د. عارف گۆران
لەم پۆستە ھیوادارم بتوانم بە زمانێکی سادە وە دوور لە زاراوەی پزیشکی ھەندێک شت ڕوون بکەمەوە وە پێشکەش بە کوردستانیانی خۆشەویست بکەم.
لەماوەی چوار مانگی ڕابردوو ڕاستەوخۆ بەشداربووم لە چارەسەری سەدان نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وە ھەروەھا ڕۆلمان ھەبوو لە دانانی پلانی پێویست لە یەکێک لە نەخۆشخانە گەورەکانی بەریتانیا کە چاودێری یەک ملیۆن خەلک دەکات .لە ھەمان کات لە نزیکەوە چاودێری دۆخی کوردستانم کردووە وە ھەروەھا لە گەل ژمارەیەک لە ھاوڕێکانم وە ھاوکارانم لە تەماس بوومە
ڕۆژانە کۆمەلێک تەلەفۆن لە لایەک خزمو ھاوڕێیان بۆم دێت وە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆمەلێک نەخۆش وە کەسانی تووشبوو بەو پەتایە پەیوەندیان پێوە کردووم لە زۆر بەشی کوردستان بە تایبەتی لە ھەولێر ، سلێمانی ، کەلار
کۆمەلێک سەرنج وە تێبینی لام دروستبوو کە حەزدەکەم لەم چەند خالەی خوارە شیکردنەوەیەکی بۆ بکەم .
1. ھەرچەندە ھەموومان دەزانین کە دۆخی تەندروستی کوردستان لە ئاستێکی پێشکەوتوو نیە وە زۆر کەموکوڕی لە وەزارەتی تەندرووستی ھەیە بەلام بەشێوەیەکی گشتی تاکو ھەنووکەش چارەسەرێکی باشی تووشبوانی ئەو پەتایە دەکرێت وە لە زۆربەی حالەتەکان نەخۆش چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت . دەبێت خەلکی کوردستان پالپشتی دکتۆرو کارمەندانی تەندرووستی بکەن . لە دۆخێکی وەک ئێستا نەک ھەر تەنھا حکومەت بەلکوو ھاوولاتی دەتوانێت لەزۆر لایەن پالپشتی کەرتی تەندرووستی بکەن . لە وولاتێکی وەک بەریتانیا ھەزاران ھاوولاتی خۆبەخش ڕۆلێکی گەورەیان ھەبوو لە بەرەنگاری ئەو پەتایە وە یارمەتیدانی کەرتی تەندرووستی.
2
. پێشتر ووتومانە کە زۆربەی خەلکی بە سووکی تووشی ئەو پەتایە دەبن وە تەنھا ڕێژەیەکی زۆر کەم پێویستیان بە نەخۆشخانە دەبێت . ئەوەی من تێبینیم کردووە کە خەلکێکی زۆر لە کاتێک بە سووکی تووشی ئەو پەتایە بوونە کۆمەلێک دەرمان بەکار دەھێنن کە بە ھیچ شێوەیەک پێویستیان نیە . خەلکانێک ھەن بە ھەزاران دینار لە چەندان جۆری فیتامین سەرف دەکەن کە لە ڕاستیدا ھیچ لێکۆلینەوەیەکی زانستی نیشانی نەداوە کە ئەو ڤیتامین وە کانزایانە ھیچ ڕۆلێکیان ھەبێت لە بەرگری کردن لەو ڤایرۆسە. گەر ئەتوانی ڤیتامین D بکڕیت وە بەکاربێنی شتێکی باشە بەلام دەبێت بزانی کە ئەوە ناتپارێزێت لە تووشبون بەو پەتایە ئەگەر ڕێکارەکانی تری خۆپارێزی بەکار نەھێنیت . ئەگەر باری دارایت خراپە پێویست ناکات دوو دڵ بێت چونکە ئەم ڤیتامین وە کانزایانە بە ھیچ شێوەیەک چارەسەری ئەو پەتایە نین وە بە دلنیایی دەلێم ئەوەندە ناھێنێت کە ھەزاران دینار سەرف بکەیت لە کۆمەلێک ڤیتامینی گران بەھا. بۆ پشتگیری لەم ڕایە ئێمە لە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا ھیچ ڤیتامین وە کانزامان بە تووشبوانی ئەو پەتایە نەداوە.

3. لەگەل کەمبوونەوەی ژمارەی پشکنین خەلکێکی زۆر ھەن کە نیشانەی ئەو پەتایەیان ھەیە بەلام پشکنینیان بۆ ناکرێت . گومان لەوەدا نیە چەند پشکنین زیاتر بکرێت دەرفەتی کۆنترۆلی ئەو پەتایە باشتر دەبێت بەلام توانای وەزارەتی تەندرووستی سنووردارە.
4. ھەر کەسێک کە نیشانەکانی ئەو پەتایەی ھەبێت ئەوە ئەگەرێکی ھەرە زۆرە کە تووشی ئەو ڤایرۆسە بووبێت وە دەبێت وەک تووشبوەکی ئەو پەتایە ھەلسوکەوت بکات . لە کاتێک ئەگەر پشکنین ناتوانرێت بۆ نەخۆش بکرێت ئەوە باشترین ڕێگە ئەوەیە کە نەخۆش لە مالەوە بمێنیتەوە وە بەرکەوتن کە گەل ئەندامانی تری خێزانەکەی وە کۆمەلگا بە تەواوی کەم بکاتەوە. لە وولاتێکی وەک بەریتانیا لە کاتێک پەتاکە بە ڕێژەکی زۆر بلاوبۆوە بە ھەزاران نەخۆش ھەر لە مالەوە نەھاتنە دەرەوە تەنانەت حکومەت لەتوانای نەبوو کە ئەو ژمارە زۆرەی پشکنین بکات .جگە لە ھەندێک ئامۆژگاری سەرەتایی نەخۆش پێویستی بە ھیچ چارەسەرێکی تر نەبوو .نەخۆش لە مالەوە دەتوانێت پاراسیتامۆل بۆ ژان وە تا بەکاربھێنێت. بڕێکی باش ئاو وە شلەمەنی بخواتەوە لە گەل ھەندێگ ئامۆژگاری گشتی کە زۆر باسکراوە لە کەنالەکانی ڕاگەیاندن .جگە لەمە بەشی ھەرە زۆری نەخۆشەکان پێویستیان بە ھیچ چارەسەرێکی تر نابێت.
5. کاتێک نەخۆش تووشی ھەناسە تەنگی دەبێت ، بەھەر شێوەیەک بێت دەبێت سەردانی نەخۆشخانە بکات وە ترسی چوونی بۆ نەخۆشخانە نەبێت چونکە لەو حالەتەدا پێویست بە پشکنینی خوێن وە تیشکی سنگ دەکات وە دوای بینینی دکتۆر ڕێژەیەکی زۆر لەم نەخۆشانەش دەتوانرێت لە مالەوە چارەسەر بکرێن وە لە ڕئگای ئۆنلاین ڕاستەوخۆ لە لایەن دکتۆر وە کارمەندانی تەندرووستی چاودێری بکرێن . ئەم گروپە لە نەخۆشەکان دەبێت لە لایەن دکتۆر پلانی چارەسەری بە تەواوی بۆ ڕوونبکرێتەوە وە لە ئەگەری خراپتربوونی باری تەندروستیان دەبێت بچن بۆ نەخۆشخانە.من حەز ناکەم لێرە باسی ئەو چارەسەریە بکەم چونکە لە نەخۆشێک بۆ نەخۆشێکی تر لەوانەیە جیاواز بێت . لە نەخۆشخانەکەی ئێمە پتر لە شەش سەد نەخۆشمان بەو شێوەیە چارەسەر کرد .
6. ئەو نەخۆشانەی کە ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێن دابەزیەوە وە نارەحەتن دەبێت لە نەخۆشخانە چارەسەر وەرگرن . لە ڕاستیدا لە زۆربەی وولاتان تەنھا ئەو نەخۆشخانەی کە باری تەندرووستیان ناجێکیرە لە نەخۆشخانە دەمێننەوە .
7. ئەوەی تێبینیم کردە لە کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر بلاو CT scan ی سنگ بۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆری نەخۆش دەکرێت وە بۆتە جۆرێک لە بازرگانی لە کاتێک ھیچ شتێک لە چارەسەری نەخۆشەکە ناگۆڕێت . ئەمە جگە لە پارەیەکی زۆر لە زۆربەی حالەتەکان ھیچ سوودێک بە نەخۆش ناگەیەنێت . ئەو پشکنینە تەنھا دەبێت لە نەخۆشخانە بکرێت وە تەنھا ژمارەیەکی زۆر کەم نەخۆش پێویستیان بە سکان دەبێت . نابێت سکان بۆ ئەوە بکەی بزانی تووشی کۆرۆنا بوویت یان نا ؟ . دەبێت ئەوە بزانین کە کردنی سیتی سکان ڕێژەیەکی زۆر لە تیشک بەرلەش دەکەوێ وە بۆی ھەیە زیانی ھەبێت.
8. خەلکێکی زۆر دەرزی دژە خوێن مەین – (Fragmin یان Clexane )دەکڕن وە لە مالەوە بەکادەھێنن . ئەو دەرمانە دەبێت تەنھا لە ژێر چاودێری دکتۆر بدرێت بۆ ئەو نەخۆشانەی کە باری تەندروستیان خراپە وە لە نەخۆشخانە خەوتوون. ئەو دەرمانە ئەگەر بە شێوەیەکی باش وە بڕی درووست بەکارنەھێنرێت دەبێتە ھۆی خوێن بەربوون . نەخۆشێک کە باری تەندروستی خراپ نیە وە لە مالەوە توانای جوولەی ھەیە بە ھیچ شێوەیەک پێویست بە دەرمانی دژە خوێن مەیین ناکات.
9
. خەلکێکی زۆر دەستی بە بەکارھێنانی دەرمانیDexamethasone کردووە ھەر لەبەر ئەوەی وا دەزانن تووشی ئەو پەتایە بوونە . ھەندێک جار نەخۆش خۆی ڕاستەوخۆ ئەو دەرمانەی کڕیوە وە لە ھەندێک حالەت لە لایەن کارمەندی تەندرووستی بۆی نووسراوە . حەز دەکەم ئەوە بلێم کە ئەو دەرمانە ھیچ سوودێکی نیە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەو پەتایەیان بە سووکی گرتووە . ئەم چارەسەریە بۆ ئەو نەخۆشانەیە کە باری تەندروستیان زۆر خراپە وە لەژێر ئامێری ھەناسەدانن یان پێویستیان بە ئۆکسجین ھەیە . واتە بۆ ئەو نەخۆشانەیە کە لە نەخۆشخانەن .

10. ھەندێک نەخۆش ئۆکسجین لە مالەوە بەکار دەھێنن بۆ ئەو پەتایە. ئێمە ئۆکسجین لە مالەوە بۆ ھەندێک نەخۆشی درێژخایەنی سنگ بەکاردەھێنین بەلام بۆ ئەو پەتایە جیاوازە . دەبێت ئەوە بزانین کە کەسێک جگەرە بکێشێت یان لە ئاگر نزیک بێت ئەوە لەوانەیە ئامێری ئۆکسجین گڕ بگرێت وە کارەساتی لێبکەوێتەوە . من خۆم لە گەل ئەو ڕایەدا نیم کە نەخۆش ئۆکسجین لە مالەوە بەکاربھێنێت. لە ھەندێک دۆخی تایبەت ئەگەر ئەو بڕیارە درا لە لایەن دکتۆر ئەوا دەبێت زۆر بە ووردی چاودێری بکرێن چونکە دەزانین بەشێک لەو نەخۆشانە بە شێوەیەکی خێرا باری تەندروستیان تێکدەچێت .
11. خەریکە ھەندێک کەس بازرگانی بە پلازمای خوێن دەکات . ھەر ئەمرۆ لە شاری ھەولێر دوو تەلەفۆنم بۆ ھاتووە دەربارەی پلازمای چاکبوانی کۆرۆنا .تاکوو ھەنووکە ھیچ لێکۆلینەوەکی زانستی یەکلایی نەکردۆتەوە کە پلازما چەند سوودی ھەیە بۆ تووشبوانی ئەو پەتایە. لێکۆلینەوەی گەورە کراوە وە چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیک ئەنجامەکانی ئەو لێکۆلینەوانە دەربکەوێت . ئەوەی تێبینی کراوە کە پلازما یارمەتی چاکبوونەوەی ھەندێک نەخۆشی داوە بەلام دەبێت ئەوە بزانین کە پلازما موعجیزە نیە بۆ ئەو پەتایە . بەشێوەکی گشتی پلازما کێشە بۆ نەخۆش دروست ناکات وە سەلامەتە ئەگەر بەشێوەیەکی درووست بە نەخۆش بدرێت .منیش لەو باوەڕەدام ئەگەر پلازما لەبەر دەستبێت دەتوانرێت بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاربێت کە باری تەندرووستیان ناجێگیرە. بەلام ئەگەر دەستنەکەوێت ئەوە ناگەیەنێت کە نەخۆش دەمرێت لەبەر نەبوونی پلازما وەک ئەوەی ھەندێک خەلک تێگەیشتوون.
12. تاکوو ھەنووکە ھیچ دژە ڤایرۆسێک دەرنەکەوتووە کە مردن بە ھۆی ئەو پەتایە کەم بکاتەوە . لە سەرەتای سەرھەلدانی ئەو پەتایە زۆر دەرمانی جیاواز بەکارھێنران . ھەنووکە باس لە دوو دەرمانی سەرەکی دەکرێت . یەکێکیان Remdesivir کە لەلایەن کۆمپانیەکی ئەمریکی بەرھەم دەھێنرێت . لێکۆلینەوە سەرەتاییەکان لە ھەندێک وولات نیشانی داوە کە ئەو دەرمانە لە توندووتیژی وە ماوەی ئەو پەتایە کەم دەکاتەوە بەلام تاکوو ھەنووکە یەکلا نەبووتەوە کە ڕۆلی ھەبێت لە کەمکردنەوەی ژمارەی مردن بە ھۆی ئەو ڤایرۆسە. دەرمانی دووەم ( Favipiravir)کە لە لایەن ڕووسیا بەرھەم دەھێنرێت . لە سەرەتا لە ژاپۆن بۆ ھەندێک نەخۆش بەکارھاتووە . بە گوێرەی ھەوالەکان بەشێک لەو دەرمانە دەبێت بگاتە عێراق لە ئایندەیەکی نزیک . ئەو دەرمانە بە گوێرەی ئەو ھەوالانەی لە ڕووسیا بلاوبۆتەوە سوودی ھەبووە بۆ تووشبوانی کۆرۆنا.من خودی خۆم زۆر بڕوام بە ئەو لێکۆلینەوانەی ڕووسیا نیە لەبەر زۆر ھۆکار . لێکۆلینەوە لە سەر ھەمان دەرمان لە زۆر وولاتی تر بەردەوامە وە پێشبینی دەکرێت لێکۆلینەوەکانی بەریتانیا لە ڕاستیەکانی کاریگەری ئەو دەرمانە یەکلا بکاتەوە . من خۆم بڕوام بە ھەر چارەسەرێک ھەیە کە ئەگەری ئەوەی ھەیە یارمەتی نەخۆش بدات بە تایبەتی ئەو تووشتبوانەی باریان خراپە. دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم دوو دەرمانە زۆر گران بەھان وە من ئاگادارم خەلکانێک ھەزارن دۆلاریان سەرف کردووە بۆ کڕینی Favipiravir وە لە وولاتی ئێران ھێناویانە بۆ کوردستان . ئەمە لە کاتێک تاکوو ھەنووکە کاریگەری ئەو دەرمانە بە بەلگەی زانستی درووست نەسەلمێنراوە .جگە لە دەرمانی Dexamethasone ھیچ دەرمانێک دەرنەکەوتووە کە لە ڕێژەی مردن کەم بکاتەوە لە تووشبوانی ئەو پەتایە.
13. دەبێت لەو ڕاستیە بگەین کە ژمارەیەکی کەم لە تووشبوانی ئەم پەتایە دەمرن . ئەمە ڕاستیەکە لە سەرانسەری جیھان وە ھەرچەندە سیستەمی تەندرووستی پێشکەوتوو بێت . ئێمە ھەرچەندە دەزانین ئەو کەسانەی کە زۆر بە توندی تووشی ئەو پەتایە دەبن چی جۆرە گۆڕانکاریەک لە جەستەیان ڕوودەدات بەلام تاکوو ھەنووکەش نازانرێت کام کەس بە تووندی تووشی ئەو پەتایە دەبن وە ئەوە دەبێت ھۆکارێک بێت کە ھەموومان خۆمان بپارێزین لەو ڤایرۆسە .
14. لە کاتێکی وەک ئێستا تاکوو دەکرێت لە قەلەبالغی خۆت بە دوور بگرە ، ئەگەر ناتوانی ئەوە بکەیت بە ھۆی کارو کاسبی دەبێت ماسک ببەستی . لە کاتی بینینی ھاوڕێکانت تاکوو دەکرێت دوو مەتر لە یەک دوور بن .
ھاوڕێیانی خۆشەویست من دەمەوێت ئەوە بلێم کە ئەو پەتایە ھەموو جیھانی گرتۆتەوە وە لە ھەندێک بەشی جیھان زۆر کەمی کردووە. بە تێپەڕبوونی کات زۆر شتی نوێ لەو پەتایە فێر بووین . خەریکە لێکۆلینەوەکان لە کاریگەری ھەندێک چارەسەر بۆ ئەو ڤایرۆسە یەکلا دەکەنەوە. ڤاکسین لە زۆر بەشی جیھان گەیشتۆتە قۆناغێکی پێشکەوتوو وە زۆر ھیوا ھەیە پێش کۆتایی ئەمسال لە زۆر وولات ڤاکسین بەرھەم بھێنرێت .لەگەل ئەو ھەموو لێکۆلینەوانەی دەربارەی ئەو ڤایرۆسە دەکرێت ھیچ زانایەک نازانێت کەی ئەو پەتایە کۆتایی پێدێت . ئەگەر ڤاکسین دروست نەکرا ئایا ئەو ڤایرۆسە دەبێت بە شتێکی وەرزی وە لەگەلمان دەژی؟.من لەو باوەڕەدام کە تەنھا کات وەلامی ئەو پرسیارانە ئەداتەوە . ئەمڕۆ ھەموو جیھان گەیشتۆتە ئەو ڕاستیە کە دەبێت لە گەل ئەو ڤایرۆسە خۆمان بگونجێنین تاکو خواحافیزیمان لێدەکات یان لەناوی دەبەین .
لە کۆتایی ئامۆژگاریم بۆ ھەموو خزمو ھاوڕێیان وە کوردستانیان ئەوەیە : تاکوو ئەتوانی خۆت لەو پەتایە بپارێزە بەلام ئەگەر ھاتوو تووشی ئەو ڤایرۆسە بوویت ئەوە لە زۆربەی ھەرە زۆری کاتەکان بە سووکی دەبێت وە بۆی ھەیە ماوەی چەند ڕۆژێک ھەندێک ناڕەحەت بیت . بە ھیچ شێوەیەک پێویست بە دەرمانی گران بەھا ناکات کە بەکاربێنی . ئەگەر ھاتوو بە تووندی تووشی ئەو پەتایە بووی ئەوا بڕوای تەواوت بە دکتۆرەکانی کوردستان ھەبێت کە شەو و رۆژ لە ڕێزی پێشەوەی بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە کار دەکەن .
ھەر سەرفرازبن وە دوور بن لە کۆرۆنای نەگریس