لەبەرامبەر هەوڵ و کۆششەکانیان بۆ وەرگرتنەوەی مافی جوتیارانی کوردستان لە حکومەتی ناوەندی بەغدا،لەریوڕەسمێکدا لەبارەگای مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان رێزی لە هەریەک لە مام فارس یەکێک لە جوتیارەکانی دەشتی هەولێر و هەردوو پارێزەری خۆبەخش لەکەیسەکی وەرگرتنەوەی مافی جوتیاراندا (بەشدار حسن و رێبین شەمامکی ) گرت .لای خۆشیانەوە مام فارس و هەردوو پارێزەرەکەی سوپاسی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و هاوڕێ مام خدر و مەکتەبی سیاسی کرد کە هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری جوتیاران و زەحمەتکێشان و کرێکاران بووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان .
جێگای باسە لەکۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ ، دوایی چەندین دانیشتن لەسەر کەیسی سەرفکردنی پارەی جوتیارانی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ ،دادگای رەسافە لەبەرامبەر داوایەکی مام فارس و پارێزەرانی خۆبەخش بڕیاریدا پارەی هەموو ئەو جوتیارانە سەرف بکرێت کەلەم ساڵانەدا دانەوێڵەیان تەسلیم بە سایلۆکان کردووە .هەردوایی ئەم بڕیارەی دادگا وەزیری بازرگانی حکومەتی عێراق بڕیاریدا کە بەزووترین کات ئەم شایستە داراییانەی جوتیارانی هەرێم سەرف بکرێتەوە .