ھەندێک مرۆڤ ھەن حیکایەتی ژیانیان تەعبیرە لە میحنەتێکی ترسناک، بۆ ئەوە دێن میحنەتەکانی خۆیان لەسەر جەستەی ژیان بنووسنەوە، میحنەتێک کە دواتر دەبێتە ھەوێن و سەرچاوەی دونیابینیان. لەدایکبوونی من لەم گەوڕ و زبڵدانەدا سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی قوڵتر بەر وجوودە میحنەتبار و بریندارەکەی خۆم بکەومەوە، نەمشاردۆتەوە کە لەو جۆرە مرۆڤانەم چ وەک نووسەر و چ وەک سیاسییەک، لە چرکەساتی لەدایکبوونمەوە تا ئێستا، ئەزموونی میحنەتێکی ترسناک دەکەم، چرکەساتی لەدایکبوونی من ھاوتایە بە کۆچکردنی سەدان ھەزار مرۆڤی کورد بەرەو ئێران و وڵاتانی تر. من لە شەوی ٢١/٢٠ی دوانزەی ساڵی ١٩٩٠ کە دەکاتە سبەی شەو، لە تەیراوای ھەولێر و لە شوقەیەکدا لەدایک دەبم، ئەم بەروارە ھاوتایە بە بەرواری لەدایکبوونی چیرۆکنووسی تورک «عەزیز نەسین».
میحنەتی من وەک ڕۆژھەڵاتییەک، پاشان وەک عێراقییەک و کوردێک، لێرەوە دەستپێدەکات، سێ ساڵ دوای لەدایکبوونی من و کاتێ لە ئێران دەگەڕێینەوە، یەکێتیی و ئیسلامییەکان کەوتنە وێزەی یەکتر و لەسەر میراتی دەسەڵات ھەزاران کەسیان لەیەکتر کوشت. زۆری نەبرد و ساڵی ١٩٩٤ پارتیی و یەکێتیی بەرامبەریان لەیەکتر گرت و بەھەمانشێوە ھەزاران کەسیان لەیەکتر کوشت، شەڕ کردن بەردەوام بوو بەدرێژایی زستان لەنێوان «پارتیی» و «یەکێتیی». بابەتەکان ئاڵۆز بوون بەھۆی بوونی «پەکەکە» لە عێراق، «پەکەکە» ھاوپەیمان بوو لەگەڵ «یەکێتیی»، بە پێی ھەندێ سەرچاوە «پەکەکە» شەڕی دژی ھەموو ئەو گروپانە دەکرد کە پشتگیری «پارتیی» بوون، تورکیا کاتێک سەیری شەڕی ناوخۆی دەکرد ئەمەی بەدەرفت زانی و ھاوپەیمانیی لەگەڵ «پارتیی» کرد و «ئۆپراسیۆنی چەکوش»ی ڕاگەیاند تا لەڕێی ھێز و توندوتیژییەوە «پەکەکە» لە ھەرێمی کوردستان بکاتە دەرەوە. ئەمە لەکاتێکدابوو یەکێتیی لەگەڵ ئێراندا ڕێکەوتبوو، دواجار ئەم ئۆپراسیۆنەی توکیا زیانی زۆری لە «پەکەکە» و خوێنی سەدان گەریلای تێدا ڕژا، بەڵام ئەنجامەکەی ناکام بوو. بەشێوەیەک کە «پەکەکە»سەرکەوتوو بوو لە مانەوەی سەربازگەکانی لە کوردستانی عێراق.
لە ٢٥ ئەیلولی ١٩٩٧ کە تەمەنم تەنھا حەوت ساڵ بوو! تورکیا دووبارە چووەوە ناوخاکی کوردستانی عێراق پەلاماری «یەکێتیی» و «پەکەکە» دا تا بتوانێت بە ھێز «پەکەکە» بکاتە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، لەمەوە جارێکی ھەزاران گەنجی تری کورد کوژران و بوون بە قەرەبروتی ئەم ئاگرە، ھێندەی نەبرد و جارێکی تر ئیسلامییەکان و یەکێتیی کەوتنەوە کوشتن و بڕین لەیەکتر و ھەزارانیان لە یەکتری قەتل و عام کرد، دۆخەکە بۆماوەیەکی کورت ئارام بۆوە، ھێندەی نەبرد
جارێکی تر شەڕ کەوتە نێوان «پەکەکە» و «یەکێتیی» و جارێکی تر ھەزاران گەنج لەھەردوولا کوژران.
سیانزە ساڵ دواتر، وەک منداڵێکی سیانزە ساڵ بووم بە شاھێدی داگیرکاریی ئەمێریکا بۆسەر عێراق، بووم بە شاھێدی مەرگی ھەزاران کچ و کوڕ، ژن و پیاو، مارێنز و سەربازیی عێراقیی، زۆری نەبرد و چەند ساڵێکی کەمی دواتر ئەلقاعیدە کەوتە چالاکیی تێرۆریستانە و ڕۆژانە دەیان تەقینەوە و کردەوەی تێرۆریستیی لەسەرانسەری عێراقدا ئەنجام دەدا، ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ لەدایکبوونی دەیان میلیشیا لە شیعە و کوردەکان، ھەر کەسێک ھەڵدەستا سەدان کەسی دەکرد بە حیمایەی خۆیی و یاخود میلیشیای عەسکەریی چەند ھەزارکەسی درووست دەکرد، دەساڵ دوای ئەوە، لەپڕ داعش ھاتە ژوورەوە و خوێنی دەیان ھەزار منداڵ و گەورەی ڕشت، بە سینگی پڕ لە فیشەکەوە، بەسەری بڕاوەوە فڕێ دەدران.. من منداڵی ئەم حیکایەتە تراژیدیانەم، لەدایکنەبووم، بەڵکو میحنەت و سزایەک بوو بەسەرمدا درا، بارێک بوو دەبوو بەناچاریی لەکۆڵمی بنێم، ئەم حیکایەتانە لێرەدا کۆتاییان نایەت، چەندین حیکایەتی مەرگباری تر لەڕێگایە و دەبێ شاھێدیان بم.
ھاوڕێیەک پێیگوتم لە سەقز بووم، تاکسییەکم ڕاگرت و سەرکەوتم، شۆفێری تاکسییەکە تەماشایەکی کردم و لێیپرسیم خەڵکی کوێیت؟ گوتم خەڵکی سلێمانییم، کێشای بەسەری خۆیدا گوتی باوکەڕۆ من لەوەتەی فام دەکەمەوە لەو کوردستانی عێراقە شەڕە و کوشتنە..