
جەماوەری وڵاتپارێزی كوردستان …
كەس و كارو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ...
ئێمە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەدرێژەی دیدارو كۆبوونەوەكانماندا، ئەمڕۆ 20 / 12 / 2014 لە شاری هەولێر كۆبووینەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بەكاروچالاكی ماوەی رابردوومان گفتوگۆكرا، بە باوەڕی هەموو لایەكمان كارو چالاكییەكانمان لە ماوەی رابردوودا كەشێكی گونجاوی بۆ كارو خەباتی هاوبەش لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خوڵقاندووە، ئەمەش وا دەكات كەوا زیاتر كاربكەین بۆئەوەی بتوانین ببینە هۆكارێك بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و یەكدەنگی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان، كارو خەباتی ماوەی رابردوو بە ئیجابی هەڵسەنگێنران و لەژێر تیشكی ئەمەدا پلانسازی و كارنامەیەكی نوێ بۆ كارو خەباتی داهاتوو داڕێژرا، كارو خەباتی داهاتوومان بۆ پشتیوانی و پێشخستنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دەبێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا رەوشی سیاسی كوردستانی مەزن گفتوگۆی لەسەر كرا و، جەختكرایەوەسەر پشتیوانی خەبات و بەرخودانی گەلی كوردستان لە باكوورو باشوورو رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان و، روانینی هاوبەش بۆ هەر بەشێكی كوردستان بەم شێوەیە بوو:
باكووری كوردستان: هەموو لایەكمان پشتیوانی تەواوی پێشڤەبردن و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەكەین و، لەپێناو سەرخستن و بە ئەنجام گەیشتنی پرۆسەكە داوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كەوا فشار بخەنە سەر توركیا بۆئەوەی بەزووترین كات بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ئازاد بكات و ،داوا دەكەین پارتی كرێكارانی كوردستان PKK لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، لەبەرئەوەی ئازادكرنی بەڕێز ئۆجەلان و دەرهێنانی PKK لە لیستی تیرۆر دەبنە فاكتەری بەهێز بۆ سەركەوتنی پێڤاژۆی ئاشتی و كۆتاییهێنان بەشەڕ.
باشووری كوردستان: پاراستن و پێشڤەبردنی ئەزموونی باشووری كوردستان بە ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی لایەك دەزانین و، خۆمان بە پێشمەرگەی پاراستنی كوردستان دەزانین و، پشتیوانی خۆمان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان رادەگەیەنین كەوا دلێرانە رووبەڕووی دڕندەترین دوژمن بۆتەوە كە ئەویش رێكخراوی تیرۆریستی ( داعش )ە، لێرەوە ئامادەبوون و سەرپەرشتی و بەشداربوونی بەڕێز كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرەكانی شەڕی دژ به تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و سوپاسی هەڵوێستی نهتهوهیی و نیشتمانی و ماندووبوونی بەڕێزیان دەكەین، لەهەمان كاتدا بەبۆنەی سەركەوتنەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگاڵا و ئازادكردنی شنگاڵا پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان دەكەین و، هیوامان زۆرە لە ماوەیەكی كورتدا تەواوی خاكی كوردستان لە تیرۆریستان پاكبكرێتەوە، سەركەوتنی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستاندا بەسەركەوتنی هەموو گەلی كوردستان دەزانین، لێرەوە سوپاسی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كەوا لە رەوشێكی وادا بەهانای كوردستانەوە هاتوون و پشتیوانییان كردووە، ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی كەوا لە باشووری كوردستان دەكرێ، پشتیوانییە بۆ هەموو گەلی كوردستان، لەم رووەوە سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانە دەكەین كەوا هاوكاری گەلی كوردستانییان كردووە،گەلی كوردستان لە باشووردا هەر هەمووی قارەمانانە لە بەرخودان دان، ئەمەش وادەكات كەوا هەموو لایەنەكان چۆن ئەركیان دیارە ئاواش مافیان دیاربێت، بۆئەمەش داوا دەكەین كەوا بەكردەوەو باشتر پرەنسیپەكانی ئازادی سیاسی و یەكسانی كۆمەڵایەتی جێبەجێبكرێن.
تیرۆریستانی داعش بە ئامانجی جینۆسایدكردنی نەتەوەی ( كلدان سریان ئاشووری ) و خوشك و برایانی ئێزدی گەورەترین تاوانی مرۆییان دژ بەم خوشك و برایانەمان ئەنجامداوە، ئێمە جارێكی دیكە ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە ئیدانە دەكەین و داوا لە گرمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە ئەم تاوانانە وەكو جینۆساسد بناسن.
رۆژهەڵاتی كوردستان: لە رۆژهەڵاتی وڵاتدا رۆژانە مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان پێشێل دەكرێت، لەم رووەوە ئێمە سیاسەتەكانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران كە نكولیكردن لە پرسی نەتەوەیی كوردە بە سیاسەتێكی ناڕەوا و شكست خواردوو دەزانین و, پشتیوانی خۆمان بۆ بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەردەبڕین، هەروەها ئێمە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی خەڵكی كوردستان بۆ پێشێل كردنی مافی مرۆڤ و لە سێدارەدانی لاوانی كورد و زیندانیكردنی چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئیدانەو مەحكوم دەكەین و پشتیوانی خۆمان بۆ داخوازییەكانی زیندانییانی سیاسی مانگرتوو لە بەندیخانەی ورمێ رادەگەیەنین.
رۆژئاوای كوردستان: ئێمە وەكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، جارێكی دیكە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ شۆڕش و بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنین و بەرز دەیاننرخێنین ، بۆ پاراستن و پێشڤەبردنی دەسكەوتەكانی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان، داوا دەكەین كەوا بەزووترین كات ( رێككەوتننامەی دهۆك )ی نێوان تەڤگەری جڤاكی دیموكرات ( TEV-DEM ) و ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا ENKS بەكردەوە جێبەجێ بكرێت، بێگومان جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتننامەیە دەبێتە فاكتەری بەهێزی یەكڕیزی و یەكدەنگی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان.
كۆنگرەی نەتەوەیی كورد: كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردایە، مەترسی گەورە لەسەر گەلی كوردستان هەیە،لە رەوشێكی وادا پێویستە هەموو لایەكمان كار بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی بكەین، ئێمەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەم پێناوەدا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زۆر بەجدی كارمان كردووەو، گەیشتووینەتە ئەنجامی باش، هەست بە كەشێكی گونجاوی لەیەكترگەیشتن و بەیەكەوە كاركردن دەكەین، لەپێناو پاراستنی ئەم كەشە سیاسییەو هێنانەدی یەكریِزی و یەكدەنگی تەواوی لایەنە سیاسییەكان و گەلی كوردستان لە كارو خەباتی خۆماندا بەردەوام دەبین و، داوا لەهەموو لایەك دەكەین هاوكارو پشتیوانمان بن بۆئەوەی یەكێتی و یەكدەنگی لەنێوان تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان وەدیبهێنین, لەم پێناوەشدا جارێكی دیكە داوا لە بەڕێز كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بانگ لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان و لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بكات بەزووترین كات كۆببنەوەو دەست بەكارەكانیان بكەنەوە، بۆئەوەی بەزووترین كات كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و ببێتە چەترێكی هاوبەش بۆ هەموو لایەكمان و، لەهەمان كاتدا ببێتە سەنتەری بڕیاری سیاسی نەتەوەیی و نیشتمانی لە كوردستاندا.
_ سەركەوێ خەبات و بەرخودانی گەلی كوردستان.
_ نەمری و سەربەرزی بۆ تەواوی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانی مەزن.
_ مردن و رووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمن و ناحەزانی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
لایەنە سیاسییەكان:
1- پارتی دیموكراتی كوردستان
2- كۆما جڤاكێن كوردستان KCK
3- یەكێتی نیشتمانی كوردستان
4- بزووتنەوەی گۆڕان
5- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
6- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
7- حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران
8- بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
9- حزبی دیموكراتی كوردستان
10- بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان
11- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
12- كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتیك KCD
13 – بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی توركمان
14- تەڤگەری جڤاكی دیموكرات ( TEV-DEM )
15- حزبی شروقی توركمانی
16- حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن
17 – حزبی رزگاری كوردستان RPK
18 – پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD
19 – پارتی پارێزگارانی دیموكراتی كوردستان
20 – پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP
21- كۆمەڵە ( رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران )
22- پارتی گەلی توركمانی عێراق
23- پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان
24- پارتی رزگاری نەتەوەیی توركمان
25 – كۆمەڵەی لیبرالی توركمان
26- پارتی نەتەوەیی كوردستان
27- حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان
28- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان
29- بزووتنەوەی گۆڕانی دیموكراتی كوردستان _ سوریا
30 – پارتی پارێزگارانی كوردستان
31 – كۆنگرەی نیشتمانی كوردستان KNC
32 – پارتی سەربەستی كوردستان
33 – كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
34- كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK
35 – حزبی شیوعی كوردستان
36- حزبی ئایندەی كوردستان
37- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
38- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
39- بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان
40- پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
41- كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمان لە كوردستان
42- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
43- بزووتنەوەی توركمانی بێلایەن
44- پارتی سەربەخۆیی كوردستان
45- پارتی دیموكراتی گەلان HADEP
46- پارتی گەشەپێدانی توركمانی
47- تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان
48- پارتی چاكسازی و پێشكەوتووی توركمان
49- برایەتی ئۆچاغی توركمان
50- پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
51- پارتی دیموكراتی كوردستان _ باكوور
52- پارتی گەلی توركمان
53- پارتی ئازادی كوردستان
54- یەكێتی بێت نەهرێنی نیشتمانی
55- كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
56- پارتی یەكگرتووی توركمان
57- پارتی سۆسیالیستی كوردستان PSK
58- پارتی ئازادی كوردستان PAK
59- كۆمەڵەی یەكسانی كوردستان
60- پارتی چەپی كوردستان
61- حزبی توركمان ئیلی
20 / 12 / 2014 هەولێر _ كوردستان