لە ٨ مارسی ئەمساڵدا درود و سڵاو ئەنێرین بۆ سەدهەمین ساڵی ئەو ڕۆژەی کە کرێکارانی ژن/ژنانی کرێکار لە پترۆگرادی پایتەختی ڕوسیای تزاری ڕژانە شەقام تا ڕۆژی جیهانی ژن جەژن بگێڕن و بە خۆپیشاندانی پڕجۆش و جەسورانەیان هاوکات چەخماخەی شۆڕشی ١٩١٧ی ڕوسیایان لێدا. ئەو شتەی بۆ جەماوەری پڕحەماسەت و ڕاپەڕیوی ئەو ڕۆژە کەم تا زۆر ڕۆشن بوو ئەمە بوو کە پێکهاتەی چەوسانەوەی سەرمایەداری هاوتا لەگەڵ ستەمگەری و ئیستیبدادی تزاری گیانیانی گەیاندبوونە سەر لووتیان. ئەو شتەی کە بۆیان ڕۆشن نەبوو و بەبیری هیچ کەسێکیشدا نەهاتبوو ئەوە بوو کە خۆپیشاندانی ٨ی مارسی (٢٣شوبات بە ساڵنامەی کۆنی ڕوسیا) ئەو ساڵە بگۆڕێت بە ڕۆژی یەکەمی “شۆڕشی شوباتی ١٩١٧”ی ڕوسیا.
بەڵام ئەو هاوکاتییە کتوپڕە، بە ئاسانی قابیلی تێگەییشتنە؛ چونکە ڕەگ و ڕیشەی لەناو زنجیرەیەک واقعیاتی کەڵەکەبوودا بوو لە ئاکامی کۆمەڵێک قەیرانی پێکهاتووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، سەرباری ئەوانەش جەنگێکی وێرانکەر کە دەیان ملیۆن کرێکار و جوتیار و سەربازیی کێشابووە ناو هەژاری و برسێتییەوە. داستانی شۆڕشی ڕوسیا و زەمینە بەراییەکانی لە ١٩٠٥ تا ١٩١٧ لەم نوسینەدا ناگونجێت، ئەڵبەتە لە سەدهەمین ساڵیادی شۆڕشی شوبات تا سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەر، بە تەواوی بەجێیە و ئێجگار وانەبەخشە. ئەوەی بە تایبەت لە پەیوەند بە خۆپیشاندانەکانی ٨ مارسی ١٩١٧وە جێگای یادەوەری و وانەوەرگرتنە، لە ڕوانگەی منەوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
١-کرێکارانی ژنی ڕستن و چنینی وایبورگی پترۆگراد لەو ڕۆژەدا یەکپارچە بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژن نەڕژابوونە شەقام، هەرچەند بۆنەیەکی واقعی وسەربەخۆ بوو، وە بۆ چینی کرێکاری ئەو ڕۆژگارەی ڕوسیا بە تەواوی ناسراو و جێکەوتە بوو، بەڵکو کرێکارانی ژن بە هەر پلەیەک لە ووشیاری زاتی کە بوویان بەدژی وەزعی مەوجود خرۆشابوون. لە دژی ڕەوشێک کە سەرجەمی چینی کرێکار، جەماوەری بەرینی جوتیارانی هەژار و بێ زەوی و بێبەشان وستەمدیدەکانی کۆمەڵگای بەتەنگ هێنابوو. هەر بەم هۆیەوە کاتێک کە کرێکارانی ژن لە چەند کارخانەی ڕستن و چنینی وایبورگ دەستیان دایە مانگرتن، نوێنەرەکانیان ناردە لای کرێکارانی مەعدەنچی و داوای پشتیوانیان لێ کردن. ئەوانیش هاتنەمەیدان.
٢-هیچکام لە حزبە چالاکەکانی نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاری ڕوسیا، نە مەنشەفی و نە بەلشەفیک، دەستپێک و مبادەرەی ئەو مانگرتن و خۆپیشاندانانەیان لەدەستدا نەبوو؛ لەوەش بەولاوە تر، بە گشتی لەگەڵ جموجوڵێکی لەو جۆرەدا نەبوون. بەشێوەیەکی جددی و تاڕادەیەکیش ئاراستەکراو، نیگەرانی سەرکوتی توند بوون لەلایەن ئیستیبدادی تزارییەوە بە بیانووی هەلومەرجی جەنگییەوە. لەگەڵ ئەمەشدا دوای پێشڕەوی و جەماوەری بوونەوەی ئەو مانگرتن و خۆپیشاندانانە، هەر یەک بە گوێرەی توانای خۆی هەوڵیاندا دەخاڵەتیان تیا بکەن و کاری ڕابەریکردن بکەن.
٣-بەڵام هەمووان بینییان کە نیگەرانی ئاراستەکراوی ئەو حزبانە، لە هەلومەرجی تایبەتی ئەو ساڵ و ڕۆژەدا واقعیی نەبوو. هێزەکانی دەوڵەتی تزاری ڕۆژی یەکەم هێرشیان نەکردە سەر مانگرتوان و خۆپیشاندەران، هەر ئەمەش هۆکار بوو کە ڕۆژی دواتر (نۆهەمی مارس یا ٢٤ شوبات بە تەقویمی کۆن)، دامێنی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان چەند بەرانبەر فراوان بێت و توانای سەرکوتکردنی سنووردار بێت. لە ڕیوایەتی ووردەکاری ڕووداوەکان با بگوزەرێین، لەگەڵ بەردەوامی و بەرینبوونەوەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان، ئیفلیجبوونی هێزەکانی دەوڵەتی تزار لە سەرکوتکردن و تەنانەت سنوردارکردنیان وە لەو نێوەدا دەخاڵەتی بەشێک لە بۆرژوازی لەوانە کادێتەکان کە لە مانەوەی تزار ناڕازی بوون، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا دامودەزگای کۆنی تزاری هەرەسیبرد و شۆڕش یەکەمین سەرکەوتنی خۆی تۆمارکرد.
٤-فاکتۆری بنەڕەتی لە پشتی کەوتنی خێرای دەوڵەتی تزارییەوە لە بەرانبەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و ژنان و جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگادا، کەڵەکە بوونی قەیران و بەرتەسکردنەوە کوشندەکانی لە پاڵ شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە بەرەکانی جەنگ (جیهانی یەکەم)دا بوو، کە بە تایبەت لە ساڵی ١٩١٥دا توندتر بووبۆوە و گەڕانەوە لێی مەحاڵ بوو. سەرەڕای بۆرژوازی ناڕازی، بەشێک لە سەرانی ئەسڵێی دەوڵەتی تزاریش لەمێژ بوو لەبارەی جددیبوونی مەترسی هەرەسهێنانی ئیستیبدادی تزارەوە هوشداریان ئەدا.
٥-ڕووداوەکانی پێنج ڕۆژە کە بە خۆپیشاندانەکانی کرێکارانی ژن لە هەشتی مارس دەستیپێکرد، وە بووە هۆی کەوتنی تزاریزم، ئەم ڕاستییە مێژووییە چینایەتییەی سەلماند کە لە هەلومەرجی نزیکبوونەوەی ڕژێمی ئیستیبدادی سیاسی لە هەڵدێری کەوتن و هەرەسهێنان، ئامادەیی فەعالی پرۆلیتاریایەکی شۆڕشگێڕ کە ئاستێک لە ئامادەگی و ئاگاهی چینایەتیی هەبێت و خاوەنی حزبی سیاسی کۆمۆنیستی پرۆلیتێری خۆی بێت، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە ڕەوەندی پێشڕەوی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە بۆ شۆڕش و فراوانبوون و بەردەوامیی دان بە شۆڕش تا وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و بەرپاکردنی حکومەتی کرێکاری.
٦-جمهوری ئیسلامی فەرمانڕەوا بەسەر ئێراندا، هەر ئێستا دەرگیری قەیران و تەنگەتاوییەکی تێکەڵە، کە بە ئیعترافی ژمارەیەک لە سەرانی ڕیزی ئەسڵیی کەللـە سەری ئەو، ڕژێم بەرەو خەرەندی هەرەسهێنان پاڵدەنێت. تازەترینی ئەو ئیعترافانە قسەکانی محسن رضائی سکرتێری “کۆمەڵگای دیاریکردنی بەرژەوەندی ڕژێم”ـە لە شاری لەنجان (سێشەممە دەی اسفند ١٣٩٥- ٢٨ شوباتی ٢٠١٧)، کە دەربارەی مەترسی هەرەسهێنانی ڕژێمی ئیسلامییان هوشداری داوە. مەترسی هەرەسی ڕژێمی ئیسلامی لە دیدگای محسن رضائییەوە ئاکامی کۆبوونەوە و تێکەڵەیەک لە ناکارایی و فەسادێکە، کە بە تەعبیر و ئیعترافی ئەو “وەکو بۆمب کاردەکات”.
٧-لە هەلومەرجێکی دیاریکراوی لەم چەشنەدا، ڕۆژانە بینەری خەباتی بەرفراوان و ڕوو لە سەری چینی کرێکارین لە ئێران لە شکڵی ئابووری لە ڕاستای سەپاندنی داواکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە بەسەر دەوڵەت و بۆرژوازی دەسەڵاتداردا. خەبات و تێکۆشانێک بە پۆتاسێلێکی بەرزەوە لەپێناو پەرەدانی خێرا بە بزوتنەوەی سیاسی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ، کە ئامانجی ئەو خەباتە هەڵپێچانی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری، ڕیشەکێش کردنی چەوسانەوەی کاری بەکرێ، بەرقەرار کردنی خاوەندارێتی گشتی بەسەر ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و بەرپاکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانە. ئاشکرایە کە هەنگاوی یەکەمی جێبەجێبوونی ئەم ئامانجە، هێنانەخوارەوەی جمهوری ئیسلامییە کە بە ئیعترافی سەرانی وەکو محسن رضائی لەگەڵ چارەنووسی کەوتن و هەرەسهێنان بەرەوڕووە. لەم هەلومەرجەدا، وانە وەرگرتن لە ئەزمونەکانی شۆڕشی ١٩١٧ی ڕوسیا لە سەدهەمین ساڵیادی ئەم شۆڕشە مەزنەدا، بۆ پێشڕەوانی چینی کرێکاری ئێران لە نانی شەو پێویست ترە.
لە ٨ی مارسی ٢٠١٧دا یادەوەری خۆپیشاندانە دلێرانەکانی کرێکارانی ژن لە پترۆگراد لە ٨ی مارسی ١٩١٧ بە شۆڕ و شەوقی شۆڕشگێڕانە و ئومێد بە سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری ڕێز لێ دەگرین.
فاتح شێخ: