حەز و ویستی سەرەکی هەر نەتەوەیەک ئەوەیە خاوەنی ئاڵا و سمبولە نیشتیمانییەکانییەکانی بێت. وەک عەزەتی بەرز و کەرامەتدار و هەستی مرۆڤبوون بۆ خۆی و شکۆمەندی نیشتیمانەکەی لێیبڕوانێت، لەوەش زیاتر ئاواتەخوازە ئاڵای نیشتیمانەکەی هاوشانی ئاڵای دەوڵەتانی دونیا بشێکێتەوە، بەڵام پرسیاری جددی و سەرەکی ئەوەیە ئایا تەنها بوونی ئاڵا هێمایە بۆ شکۆمەندی نەتەوە و وڵات ؟ یان ئاڵا دەتوانێت چی بۆ خەڵک دەستەبەر. بکات؟ ئایا تەنها بوونی ئاڵا بەسە بۆ زامنی شکۆی نیشتیمان ونەتەوە و هێمای دڵنیایی بۆ ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ.
وەڵامی ئەم پرسیارانە زۆڕ ڕوونن ئاڵاکانی ژێر سایەی دەستەڵاتدارانی عێڕاقی سەدام و لیبیای قەزافی کۆریای باکوری و سوریای ئەسەد و ئێران و ووڵاتانی کەنداو لە بەمێگەلکردن و بەسووک تەماشاکردن وهێنانی نەهامەتی بۆ مرۆڤ وکۆمەڵگاکانیان چی لێ سەوز بووە؟ بەبڕوای من گەر ئاڵا نەبێتە هێما بۆ ئازادی وڕێزگرتن لە ژیانی وکەرامەتی مرۆڤ ئەوا بوون ونەبوونی هیچ دیکە نییە جگە لە پارچە قوماشێکی ڕەنگا وڕەنگی بێمانا .
هەڵبەتە بەچاوی خۆمان لەدوو دەیەی ڕابروو تا هەنوکە دەبینن وباش درکی پێ ئەکەین دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا چۆن وبەچ شێوازێک بەناوی پیرۆزی ئاڵای کوردستانەوە هەزاران بێحورمەتی وبێ مافیان بەرامبەر بە ئازادی و بەها و شکۆی نەتەوەو نیشتیمان و تەنانەت بەخودی ئەو پارچە قوماشە کردوە کەناوی ئاڵایە؟ خەڵک هەرگیز ئەوە ناخوازێت کە لە نیشتیمانی دایکدا خۆی بەنامۆ بزانێت و بەدەست دەیان ئازار ونەخۆشی کوشندەی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتییەوە گیرۆدە بێت و بناڵێت.
لێرەدا دەبێت ئەوە بزانین چەند ئاڵا وەک سمبول وهێمای نیشتیمان ونەتەوە گرنگ وپێویستە، گومانی تێدا نییە لەو هەستیار تر و بەنرختر و وپیرۆزتر ڕێزگرتنە لەئازادی و وشکۆی مرۆڤ، واتە دەبێت ئاڵا ئەو هێمایە بێت ئایدیای و ڕوانینی ژیاندۆستی وبەهاکان دەستەبەر بکات، نەک تەنها پەڕۆیەک بێت بۆ نەهامەتی و ستەمکاری.