تۆ کچێکی جوان و ئازاو بە شەرەف بوویت، تەنها کێشەت ئەوەبوو کە مناڵی کەلتورێکی بێشەرەف و ترسنۆک بوویت. ئەوان بۆ ئەوەی خۆیان بژین، تەنها ئەوەیان پێ کرا کە تۆ لە ناوبەرن.
لەڕاستیدا من ئەو قسانەم بۆ ئەوە نەکرد تا تەنها باسی گەمژەیی خۆم بکەم، تا چیرۆکی بێئاگاییم بەرامبەر بە حاڵی خۆم لەو کاتەدا بگێڕمەوە، بەڵکو دەمەوێت بڵێم ژن بەرلەوەی پیاو بە ئاگا بهێنێتەوە، دەبێت پێشتر دارکاری و پاچکاری لە بونیادی خۆیدا بکات، کەم نین ئەو ژنانەی کە ئێستاش وەک مەلایەک بیردەکەنەوە (بۆ نمونە خۆم لە ساڵی ٢٠٠٢ دا!).
من ئەم ئەزمونەی خۆم لە کۆڕەکانیشمدا باسکردوە، تەنها بۆ ئەوەی بڵێم کە شەرم نییە لە زەمەنێکدا بێئاگا بین، بەڵام شەرم ئەوەیە بەردەوام بین لە نغرۆبوون لە بێئاگایدا.