122 وڵات لەجیهاندا تائێستا پەیمانی ڕۆمایان واژووكردووە بۆ ئەندامبوون لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناسراو بە (لاهای)، بەڵام دوای 12 ساڵ لەڕزگاربوونی عێراق لەدەست ڕژێمی بەعس ئەندامبوونی خۆی ڕانەگەیاندووە، ئەوەش بەهۆی كارەساتی هەڵەبجەوە.
لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناسراو بە (لاهای) تایبەتە بەناساندنیو كۆمەڵكوژی مرۆڤەكانو ناچاركردنی وڵاتی تۆمەتبار بەقەرەبووكردنەوەی لایەنی زیان لێكەوتوو.
16/3/1988 فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لەبەرەبەیاندا چەند جارێك بەسەر ئاسمانی شارەكە سوڕانەوە دواتر بەسەدان بۆمبی ژەهراویو خنكێنەریان بەسەر شاری هەڵەبجە بەردایەوەو بەو هۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوونو زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی بریندارو كەمئەندامبوون.
ڕژێمی بەعس كۆمەڵەێك گازی خنكێنەرو ژەهراوی لەم هێرشە بەكارهێنا، كە بەهەموو شێوەیەك قەدەغەبوو، كە لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی (ئەمریكیو ئەڵمانیو یابانیو هۆڵەنداو سەنگافورەو میسر)، لەسەرووی هەمووشیانەوە دیارییە گەورەكەی وڵاتی هیندستانبوو، كە بۆ یەكەم جار بوو گازی خنكێنەری دروستكردبوو بۆ تاقیكردنەوەی دەرئەنجام دابووی بەعێراقو عێڕاقیش لەهەڵەبجە بەكاریهێنا، كە بەشێكیان ئەمانە بوون (گازی خەردەلو گازی ئەعسابو گازی ساردینو گازی سیانید…هتد).
دواجار دادگای نێودەوڵەتی لاهای لەساڵی 2005 بەهۆی زۆری فشارەكانی وڵاتانی فلەنداو نەرویجو سویدو ئەڵمانیاو ئەرجەنتینو ئیسڕائیلو ئیماراتو ئوستڕالیا، دانی بەوەنا، كە هەڵەبجە تاوانی دژ بەمڕۆڤایەتی لەلایەن سەدام حسێن لەساڵی 1988 بەرانبەری ئەنجادراوە بەچەكی قەدەغەكراو.
قەرەبووكردنەوەو چارەسەری پێویست بەپێی بڕگە یاساییەكانی دادگای لاهای، كە بەدادگای نێودەوڵەتی ناسراوە، بەشێوەیەكە، پێویستە وڵاتی ئەندامبوو لەهەر كارێكی نامرۆڤانە قەرەبووی گیانیو چارەسەركردنی كەسی بەركەوتوو بگرێتە ئەستۆ، بەڵام تائێستا عێراق ئامادە نییە ببێتە ئەندام لەو دادگایە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی شارپرێس لەشاری هەڵەبجەو ناوچە كیمیابارانكراوەكان كردوویەتی، هەروەها ئاماری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەستیكەوتووە، ئەو بریندارانەی، كە پێویستیان بەچارەسەرە ژمارەیان لەنێوان 8 بۆ 9 هەزار هاووڵاتییە، كە چوار هەزاریان تێچووی چارەسەریان بەسێ قۆناغ دەكرێت، لەوڵاتانی دەرەوەی هەرێم، بەشێوەیەك بۆ هەریەكێكیان 60000 هەزار دۆلارە، كە دەكاتە شەش دەفتەر دۆلار بۆ هەر هاووڵاتییەكو كۆی گشتیشی 2400 هەزار دەفتەر دۆلار دەكات.
هەوەها بەپێی بەدواداچوونەكان، بەشێكیشیان بەركەوتنەكەیان لەقۆناغی دوودایە، كە چارەسەری بۆ دەكرێت لەوڵاتانی دراوسێی عێراقیش، بەنزیكەی 2 هەزار هاووڵاتی خەمڵێنراونو تێچووی هەر هاووڵاتییەكیان دەگاتە 40 هەزار دۆلار، واتە چوار دەفتەر دۆلار كۆی گشتیشی دەكاتە 800 هەزار دەفتەر دۆلار.
هاوكات بەركەوتووی ئاسایی، كە ژمارەكەیان سی هەزار هاووڵاتی دەبێت بەسەرجەم ناوچە كیمیابارانكراوەكانی هەرێمی كوردستان، كە چارەسەری هەر هاووڵاتییەك 15 هەزار دۆلاری دەوێت، واتە بڕی یەك دەفتەر دۆلارو نیو، كۆی گشتیشی دەكاتە 450 هەزار دەفتەر دۆلار.
لەبڕگەیەكی تری یاساكانی دادگای لاهای هاتووە، كە دەبێت بەپێی زیانە گیانیو مادییەكانیش، وڵاتی ئەندام قەرەبووی هاووڵاتیانی بكاتەوە، كە دادگاكە دیاریدەكات، پێویستە پێوە پابەندبێت، بۆیە لەئێستاو داهاتووش وڵاتی عێراق ئامادە نییە ببێتە ئەندام لەم دادگایە، چونكە قەرەبوو گیانییەكان هێندە زۆری دیاریدەكرێت، كە ڕەنگە 1 لە 5 بودجەی ساڵی 2013 عێراق ببێت، كە نزیكەی 12 ملیار دۆلار دەكات.
سەرچاوە : شار پرێس