نادیه موراد خهڵاتی نۆبڵی ئاشتی وهرگرت
لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج و لە مەراسیمێکدا، هەریەك لە نادیە مورادی رزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان بۆ ساڵی ٢٠١٨ وەرگرت.
لە میانی بەرێوەچوونی رێورەسمەکەدا نادیە مورد لە وتارێکدا رایگەیاند، ” شەرەفێکی گەورەیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێبەخشرا”
روونیشیکردەوە، ” ئەو کە منداڵبووە هیچی دەربارەی خەڵاتی نۆبڵ و وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەزانیوە، تەنها خەونی تەواوکردنی خوێندن و کردنەوەی ئارایشتگایەکی جوانکاری خانمانی بوو”
لە وتەکانیدا ئاماژەی بە خراپی بارودۆخی ئێزدییەکان کرد و رایگەیاند، ” دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەکانیان، لە شەو و رۆژێکدا ژیانیان گۆراوە و هەموو ماڵێکی ئێزدیی چیرۆکێکی خەمناک و کارەساتێکی هەیە”.نادیە موراد راشیگەیاند، پێویستە تاوانبارانی کەیسی ئێزدییەکان سزا بدرێن.
لە بەرواری (٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) پەیمانگای نەرویجی خەڵاتی نۆبڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، لە مەراسیمێکدا هەریەکە لە نادیە موراد و دێنیس موکوێگی وەك دوو کەسی سەرکەوتوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل دەستنیشان کرد.
نادیە موراد کچێکی ئێزدیی تەمەن ٢٥ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە باڵیۆزی نیازپاکی دەستنیشانکرا.
ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٤دا لە لایەن رێکخراوی داعشەوە رفێندرا، دوای ئازادبوونی لە دەستی داعش، لە بەرواری (٥ی کانونی دووەمی ٢٠١٦) لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دیاریکرا.