بەپێی ئامارێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا لانیکەم ٢٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون کە زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
رێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی رابردوودا دوو کۆڵبەر لە سنورەکانی پارێزگای کرماشان و سێ کۆڵبەر لە سنورەکانی پارێزگای سنە و پێنج کۆڵبەریش لە سنورەکانی پارێزگای ورمێ کوژراون کە سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو ماوەیەدا ١٧ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١٠ کەسیان خەڵکی پارێزگای ورمێ و شەش کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە و کۆڵبەرێکیش خەڵکی پارێزگای کرماشان بووە.
روونیشیکردووەتەوە، لەو ژمارەیە ١٦ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندارکراون و کەسێکیشان بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بریندار بووە.
بەپێی ئامارەکەی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا زۆربەی کۆڵبەران لە سنوری شارەکانی پیرانشار و بانە بوونەتە قوربانی، بەشێوەیەک کە چوار کۆڵبەر لە پیرانشار کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون، هەروەک ٢ کۆڵبەر لە سنوری بانە کوژراون و شەشی دیکەش بریندار بوون.
هەنگاو ئەوەشی خستووتەڕوو، لە کۆی ئەو ٢٧ کۆڵبەرەی کە مانگی رابردوو لە سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بریندار بوون، ٢٥ کەسیان کە دەکاتە ٩٣٪ ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون یاخود بریندار کراون.
ساڵانە بەدەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە رێگا سەخت و پڕمەترسییەکانی سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکوژرێن و گیان لەدەستدەدەن.
بەپێى ئامارى ڕێکخراوەکانى بوارى مافى مرۆڤ لە ماوەى ١٠ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەى ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە کوژراون و نزیکەى ٧٠ کۆڵبەریش بریندار کراون کە بەراورد بە ساڵى ڕابردوودا ڕێژەى کوشتنى کۆڵبەران ٣٠% زیادیکردووە .