دو نەمام یان دو گوڵ بهێنە لەدو ئینجانەی جیاوازدا بیڕوێنە، یەکێکیان ڕۆژانە ئاوی بدە، بیخەرە بەر تیشکی خۆرو گەڵاکانی شێدار بکەو هەفتانە گڵەکەی بژار بکەو مەهیڵە گژو گیای خراپ لەگەڵیا گەشە بکاتو مانگانە (سەماد)و (پیت ماس)ی بەرێو بەیانیان مۆسیقای بۆ لێبە هەتا پلازمی خانەکانی ناوی بجوڵێنو سەما بکەن، ئەنجا بزانە چ بەرهەمو ڕەونەقو جوانیەکی ئەبێت.
هەمان نەمام یان هەمان گوڵ لە ئینجانەیەکی تردا بڕوێنەو ئیهمالی بکەو لەبری ئاو شلەیەکی تری بەرێ، لەبری پەین تڵپەچای تێکە، لەبری هەتاو بیخەرە ژورێکی تاریک، لەبری مۆسیقا هەموو بەیانیەک بقیژێنە لەبەردەمیا، بزانە چۆن لەماوەی هەفتەیەکدا ووشک ئەبێت.
لەهەمو دنیادا خەڵک هەفتانە یان مانگانە یان لانی کەم ساڵی جارێک ئەچێ بۆ سەیری نمایشی (دۆلفین) ونمایشی( پاندا)و نمایشی(کوالا) و نمایشی (پەنگوین)و نمایشی (ماموسی بە بەرد)بوو یان ئەچێ بۆ سەیری لەدایکبونی (شێری سپی) یان ئەچن بۆ سەیری (نەهەنگی شین) یان بۆ باخچەی پەپولەی رەنگاو ڕەنگ.
کە چی لەوەتەی ئێمە خەڵق بوینو هەین هەمووتەمەنمان لەسەیر کردنی هەڵکەندنی (ئەساسی خانوو)و (ڕوخاندنی بینا بەدەقاقو شۆفڵ)و (سایلۆ تەقاندنەوە)و (لیستی موچە)و (شەڕە کەڵەشێر) هەروەها سەیرکردنی (حادیسەی سەیارە)و (تەنکەر تەقانەوە) و (شریتی سوری بەپەلەی هەواڵەکانی تەلەفزیۆن (لەکاتێکدا رەنگی سور، ڕەنگێکی گەرمەو بۆ توڕەکردنی گا بەکار ئەهێنرێ نەک مرۆڤ)
رەنگە هیچ قوتابخانەیەکی دەروونشیکاری نەتوانێت وەڵامی ئەو (کۆد)انە، بداتەوە بۆچی خەڵکی ئێمە تەنانەت چێژو لەزەت لەدەعمی دو ئوتومبێل دەبینن لەکاتێکدا تیمی فریا کەوتن خاوەنی ئوتومبیلەکانیان گەیاندۆتە خەستەخانە کە چی ئەوان پەیتا پەیتا لەقەراغی شەقامەکە ئوتومبیلەکانیان دەوەستێننو پۆل پۆل بەسەعات لەکاتی خۆیان ئەگرنو دەستە دەستە دێن بۆ سەیری (دەعامی قوپا)و (بەگلایتی شکاو)و (ڕادێتەری تەقیو)، ئەوە چ چێژەکە رەسم گرتنی کوشنی خوێناویو ئاوێنەی شکاو، جگە لە دەردو نەخۆشی؟
دوایش ئەپرسێ من زۆر بێ تاقەتم؟
من کێشەم هەیە ؟
من ناتوانم وەک پێویست بژیم؟
من دایم توڕەم؟
من لەگەڵ خەڵک و خێزانەکەم کێشەم هەیە ؟
دەی مرۆڤێک ئەم هەموو تڵپە کۆمەڵایەتیە ، ئەم هەموو خڵتە و قوڕە بەدەستی خۆی ئەکاتە بنی بنەوەی دەروونی خۆی کەچی ئەیەوێت بە ئاسودەیی بژی؟
دەی دیارە کە ناژی .
چەندین ساڵە تۆ بەدەستی خۆت ناوەوەی خۆت وێران ئەکەیت، کەچی ئەیەوێت بەسەردانێکی پزیشک یان بەتەلەفۆنێک یان بە نامەیەکی فەیس بووک تۆ کێشەکەی بۆ حەل بکەیت..!!
دەی دیارە کە حەل ناکرێت ، چونکە تۆ دەروونی خۆتت وێران کردووە.
کورد ئەڵێ هەر دەوەنە ئەبێ بەدار ، هەر شتی بچوکە ئەبێ بە گرفتی گەورە ، هەر دڵۆپە بارانە ئەبێ بە لافاو،هەر ئەم شتە بچوک و حساب بۆ نەکراوانەیە کە لەسەر دەرونمان ئەنیشێ و لەو سەرەوە دەمانکات بە گرفتار ، بە دەردەدار
سهراب وتەنی:-
(مرۆڤ بۆ ئەوەی نەتوانێت خوێن برێژێت ، دەبێت فێر بێت ئاو لێڵ نەکات ، دەبێت فێر بێت گیا هەڵنەکەنێت)
نوقتە سەری دێڕ …
*لە ئێستادا بەرزترین ڕێژەی مردن لە جیهاندا بە هۆی (ئەلکهول و جگەرەو نێرگەلەو جەنگ و شێرپەنجە و زەخت و جەڵتەوە) نیە، بەڵکو ئێستا زۆرترین ڕێژەی مردن لە دنیادا بەهۆ سترێس یان ئەو فشارەیە کە لەسەر دەرونمان دروست دەبێت.
لەبەر ئەوە مرۆڤ چۆن خۆی لە شەکر و چەوری دەپارێزێت ، دەبێت هەر بە و ئەندازەیەش لایەنی دەروونی بپارێزێت، چونکە ئەو کەسەی نەتوانێت خۆی بپارێزێت ناتوانێت خەڵکی تریش بپارێزێ ئەو کەسەی خۆی خۆش نەوێت ، ناتوانێت خەڵکی تریشی خۆش بوێت ، ئەو کەسەی دەرونێکی دروستی نەبێت ، لاشەیەکی دروستشی نابێت ، ئەو کەسەی دەرونێکی دروستی نەبێت هەمیشە لەگەڵ خەڵکیدا لە کێشەدایە و پەیوەندیەکی دروستشی نابێت.