حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە بۆردومانکردنی بارەگاکانیان لە شاری کۆیە لەلایەن سوپای ئێرانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەفتەری سیاسیی ئەو حزبە کەوتووەتەبەر هێرشی موشەکیی ئێران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کاتژمێر ١٠ و ٤٥ خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، قەڵای دیموکرات و بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا کەوتە بەر هێرشی موشەکیی و هەوایی کۆماری ئیسلامیی ئێران“.ئاماژەی بەوەش کردووە لە کاتی ئەو هێرشە و بە دوای ئەو هێرشەدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسمانی کۆیەدا سووڕاوەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر سکرتاریەتی حدک، قەڵای دیموکرات کەوتووتەبەر هێرشی چەندین موشەکی دیکە.حزبی دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو حزبە شەهید و بریندار بوون و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکەن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ سوپای ئێران بۆردومانی بارەگاکانی حدکا و حدک و کەمپی ئاوارەکانى ڕۆژهەڵاتی لە کۆیە کرد و بە هۆیەوە ٩ کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکیش برینداربوون کە لە نێویاندا هەردوو سکرتێری ئێستا و پێشووى حدک هەن