لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا کشانەوەی ئەمەریکا و دۆخی هەرێم

کشانەوەی ئەمەریکا و دۆخی هەرێم

0 تێبینییەکان 1 بینینەکان
دڵشاد ئەنوەر:
هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵن، ئەو هێزانەی بەدرێژایی ١٠ ساڵی رابردوو، سەرقاڵی مەشقپێکردن و پاڵپشتیکردنی هەرێم و هێزی پێشمەرگە بوون.
لەسەرووبەندی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیماناندا، مەراسیمێک ئەنجامدرا و واپیشاندرا گوایە هێزەکانی پێشمەرگە تەواو یەکخراونەتەوە، راستییەکەی ئەوەیە پێشمەرگە بەتەواوی یەکنەخراوەتەوە، بەڵکو بنەمایەک بۆ یەکخستنەوەی بەم دواییە دانرا.
پەلەکرا لەراگەیاندنی یەکخستنەوەی پێشمەرگە، ئەمەش لەپێناو گەیاندنی پەیام بە دەرەوە و دابڕانی پێشمەرگە لەناوی میلیشیا و تەرخانکردنی بودجە بۆی لەلایەن عێراقەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری تر.
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێم رەنگە کاتی بێت، پێدەچێت ساڵی داهاتوو بەجیا جیا و بەشێوازێکی تر بگەڕێنەوە، بەڵام گرفتەکە ئەو بۆشاییەیە کە لەم چەند مانگەی کۆتایی ئەمساڵدا دروست دەبێت.
هاوپەیمانان لەکاتێکدا دەکشێنەوە ناوچەکە ئاڵۆزە، کێشمەکێشی ئێران بەردەوامە، ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ پاڵپشتیکردنی ناوەنددایە، گوێبیستی دەنگی نەشاز دەبین لەعێراقەوە دژی هەرێم و زۆر کێشەی تریش.
لەم رۆژانەی دواییدا زۆر باسی گەڕانەوەی داعش و ئاڵۆزبوونەوەی دۆخی عێراقیش دەکرێت، بەڵام ئەوەی ئيستا دەیبینین و هەستی پێدەکەین، نە ئەو رێکخراوە هێندە بەهێزە، نە زەمینەی گەڕانەوەی لەبارە، نە عەرەبی سونەش جارێکی تر خۆی رادەستی گروپی بێ ئەجێندا دەکات.
ئەوەی مایەی مەترسییە و زیاتر چاوەکانی لەسەرە، ئەو هێزە هەمەجۆرەی دیوی سوریایە کە بەشێکیان عێراقین و ماوەیەکی زۆرە کۆکراونەتەوە و ئامادەکراون، گەر شتێک رووبدات رەنگە لەرێگەی ئەم هێزەوە ئەنجام بدرێت.
بۆیە کشانەوەی ئەمەریکا چەندە بۆ هەرێم مایەی ترس و دڵەڕاوکێیە، بۆ شیعەش مەترسییەکان زیاترن، هەر لەمەترسی گوشاری زیاتر و سزای ئابوورییەوە تا دەگاتە مەترسی جوڵاندنی سونە.
رەنگە ئەم مەترسییانە بواری بەردەم شیعە بۆ گوشارخستنە سەر هەرێم بەرتەسک بکەنەوە، بەڵام فشارەکان بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەبن، بەتایبەت فشاری ئێران کە لەهەرێم توڕە و نیگەرانە.
شیعە هەوڵدەدات بەهێمنی مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بکات و هەموو هەوڵێکی بۆ تێپەڕاندنی سەردەمی ترەمپە، بۆیە سود لە کەناڵی عەلی زەیدی وەردەگرن هەم بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان و هەم بۆ نەپچڕاندنی پەیوەندیی و بەردەوامی پاڵپشتییە داراییەکان.
ئێستا لەنێو ئەو وادەیەداین کەبڕیاربوو گروپە شیعەکان لەچەک دابماڵرێن، بەڵام وادەکە درێژ کراوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆش رووینەداوە، چونکە ئێران پێویستی بەو گروپانەیە کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەفەرمان وەرگرتن لە خۆیەوە بەردەوام بن.
بۆیە دۆخەکە بۆ هەرێم ئاڵۆزە سەرباری فشاری سەر شیعە، بەڵام ئاراستەی رووداوەکان بۆ کوێ دەچن، فشارەکانی سەر هەرێم چۆن دەبن و ئەنجامیان چی دەبێت هێشتا روون نین.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە