لە كاتێكدا رۆژانە بەر كێشە و قەیرانی بێ ئاو و كارەبا و خراپی خزمەتگوزاریی تەندروستی و خوێندن و بڵاوبوونەوەی بێكاری و ناعەدالەتی و چەندان كێشەی تر دەكەوین، لەگەڵ ئەوەشدا تادێت هێرش و دژایەتییەكان بۆ سەر ماف و ئازادییەكانی كاری رێكخراوەیی و ئازادیی بیر و ڕا زیاتر دەبێت.
لە لایەكی تریشەوە، مەدی كۆنەپارێزی تادێت زیاتر هەڵدەكشێت، هەر رۆژەی بە بیانوویەك هێرش بۆسەر مافەكانی ژنان و پێكهاتەكان بە گشتی و ئێزدییەكان بە تایبەتی دەبینین.
هەرسێ پرسی خراپی دۆخی ژیانی ئابووری و ماف و ئازادییەكان و هەڵكشانی مەدی كۆنەپارێزی، پرسگەلێكن گرێدراون بەیەكەوە. ئەگەر بمانەوێت مامەڵە لەگەڵ هۆكار بكەین نەك دەرئەنجام، دەبێت وێنە گەورەكە ببینین. ئەویش پەیوەندی بە شێوەی ئیدارەدانی ژیانی رۆژانەی خەڵكەوە هەیە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كەلتوورییەوە، كە دەسەڵات بەرپرسی سەرەكییە.
لە كاتێكدا بە پێی داتاكان تادێت رێژەی هەژاری و بێكاری و خراپتربوونی ژینگەی كار زیاتر دەبێت، ئەوەش وایكردووە چینی ناوەڕاست بەرەو پووكانەوەی زیاتر بڕوات و سامان و هێز لە چەنگی كەمینەیەك زیاتر چڕبێتەوە. كەمینەیەك قاچێكی لە دەسەڵات و قاچەكەی تری لە ناو بازار و بزنس دایە.
ماسلۆ لە هەرەمەكەیدا لەبارەی پێویستییە بنەرەتییەكانی ژیانی مرۆڤ پێمان دەڵێت كاتێك مرۆڤ برسی بێت ناتوانێت بیر لە زانست و ژیانێكی باشتری كۆمەڵایەتی بكاتەوە.
هەرەمی ماسلۆ، تیۆرێكی دەروونی و تا ئاستێك دەتوانم بڵێم سۆسیۆلۆژیشە (ئەبراهام ماسلۆ – ١٩٤٣) باس لە ئەولەویەتی پێداویستییەكانی مرۆڤ دەكات. لە گرنگترین و سەرەكیترینیان پلەبەندی كردووە تا تێركردنی هەموو پێداویستییەكانیشی بە گرنگ زانیوە، بەڵام یەك لە دوای یەك تێردەكرێن. بە پێی باری فسیۆلۆژی، دەروونی، روحی دەگۆڕێ. هەرەمەكە باس لەوە دەكات كە كاتێك مرۆڤ برسییە، توانای ئەوەی نابێ بیر لە زانست و زانیاری یان كاری چاكە بكاتەوە.
لە پێداویستییە جەستەییەكانەوە دەست پێدەكات كە خواردن و خواردنەوە و سێكس و هاوسەنگی پلەی گەرما دەگرێتەوە. دواتریش پێداویستییەكانی ئاسایش و كۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن و سەلماندنی خود دێت، كە هەریەكە لەوانە چەندین پێداویستی تر لەخۆ دەگرێت.
بەكارهێنانی ئەم هەرەمە تا ئاستێك بۆ چۆنیەتی دۆزینەوە و ئامادەیی هێزەكانی گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی هاوكاریمان دەكات. پێمان دەڵێت دەبێت لەگەڵ ئەوەی كار بۆ دابینكردنی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان بكەین، هاوكات دەبێت كار بۆ مافە سیاسی و مەدەنییەكانیش بكەین بەیەكەوە. بەڵام لە رووی كات و ئەولەویەتی پێداویستییەكان دەبێت بە دیقەتەوە مامەڵە بكەین، ئەگەرنا ناتوانین لە گردبوونەوە نوخبەوییەكانەوە بپەڕینەوە بۆ بە كۆمەڵایەتیكردنی پرۆژەی ژیانێكی باشتر، ژیانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و ماف و ئازادییەكان.
كاتێك خەڵك ماندوو و شەكەت دەكرێت بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی رۆژانە و بەو چلەی گەرمایە ئاو و كارەبا و كاری شیاوی نەبێت، بێگومان ئەولەویەتی بۆ گۆڕانكاری و پێداویستییەكان دەگۆڕێت. ئەوان لە جیهانێكی بێ پشت و پەنادا وەك ئەمرۆ دەبینین، دەبنە نێچیری هێزە دۆگماكانی دوێنێ و ئەمرۆ، ئەو هێزانەی جگە لە خۆ دووبارە كردنەوە ناتوانن ئیزافەیەكی تریان هەبێت بۆ ژیانی نوێ.