رۆژی پێنجشەممە 06-12-2018 کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی لەلایەن ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی لە شاری هەولێر پێنجەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی کرایەوە.
لە ڕاگەیاندنێکدا لەلایەن ڕێکخراوی “زار” بۆ بەرگری لە ئازادییەکان لە یادەکە خوێنرایەوە هاتووە، ئەم یادە بەرز ڕادەگرن لە ژێر ناونێشانی “خوێن و قەلەم، بەردەوامی ڕاستگۆییە!
دەقی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی “زار” بۆ بەرگری لە ئازادییەکان، لە یادی پێنجەمین ساڵڕۆژی تیرۆری ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی
خوێن و قەڵەم
پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، کاوە گەرمیانی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی بەر گوللە دەدرێ و لە باوەشی دایکی گیان دەسپێرێ، تەنها لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەنوسێکی ڕاستگۆ و بوێر بو، یەکسانی و عەدالەت لە خوێنیدا دەگەڕا و گەندەڵیەکانی بەرپرسانی دەڤەری گەرمیانی دەخستە سەر ڕوپەڕی ڕۆژنامەکان. شەهید کاوە مەبدەئی ئینسانی خستە پێش ڕۆحی و سڵی لە ترس نەکردەوە و سڵی لە بەرژەوەندی شەخسی و پارە کردەوە و گوتی: ئەی چەتە خوێنمژەکان! قەڵەمەکەی من بۆ فرۆشتن نیە. ئیدی دەسەڵاتی پڕ جەبەروتی دز و جەردە تیرۆریان کرد.
بە تیرۆرکردنی شەهید کاوە گەرمیانی، دەسەڵاتی سەوز بە دونیای ڕاگەیاند، ئێمەش هەمان دەسەڵاتی قەڵەمکوژی زەردەبراین. ئێمەش وەک براکەمان هەمو قەڵەمێک دەسوتێنین و وردوخاش دەکەین، کە پاشەڵی گەنیومان هەڵداتەوە. گەر لای ئەوان سەردەشت عوسمان بەیانيیەک لە بەردەم کۆلێژەکەی تیرۆر بکرێ، ئێمەش دەتوانین ئێوارەیەک لە بەردەم ماڵەکەی خۆی کاوە گەرمیانی تیرۆر بکەین. هەمو لایەک ئاگادار بن، ئێمەش هەمان دەسەڵاتداری خۆسەپێنین و هەمان خوێن لە ڕەگماندا دێت و دەچێ، ئێمە جگە لە ناوەکانمان کتومت یەکین و دو لەتی سێوێکین.
لە ساڵانی ڕابردودا، سڕینەوەی فیزیکی سۆران لە کەرکوک و سەردەشت لە هەولێر و کاوە لە گەرمیان ، ویدات حوسەین و شوکری زەینەدین لە دهۆک و شەهیدانی حەڤدەی شوباتی سلێمانی و دەیانی تر لەم هەرێمە، جگە لە ڕوڕەشی و جینایەتکاری ئەم دو دەسەڵاتە چیترمان پێناڵێن. مێژوی تیرۆرکاری ئەم دەسەڵاتە بۆ سەرەتای دەسەڵاتگرتنە دەستیان بۆ سەرەتای نەودەکان دەگەڕێتەوە، کە لە تیرۆرکردنی بەکر عەلی ، ڕەئوف ئاکرەیی و هەڤاڵ ڕێناس و چەندانی تر خۆی دەبینێتەوە.
هەر لەم یادە پڕ شکۆیەی شەهید کاوە، چەند پاتی دەکەینەوە، کەوا ئازادیخواز و قەڵەم نەفرۆشەکان لەوە دەگەین، کە ئەم دەسەڵاتە بێشەرمە بۆ ساردکردنەوە و چاوترسێنی ڕۆژنامەنوس و چالاکانی مەدەنی دەیەوێ سودی لە شوێنکات وەربگرێ، کە بۆ کردە تیرۆرییەکانیان سود لە کات و شوێنی جیاجیا وەردەگرن، بەو مانایەی دەستمان دەگاتە هەمو کات و شوێنێک، بەڵام دەبێ لە هەمانکات ئەوانیش لەوە بگەن، کە ڕۆژنامەنوس و چالاکە مەدەنیە ئازادیخواز و هەقبێژ و دژەستەم، هەمان خوێنی قەڵەم و توخمی بەرگری و دواجار گەورەترین هەناسەی ژیانەوەی پێش گیانەڵای کاوە، سەردەشت، سۆران و ویدات و زۆرانی دیکەن.
ئێمە لە ڕێکخراوی “زار” بۆ بەرگری لە ئازادییەکان، بۆ هەمو لایەنە پەیوەنددارە ناوخۆیی و جیهانیەکان ڕایدەگەیەنین، کە دۆزینەوە و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی بکوژانی شەهید کاوە گەرمیانی بە بنبەست نەگەیشتوە و لای ئێمە ئەم کەیسە هێشتا کراوەیە، پێمان وایە ئەم کەیسەش وەک کەیسەکانی سەردەشت، سۆران و وەدات دەیان کەیسی تر بەلاڕێدا براوە و بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا ڕەت نەبووە و دەسەڵاتی کوردی سیناریۆی درۆینەی بێزراوی بۆ خوڵقاندوە، بۆیە پێویستە دادگایەکی بێلایەنی فرەلایەن، بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارانی راستەقینە، ئینجا سزادانییان دابنرێت.
- بەرز و پیرۆز بێ، یادی شەهید کاوە گەرمیانی و تێکڕای شەهیدانی قەڵەمە ئازادیخواز و عەدالەتخوازەکان.
- ئومێد و وزە و خۆڕاگری بۆ درێژەپێدەرانی ڕەنگی قەڵەمی شەهید کاوە و هاوپەیامەکانی.
ڕێکخراوی “زار” بۆ بەرگری لە ئازادییەکان