سروشتی سیاسەت ئەوەیە کە ئاڵۆزە، بە تایبەتی لەبەرامبەر هێزەکانی چەپدا، نەك لەبەر ئەوەی توانایان لە هێزەکانیتر کەمترە، بەڵکو بەر لە هەموو شتێك ئەو ئەرکانەی ئەوان دەیانەوێ جێ بەجێیبکەن گەورەو ترسناکە! لە سەر ئەم ئامانجانە بزوتنەوەی چەپ بەشی زۆری بە دەستی ناسیۆنالیزمەکانی ووڵات سەرکوت کراوە، بەشێکیشی وازی لە چەپ بوون هێناوەو ” مەسخ ” کراوەو بووە بە بڵندگۆی نەعرەتەی قەومی و بە دوای ڕاگرتنی ئیمتیازاتی ئەو دۆخە مێژوەدایە کە نرخەکەی بریتیە لە زەلیل کردنی زیاتری شوناس و پێگەی بزوتنەوەی چەپ.
لە بەرامبەر ئەم دۆخە مێژوویە ناهەموارەدا، لە نێو بەشێکی زۆر لە ئەندامان و هەوادارانی حیزب و ڕێکخراوە جۆراو جۆرەکانی چەپدا جۆرێك لە ڕەشبینی و بێ ئومێدی ڕەگی داکوتاوە، جۆرێك لە هەناسە ساردی جێگیربووە چەشنی ” تازە ئێمە بەرامبەر ئەو شەپۆڵە ڕاستڕەویە، ئەو پلاتفۆرمە ئابوریەی جێگیرکردنی کەرتی تایبەت و زنجیرەکانی بانکە نێودەوڵەتیەکان، ئەو هەژموونە ناسیۆنالیستیەی سەر دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات هیچمان پێ ناکرێت “.
پایەی مادی ئەم وەرچەرخانە نێگەتیڤە لە مەعنەویاتدا لە پڕ و لە ناکاو دروست نەبووە، پڕۆسەیەکی دوور و درێژە، کە چەندین ڕووداوی جیهانی و ناوخۆیی، چەندین جەنگی یەك بە دوای یەکی وێرانکەر هەموو جێ پەنجەی خۆی داناوە لە بێ هێزکردنی چەپ و تیژکردنەوەی هێزی ناسیۆنالیزم و دەسەڵاتداریەکەی کە ئەمە بە دڵنیایی ناسیۆنالیزمی کوردیش دەگرێتەوە.
لەسەرووی هەموو ئەو فاکتانەشدا، دۆخی کۆمەڵگە خۆی هیچ یارمەتیدەر نیە، کۆمەڵگە لە ئەنجامی تێپەڕینی بەو هەموو گۆرانکاریە ئابوری و سیاسی و سەربازیانەدا نەك وەکو ” جەستەیەکی ” یەکگرتوو نەماوە، بەڵکو قڵشت و جیاوازیەکانی و قەیرانەکانیشی بە گوتاری ساختە ڕەنگڕێژ کراوە ! لە دۆخێکی وادا پرسیارە چارەنوسازەکە دەبێ ئەوەبێت لە کام سوچەوە دەست پی بکەین؟ نەك لە کوێ دەست بەردەین!
لە هیچ دۆخێکی پڕ لە تەنگەژەوە قەیرانی وەرچەرخانەکانی کۆمەڵگەدا دەرگای هاتنە ژوورەوە کراوە نیە، هیچ هێزێکی سیاسی و چینایەتی و حیزبی و تەنانەت خێڵەکیش لە ئان و ساتی بڵقە بڵقی قەیرانەکانی یان شێوەی حوکمڕانیەکەی ” فەرموو” لە چەپ ناکات تا دەسەڵاتەکەی لێ وەرگرێت، تەنانەت فەرموو لە هێزە هاوشێوەکانی خۆیشی ناکا، سروشتی چینایەتیانەی دەسەڵاتی سیاسی ئەوەیە:-
” من لە دەسەڵات نیم بۆ ئەوەی بیبەخشم، من لێرەم بۆ ئەوەی بمێنمەوە” ئەم سەراحەتە لە گوتاردا بۆیە جێگیر بووە، چونکە تا ئێستا گوتاری بەرامبەر کە بەلای کەمی لە ڕووی تیئۆریەوە دەبێ چەپ بێت هێشتا نوقمی چەندین گرێیە چەشنی :-
بچووك بوونەوەی قەبارەی جەماوەری، لە دەست دانی شوناسی چەپ و بەرزکردنەوەی شوناسی چینەکانیتر، لە هەمووی قولتر ” ئالودە بوون ” بەو هەستەی کە ئێمە لە کۆتایی هەموو شتەکانداین! ئەم کۆدە مەعنەویە زنجیرەکانی تەنیا بریتی نیە لە خامۆش بوونی گەشەی حیزبەکانی چەپ و نەبوونی ئاسۆ و ئەجێندای کارکردنی ستراتیژی، بەڵکو بووە بە دیوارێکی بەرزی دەروونی لە بەرامبەر گەڕانەوەی خۆشەویستی و ڕێز بۆ کاری سیاسی بە چەمکە مارکسیەکە کە بریتیە لە دروست کردنی گۆڕانکاری و یان وەرچەرخان .
بۆ ئەوەی بتوانی ئەم گرێ دەروونی – مەعنەویە چارەسەر بکەیت پیویستت بە مارکسە نەك دکتۆری دەروونی! چونکە لێرە راستە گرفتەکە خۆی بە روخسارێکی مەعنەوی و دەروونی داڕوخاو پیشان دەدا؛ بەڵام گرفتەکە فیکریە، بەو مانایەی ئەم گرێیە سەرچاوەکەی لە ئیشکالێکی فیکری دایە کە کاریگەری داناوە بەسەر ئەوەی ئێمە چۆن ئەمڕۆی خۆمان دەبینین و چۆن شی دەکەینەوەو بە چ ئەنجامگیریەك دەگەین.
لێرە دێینە سەر ئەو گرێ فیکریەی کە ڕەنگە چارەسەر کردنی پەنجەرەیەك بکاتەوە بۆ ئاسۆی کارکردن. ئەوەی لەم داڕمانە مەعنەویەدا بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت بریتیە لە بۆچوونێکی ئایدیالی کە بریتیە لە بینینی دونیاو دۆخی باو وەکو “دوا نەگۆڕو وەکو دوا موتڵەقی مێژوو ” لە بەرامبەر ئەو ئالودە بوونەدا، سادەترین چەمکی ماتریالیزمی مێژوو غائیبە کە بریتیە لەوەی مێژوو ” وەستاو” نیە بەڵکو لە چەقبەستوترین دۆخی خۆیدا هیشتا دووچاری ” ڕێژەیی” بوونە.
ئەم تێگەیشتە تەنیا بواری ئەوەت پێ نادا کە دابڕانێك دروست بکەیت لە نێوان ئومێدو بێ ئومێدیدا، بەڵکو ئەم چەمکی ڕێژەیی بوونە دەرفەتی ئەوەشت پێدەدا دەربیجەکانی کارکردن و بە پێی قسەکەی لینین ” سیاسەت هونەری شتە مومکینەکانە ” دەست نیشان بکەیت.
ئێمە لە ئەمڕۆدا ئەو شتانەی لە دەستمان دێت ڕەنگە سنووردار بن، بەڵام ؛ پراکتیز کردن و ئیش کردن لەم سنورداریە تاقە ڕێگای عەمەلیە لە قڵشت کردنی دەرفەتە زۆر تەسکەکانی مێژوو، ئێستا وەکو کۆتایی سەیر مەکە، ئێستا وەکو سەرەتا سەیر بکە !