پێشێلکارییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٦٩ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٢٧٢ ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتی و چالاکی مەدەنی و دەزگای ڕاگەیاندن و خۆپیشاندەر ئەنجامدراوە، کە لە نێویاندا ١٢٠ کەسیان ڕۆژنامەنوس بوون، کە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا زیادیکردووە.هەر لەو ماوەیەشدا، ١٤ دەزگای ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی داخستن و ڕاگرتنی پەخش بوونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە زۆرترین پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە بەتایبەتی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئازاری ئەمساڵ کە مامۆستایان و فەرمانبەران لە بەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان ئەنجامیاندا.
هیوا عومەر, جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەرێمی كوردستان كاری میدیایی و ڕۆژنامەنوسان ڕوبەڕووی ئاستەنگ و پەلامار دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ئامارێكی بەردەست ڕێكخراوەكەیان كە بەهاوكاری ڕێكخراوێكی نەرویجی بەدواداچونیان بۆ كردوە, لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە 169 پێشێلكاری بەرامبەر بە 272 ڕۆژنامەنوس و دەزگای ڕگەیاندن و چالاكان ئەنجامدراوە.
خستنەڕووی داتا و ئامارەکان لەلایەن ڕێکخراوەکان لەکاتێکدایە کە تا ئێستا پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە و بەپێی ئامارەکان ساڵانە ڕوو لە زیادبوونە و زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی و دەزگا میدیا ئازادەکان کراوە.