بەشی دوەم لە زنجیرە وتاری حزب و دەوڵەت- سەبارەت بە کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم و ڕوانگەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵگەی ئینسانی
پێش ئەوەی بچینە ناو مێژووی لێکدانەوەکان و تیۆریەکان لەسەر حزب و دەوڵەت، پێویستە تێگەیشتنێکی ماتریالیستیانەمان ھەبێ بۆ خودی مێژووی کۆمۆنیزم و لێرەوە دەتوانین ئەو تیۆر و ھەوڵانە لە بواری حیزب و دەوڵەتدا بناسین کە لەم مێژووەدا دەرکەوتون. بەڵام سەرەتا مێژووی ئەم کۆمۆنیزمە خۆی لە تێگەیشتنێکی میتافیزکیەوە پێچراوەتەوە و ئەم مێژووە کراوەتە مێژووی گروپ و دەستە کۆمۆنیستەکان و ڕەوتە سیاسی و ڕیکخراوەییە جیاجیاکان و مێژووی خەباتی چینایەتی کرێکاران کە بنەمای کۆمۆنیزمە لەبیربراوەتەوە و ھەر گروپە مێژوی خۆی بە مێژووی کۆمۆنیزم لەقەڵەم دەدا.ھەربۆیە ھەر بینەرێک ناھەقی نیە توشی سەرلێشوان ببێ و بڵێ لە بەر ئەم دارستانە دار نابینرێ.
چینی کرێکار لە سەرمایەداریدا ،بەھەمان شیوەی چینی بورژوازی لە دەرەبەگایەتیدا ،خەباتێکی چینایەتی دەکا دژ بەو کۆیلایەتیەی کە کاری بەکرێ بەسەریدا سەپاندوە. ئەم چینە لەم ھەوڵە بەردەوامەیدا بۆ لابردنی ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیدایە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و کۆتایی ھێنان بە سیستەمی سەرمایەداری تیۆر و تاکتیک و شۆڕشی جۆراوجۆر و لەوانەش کۆمۆنیزمی تاقی کردۆتەوە. بەڵام ئەوە کۆمۆنیزم و سیاسەتی کۆمۆنیستی نیە کە ئەم مێژووە و شۆڕشەکان دروست دەکا، بەڵکو ئەوە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری و گەشەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە ھەوڵە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان دەخاتە قاڵبێکی مێژووییەوە، کە ئەم ھەوڵانە ” ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێت ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، بە پێچەوانەشەوە چۆن لە شکان نەھاتووە، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی بزووتنەوەی چینی کرێکاردا بێت”. *٣
ئەم تێگەیشتنە ماتریالیستیە دوو شتمان بۆ رون دەکاتەوە؛
یەکەم: ھەوڵە سیاسیە جۆراوجۆرەکان ناوی چینێک وەرناگرێ بەڵکو ناوی سەردەم و کەسایەتیەکان و حزبەکان و ڕەوتە سیاسیەکان وەردەگرن، بەڵام ئەمانە لەڕاستیدا خۆیان ئەنجام و پاشکۆی گەشەی مێژوویی چینی کرێکارن . ھەربۆیە لە پشت ناو و مێژووی مارکس و لینین و مانیفیست و کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر و حزبە جۆراوجۆرە کۆمۆنیستیەکانەوە دەبێ ئەو گەشە مێژووییە ببینی کە چینی کرێکار لەو قۆناغە جیاوازانەی گەشەی سەرمایەداریدا پێگەیشتوە و ھەوڵە سۆشیالیستەکان بەپێی پیداویستیەکانی خەباتی چینایەتی لەو قۆناغەدا شکڵیان گرتوە. ئێمە بە لێکدانەوەی چوارچیوەی ئەو قۆناغە توانای تێگەیشتمان لەو ھەوڵانە ھەیە .
ناتوانین ئەم ھەوڵە کۆمۆنیستیانە بۆ ھەموو قۆناغەکان بکەینە قاڵبێک وپێوەر و دۆگمێکی چەقبەستوو و نەگۆڕ، وە بزوتنەوەی کرێکاری بەپێی ئەو قاڵبە مێژوویانە بەش بەش بکەین بەناوی مارکسیەکان ، بەلشەفیەکان ، کۆمۆنارەکان و ترۆتسکیەکان و کۆمۆنیتسە کرێکاریەکان و سۆشیال دیموکراتەکان و ھتد..
ئەم جۆرە تێگەیشتنە نامێژووییە کە کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان دەخاتە جێگای خەباتی چینایەتی کرێکاران و ئەوان دەکاتە نوێنەری مێژوو و چینەکە، تێگەیشتنێکی باوە کە خۆی بەرئەنجامی پرۆسەی دابڕان و دورکەوتنەوەی بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و سیاسیەکانی چینی کرێکارە لە خودی چینەکە و خەباتی چینایەتی و بونی بە گروپی تەبلیغاتی یان حزبی نوێنەرانی چینەکانی تر.
ئەم لێکدانەوە ماتریالیستیە تەواو پیچەوانەی ئەو تێگەیشتنە میتافیزیکیەیە کە مێژووی کۆمۆنیزم وەک مێژووی گروپە جێگیرەکان و ڕوداوەکانیان دەبینێ، وە تەواو جیاوازە لەو داتاشینی جیاوازیانەی ئێستای ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کە قاڵبە مێژوویەکانی وەک مارکسیزم و بەلشەفیزم و سەندیکالیزم و ئانارشیزمیان کردۆتە قاڵبی جێگیر و پیرۆز و بەپێی ئەوانە دنیای ئێستا و خەباتی دژی سەرایەداری چینی کرێکار لێک دەدەنەوە.
ئەمە وەک کاری ڕێگرەکانی سەدەی ناوەڕاست وایە کە بەپێی ئەندازەی تەختەی ئایدیۆلۆژی تایبەت بەخۆیان جەستەی ئەم بزوتنەوەیە ڕێک دەبڕنەوە و ڕێکخراو و حزبی جۆراوجۆری لێ دروست دەکەن. لە کاتێکدا مانیفیست ھاواردەکا: “کۆمۆنیستەکان، حزبێکی جیاواز بەرانبەر باقی حزبەکانی چینی کرێکار پێک ناھێنن. ئەوان، ھیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی و جیاواز لە بەرژوەندی کارگەرانیان نییە. ئەوان لە خۆوە ھیچ چەشنە شێوازێکی گرووپی ناھێننە کایەوە کە بزووتنەوەی کارگەری پێ بخەنە قاڵبەوە.”*٤
دووەم:ھەرکام لەم ھەوڵە کۆمۆنیستیانە بەشێکن لە پرۆسەیەکی مێژوویی، کە ھیچ کات نابنە خاڵی دەستپێکردن و جیاکردنەوە و کۆتایی مێژووی خەباتی چینایەتی، بەڵکو ھەرکامەیان دەوروکاریگەری خۆی لە پرۆسەیەکی مێژوییدا دەنوێنێ ،کە بەردەوام لە گۆڕان و شکت و ھەستانەوەدایە.
مارکس ئەمە بە خەسڵەتی دیالەکتیکی خەباتی چینایەتی کرێکاران دادەنێ کە پێچەوانەی چینەکانی پیش خۆیەتی. ئەو دەڵێ؛ چینی کرێکار “ناتوانێ دروشمەکانی لەڕابردوو وەرگرێ بەڵکو تەنیا لە داھاتوو وەریدەگرێ. ئەو ناتوانێ ئەرکەکەی ئەنجام بدا ئەگەر ھەموو ڕێزگرتنیکی ئەفساناوی ڕابردوو کۆتایی پێ نەھێنێ. شۆڕشەکانی پێشوو( بورژوایەکان) پێویستیان بە گێڕانەوەی یادەوەریەکانی ڕوداوە مێژوویەکانی جیھان بوو تاکو خۆیان ھەڵخەڵەتێنن سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی شۆڕشەکەیان.
بەڵام شۆڕشی سەدەی نۆزدە(کرێکاریەکان)لەسەریەتی بۆئەوەی بۆخۆی ناوەرۆکی تایبەتی شۆڕشەکە ڕۆشن بکاتەوە دەبێ لێگەڕێ مردوەکان مردوەکانیان بنێژن..ئەم شۆڕشە پرۆلیتاریانە وەک لە سەدەی نۆزدەدا ڕودەدا،ئەوانە ، بە پێچەوانەوە بەردەوام ڕەخنە لە خۆیان دەگرن، وە لەکاتی بەرەوپیشەوەچوندا بەشێوەیەکی بەردەوام خۆیان دەوەستێنن لە ڕۆشتن، وەجارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دەستیان کرد بەوەی شتێک بەدەست بھێنن تاکو سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە، وە بەشیوەیەکی بەبێ ڕەحمانە گاڵتە بکەن بە کەموکوڕیە سەرەتاییەکانیان و وە خاڵە لاوازەکانی وە ھەموو پوچیەکانی.” *٥ ئەمە خەسڵەتی دیالەکتیکی خەباتی چینایەتی کرێکارانە.ھەربۆیە ئەنگلس دەڵێ” بزاڤی کرێکاری ئەڵمانی وارسی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانیە.”*٦
بە پێچەوانەی ئەم میتۆدە دیالەکتیکیەوە ،کە پێویستە ھەموو مێژووی سەدەی ١٩ و ٢٠ بداتە بەر ڕەخنەی بێ ڕەحمانە تاکو کەموکوڕیەکان و لاوازیەکانی کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر و ھۆیەکانی شکستی ئەم شۆڕشانە بکاتە دەرس بۆ شۆڕشەکانی ئەم سەردەمە ، ھێشتا دیدی میتافیزیکی و نامێژوویی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا ،نەک ھەر چینی کرێکار بەپێی قاڵبە فکریەکان پەرت پەرت دەکا، بەڵکو کۆمۆنیزم خۆشی دەکاتە شتێکی جیاواز لە چینی کرێکار و ئەو خەباتەی ئەمرۆ لە مەیدانەکانی ئازادی لە ئارادایە.
بەم شێوەیە ھیچ کاتێ ئەو ناکۆکیەی لە فکری خۆیدا بۆ جیاکردنەوەی سنوری کۆمۆنیستی و ناکۆمۆنیستی دروستی کردوە، ناتوانێ چارەسەری کێشەی جیایی کۆمۆنیزمی لە کرێکار پێ بکا. پێی وایە پیویست بە کۆمۆنیزمێکی فکری خالسە و پوختە تا بتوانێ ئەم دوانە پێکەوە گرێ بداتەوە، وەک چۆن پەیڕەوانی ئاینەکان بۆ دەقەکان و ڕەفتاری پێغەمبەرەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ڕزگارکردنی دنیای ئێستا.
ئێمـە بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی چینی کرێکار و ئەو گۆڕانکاری و جیاوازیانەی لە خەباتی فکری و سیاسی ئەم چینەدا دروست دەبێ پێویستە سەیری مێژووی بورژوازی وەک چینێکی شۆڕشگێڕ دژ بە سیستەمی دەرەبەگایەتی بکەین. دەبینین بەپێی گۆڕانکاری وگەشەی جێگە و ڕێگەی ئابوری بورژوازی لە سەردەمی ڕینیسانسەوە ھەوڵی فکری و سیاسی بەردەوامی چەند سەدەی خایاند تاکو پێکھاتەکانی سیستەمی سیاسی خۆی کامڵ کرد. لە لۆتەریزمەوە دەست بە شەڕ لەگەڵ کەنیسەی کاسولیک دەکا،وەک پێکھاتەیەکی سیستەمی دەرەبەگایەتی، ھەروەھا لە میکاڤیللیەوە شۆڕش بەسەر فکری سیاسی دەرەبەگایەتی و کڵێسادا دەکا و زانستی سیاسەت لە دنیای واقعیدا دەھێنێتە ئارا و دواتر لەسەر دەستی ھەر کام لە جان بۆدان، ئاڵتۆسیۆس،تۆماس ھۆبس، جۆن لۆک،مۆنتیسکۆ،ڕۆسۆ،بنتام و ستیوارت میل و دەیان فەیلەسوف و یاساناس و سیاسی و بزوتنەوە سیاسیەکانیەوە ،کاری فکری و تێوری سەبارەت بە چەمکەکانی سەرەوەری، دەسەڵاتی یاسا، فۆرمی حوکمڕانی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دینی لە دەسەلاتی سیاسی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و بەڕیوەبردن و دادوەری ودەوڵەت و دەستور و مافەکان فۆرمۆڵەکران و جێکەوتن.
ئەم پرۆسەیەی شکڵگرتنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی سیستەمی سەرمایەداری لە ئەنجامی چەند سەدە لە ململانێی فکری و سیاسی و سەربازی لە نێو چینی بورژوازیدا و دژ بە فکر و بیرورای زالی دە رە بە گایە تی ڕویداوە. لەگەڵ پێداویستیەکانی سەپاندن وڕاگرتن و گەشەپێدانی دەسەلاتی ئابوری ئەم چینەدا و کاریگەری خەباتی چینایەتی بەسەریانەوە ،قاڵبی حزب و حکومەت و دەوڵەتی بورژوازی گۆڕانی بەسەرداھاتوە و شکڵی ئێستای پەرلەمانی و حکومەتی جێبەجێکردن و دەزگای دادوەری و سوپا و دەزگای ئاسایش و دەزگا نھێنیەکانی وەرگرتوە و لە ئاستی جیھانی UNوبانکی جیھانی ودەزگای جۆراوجۆری دروستکردووە.
حزب و دەوڵەت بۆ چینی کرێکاریش ڕەوتێکی ململانێی فکری و تیۆری و پراتیکی دوو سەدەیەی تێپەڕاندوە. لەھەر دەورەیەکدا چینی کرێکار کۆمەڵێک ھەنگاوی بەرەو پێشەوە ناوە و لە خەبات و شۆڕشی بەردەوامیدا ڕاستی و دروستی تیۆریەکان و سیاسەتەکانی تاقیکردۆتەوە و سەلماندونی، یاخود لە شکستەکانیدا ناڕۆشنی و ھەڵەکانی خۆی بۆ دەرکەوتوە. ڕەوتێکی مێژوویی ئەم چینە کە لە دوو سەدەدا لە شێوازی ئەنترناسیونال و سەندیکا و شورا و یەکێتیە کرێکاریەکان حزب و شۆڕش و مانگرتن و دەوڵەتدا خۆی نمایش کردوە.
ئەمانە ھەمویان ھەوڵی جۆراوجۆری چینێکن کە لە پێناو کۆتایی ھێنان بە کۆیلایەتی بۆ سەرمایەداری دەستی بۆبردوە و لە پرۆسەیەکی مێژوویدایە بۆ خۆ ئامادەکردن وەک بەدیلی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە. پێ بەپێی ئەوەی «چینی کرێکار بەردەوام ژمارەی زیاد دەکات و بە دیسپلین دەبێت، یەکگرتوو دەبێت، ڕێکخراو دەبێت، لە ڕێگای میکانیزمە زۆرەکانی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری خۆیەوە”*٧ ، لە خەباتی چینایەتیدا مەسەلەی نوێ وەک حزب ، ئەنتەرناسیونال، دەوڵەت، شورا و سەندیکا و کەلتور و ھتد دێتە پێشەوە.
کۆمۆنیزم لەگەڵ شۆڕشە بورژوازیەکاندا دژی دەرەبەگایەتی وەک بزوتنەوەیەکی ناڕازی کرێکارانی تازە پێگەیشتوو ھاتەمەیدان و زۆر بەسادەیی خۆی لەبەرگی بەدیلی سەرمایەداریدا نیشاندا. ھەرچۆن بورژوازی چەند سەدەی لە خەباتی فکری و سیاسی و ئابوری ویست تاکو لە کۆتوبەندەکانی فیۆدالی ڕزگاری بوو ، بە ھەمان چەشن کرێکارانیش لە ھەوڵێکی مێژوویی بەردەوامدان تا خۆیان وەک بەدیلی سەرمایەداری بسەلمێنن. ئەم چینە بە چەندین شۆڕش لە سەدەی نۆزدە و بیستدا مۆری خۆی داوە لە مێژووی تا ئێستای دنیای سەرمایەداری.
ئەم کۆمۆنیزمە بەم تەجروبانەی نیشانداوە لە بواری فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و بوەتە یەکێک لەو بزوتنەوانەی کاریگەری لەسەر پێکھاتەی ئاڵۆز و قەیراناوی سیستەمی سەرمایەداریداھەیە. ھەر قۆناغێکی ئەم ھەوڵە فکری و سیاسیانە دەبێ وەک ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو سەردەمە و پێداویستیەکانی خەباتی ئەو دەروەیە سەیربکرێن نەک وەک قاڵبێک و دۆگمێکی کە مێژووی تیاقەتیس بکرێ و لە ئێستادا دەبێ کۆمۆنیزم وەڵامی ئەو کێشە و مەسەلانە بداتەوە کە چینی کرێکار لە خەبات و ڕیکخراوبون و شەڕی لەگەڵ بزوتنەوە بورژوازیە نیولیبراڵ و پۆپۆلیست و ناسیونالیستەکانداڕوبەڕوە، نەک شەڕێک کە مارکس لەگەڵ باکۆنین ھەیبوە ، یان لینین لەگەڵ کاوتسکی ، یاخود ترۆتسکی لەگەڵ ستالین. ھەرچۆن بورژوازی ناڵی بۆچونەکانی ھۆبز یان ڕۆسۆ قسەی ئاخری دەوڵەت و دەستور و پەیمانی کۆمەڵایەتیە.
بێگومان چینە کۆمەڵایەتیەکان لە شەڕی سیاسی دنیای واقعیدا بەناچاری یان بەپێی بەرژەوەندیەکانی چینەکەیان ئەم یاسا و دەزگایانە دەگۆڕن. ھەربۆیە چینی کرێکاریش پێویستی بە بەردەوام گەشەپێدانی گۆڕینی تیڕوانین و ئامڕازەکانی خەباتی ھەیە.
تێگەیشتنی ماتریالیستی لە مێژووی چینی کرێکار پێمان دەڵی کە ئەم چینە لەگەڵ دروستبون و گەشەی چینی بورژوازی وشۆڕشی پیشەسازیدا دروست بوە و ھەردوو ئەم چینە سیستەمی سەرمایەداریان پێکھێناوە. ناکۆکی چینایەتی نێوان ئەم دوو چینە لەناو جەرگەی شەڕی کۆتایی ھێنان بە پاشماوەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا بەرەبەرە زەق بوەتەوە و گەیشتۆتە شەڕی نێوان ئەم دوو چینە و لەھەر شەڕێکدا بۆ دیموکراسی و ئازادی زیاتر کە بورژوازی کردویەتی دژی سیستەمی پاشایەتی و فیۆدالی چینی کرێکار بەشداریکردوە وھەوڵیداوە ئەو دەستکەوتانە ھەر تایبەت نەبن بە بورژوازی بەڵکو ئەویش وەک لێی بەھرەمەندبێت. چینی کرێکاریش ھاوشێوەی بورژوازی سەدەکانی ڕینیسانس و ڕۆشنگەری، ئەویش لە سەدەی ١٩و٢٠دا کۆمەڵێک شۆڕشی کردوە و پرۆسەیەکی دانەبڕاوی لە خەبات و فشار دژ بە سەرمایەداری ھەبوە. ئەم چینەش بەپێی جێگەوڕیگای ئابوری و ئاستی گەشەی سەرمایەداری و ئاستی وشیاری و ڕێکخراوبونی کرێکاران تیایدا ئایدیاکانی دنیای کۆمۆنیستی و یەکسان و ئازادی سەریھەڵداوە و توێژی ڕۆشنبیر و فەیلەسوف و بیریاران و ھەڵسوڕاوانی سەر بەم چینەش تەعبیریان لەم خواست و ئامانجانە کردووە.
کۆمۆنیزمیش وەک بەشێک لەم ھەوڵە ڕۆشنبیری وسیاسیە، پێ بەپێی تەجروبە سیاسی و پراتیکە شۆڕشگێڕانەکانی کرێکاران گەشەی دەرکرد و لە کۆمۆنیزمێکی خەیاڵیەوە گەشتە ئاستی تیۆریەکی سیاسی و ئابوری و فەلسەفی و دواتریش بەشێوەیەکی زانستی لیکدانەوەکانی لەسەرسیستەمی سەرمایەداری و ناکۆکی و قەیرانەکانی و ئامڕازەکانی گۆڕانی بە سیستەمێکی کۆمۆنیستی خستەڕوو.
چەمکی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە مێژووی ئەم ململانێ سیاسی و چینایەتیەدا سەریھەڵدا. سەرەتا گروپە کۆمۆنیستیە نھێنیەکان و ڕیکخراوە جەماوەریە ئاشکراکان پێکدەھاتن و دواتر گرنگی ڕیکخستنی یەکپارچە و سەراسەری و جیھانی ئەم چینە ھاتە ئارا وئەنتەرناسیونالی یەکەم و حزبە سۆشیال دیموکراتی و کرێکاریەکان لە ئەوروپا وڕوسیاو ئەمریکادا سەریان ھەڵدا.
ئەم چەمکە دوو خەسڵەتی سەرەکی ھەبوو، کە یەکەمیان باسی حزب باسی ڕێکخستنی سەرجەم چینی کرێکار بوو وە مانای حزبێکی تایبەتی نەبوو لە ناو کرێکاراندا. ھەربۆیە لەئەنتەرناسیونالی یەکەم و حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیادا بۆچون و ڕیبازی سیاسی جیاجیا دەبینین و سەرەڕای ململانێی سیاسی و فکری نێوانیان بەڵام وەک حزبێکی کۆمەڵایەتی وھێزێکی سیاسی ئەم مەیلانە پێکەوە کاردەکەن.
مانیفیستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگلس تەعبیر لەم قۆناغە دەکا کە دەڵێ ” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیا لە حزبەکانی چینی کرێکار نین و ئامانجیان کۆکردنەوەی ھەموو چینەکە و خستنەڕووی ئامانجی کۆتایی چینەکەیە لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتیدا” ئەو پێناسەیەیە بۆ حزب کە بنەمای تێگەیشتن لە چەمکی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی نیشان دەدا.
دووەمیان ؛ ئەم حزب و ڕیکخراوانە لەگەڵ شەڕی چینی کرێکار لەسەر دەسەڵات گرتنی کرێکاران و شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەر سەرمایەداریدا تێکەڵاون. وەک تێکەڵاوی ئەنترناسیونالی یەکەم لەگەڵ کۆمۆنەی پاریس و پەیوەندی بەردەوام بە خەباتی سیاسی و ئابوری کرێکارانی ئەوروپاوە، یان حزبە سۆشیال دیموکراتەکان و خەباتی پەرلەمانی و مانگرتن و خۆپیشاندانە کرێکاریەکان و بونی سەدان ھەزار ئەندامی کرێکاری لەم حزبانەدا و بەشداری لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ڕاپەڕینەکانی ئەڵمانیا و مەجەر و مانگرتنە سەراسەریەکانی ئیتالیا وبەریتانیا و نەرویج و وڵاتانی تر.
لەم ئاستە لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی وجەماوەری وبەتایبەت لە کۆمۆنەی پاریسەوە چەمکی دەوڵەتیش دەبێتە بەشێکی سەرەکی لەم خەباتە. دواتر لە شەڕی جیھانی یەکەمدا ئەم بزوتنەوەیە دەکەوێتە بەردەم قۆناغێکی تەواو جیاوازەوە و لەبەردەم ئەرکێکی مێژووییدا قەرار دەگرێت.
ئەم شەڕە جیھانیە بۆ جیھانی مۆدێرن بەمانای ڕوخانی تەواوی پایەکانی دنیای لیبرالیزم و مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی بورژوازیە،کە لەبەرامبەریدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی سەریھەڵدا و بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی خستە بەردەم ڕوبەڕوبونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ ئەم شەڕە جیھانی وبەربەریەتەی سەرمایەداری و نیشاندانی بەدیل و ڕیگاچارەی کۆمۆنیستی بۆ کۆمەڵگەیمرۆڤایەتی. ھەربۆیە جارێکی تر مەسەلەی شۆڕشی کرێکاری دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی وگرتنە دەستی دەسەڵات و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی دەبێتە پێویستیەکی ڕۆژ.
“دەوڵەت و شۆڕش” ی لینین تەعبیر لەم قۆناغە گەشەکردوەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار دەکا کە دەڵێ” ئامڕازەکانی دەوڵەتی بورژوازی دەبێ لەناوببرێ و دەوڵەتێک دروست ببێ کە پشتی بە چەکدارکردنی گشتی و نوێنەرانی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جوتیاران ببەستێ”.
لەم قۆناغەدا ئێمە لەگەڵ دوو مەسەلە دەرگیر دەبین یەکەم؛ جیابونەوەیەک لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا لەسەر بنەمای تاکتیک لە بەرامبەر شەڕی جیھانی و دەوڵەتی بورژوازیدا.
ڕەوتێکی ناسیونالیستی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا پشتیوانی لە لایەکی شەڕ دەکەن بەرامبەرلاکەی تر و ھاوکاتیش پشتیوانی لە ریفۆرمیزم دەکەن لە بەرامبەر گۆڕینی دەسەڵات بەشێوەی شۆڕشگێڕانە.
دووەم ؛لە ڕوسیادا کە زەمینەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی تیایدا لە سەرەتای سەدەی بیستەوە لەبار دەبێت و ٣ شۆڕشی یەک لە دوای یەک ڕودەدەن و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی نمونەیەک لە شۆڕشی سۆشیالیستی و دەوڵەتی کرێکاری نیشان دەدا.
ئەم دەورەیە دەورەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەیە. ھەردوو چەمکی حزب و دەوڵەت لەم دەورەیەدا دەکەونە قۆناغی پراتیکێکی کۆمەڵایەتی و گۆڕانێکی سەرتاپاگیری سیاسی و ئابوری کۆمەڵگەی ڕوسی دەگرێتەوە و کاریگەری خۆی بەسەر جیھاندا دادەنێ. سەدەی ٢٠ و تا ئێستاش مۆدیلی حزبی بەلشەفی و دەوڵەتی سۆڤیەتی وەک دوو مۆدیلی نەگۆڕ و پیرۆز سەیردەکرێن و ھیچ ڕەخنەیەکی بنچینەیی لەم مۆدیلانە و نیشاندانی بەدیلی بەرامبەریان لە ئارادا نیە. ئەم دیدە میتافیزیکی و نامێژووییە لە حزب و دەوڵەت مەسەلەی سەرمێزی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە.
لێرەوە تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ دەور و مێژووی چینی کرێکار گرنگی حەیاتی و بنەڕەتی پەیدا دەکا، بویە دەبێ لێکدانەوەی دروست و زانستی بۆ ئەم مێژووە و واقعی ئێستا بکا و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە بونەتە گرێ کوێرە لە بەردەم چینی کرێکار و ئایندەی خەباتەکەیدا. تێڕوانین بۆ حزب و دەوڵەت ئەو دوو ئەڵقەیەیە کە ئێمە لەم لێکدانەوانەدا بەدەستیەوە دەگرین تاکو دەرگابکاتەوە بەڕووی ڕۆشنکردنەوەی گرفت و کێشەکاندا.
لێرەوە دەبێ ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر دوو چەمکی حزب و دەوڵەتدا ھات بە شیوەیەکی وردتر لێک بدەینەوە تا بزانین چ جیاوازیەکی لەگەڵ بنەما سەرەکی و سادەکانی پێش ئەم دەورەیە و دنیای سەردەمداھەیە؟
٣ http://www.asokamal.com/index/?p=١٦١٦*
*٤https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_١٨٤٨_manifesti_komonist.pdf
*٥ الپامن عشر من برومیر لویس بونابرت ل ١٤٣،مارکس انجلس ،مخارات، الدار التقدم
*٦https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_١٨٨٨_feurbax.pdf لودفیگ فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی، ل ٨١، وەرگێڕانی سالار ڕەشید
٧ http://www.asokamal.com/index/?p=١٦١٦*