لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ١٣٥ کرێکار لەهەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، واتە مانگانە ٥ بۆ ٦ کرێکار گیان لەدەستدەدەن، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان دەڵێت “هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانیان نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەییە لەشوێنی کار”.
ئاوات ئەبوبەکری تەمەن ٣٢ ساڵ، کە بۆیاخچێتی بیناو ماڵان دەکات، بەنیگەرانییەوە باس لەو هاوڕێیانەی دەکات کە بەهۆی کارکردنەوە یان گیانیان لەدەستداوە یان پەککەوتە بوون، ئەو بەئاوێنەی وت “کارکردن لەسەر بیناو شوێنە بەرزەکان هەمیشە بۆ هەموو کرێکارانی بیناسازیو شیش بەستنو لەبغو گەچکاریو داروتەختەو بۆیاخچیو کارەباچییەکان جێی مەترسییەو ئەگەری گیان لەدەستدانیان هەیە”.
وتیشی “چەند مانگێک لەمەوبەر، هاوڕێیەکم ئەو رۆژەی چوو بۆ کارکردن ئەوەی بیری لێنەدەکردەوە مەرگی خۆی بوو، کاتژمێرێک پێش ئەوەی لەکاتی بۆیاخکردندا کارەبا بیگرێو گیان لەدەست بدات، تەلەفونی بۆ کردمو وتی خۆت ئامادە بکە سبەینێ ئەچین بۆ سەیران، بەڵام دوای کاتژمێرێک بەهۆی بەركەوتنی تەزووی كارەباوە لەسەر بینایەک لەگەڕەکی راپەڕین کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەست دا”.
ساڵانە لەهەرێمی کوردستان بەهۆی دابین نەکردنی پێداویستییەكانی سەلامەتیی كاركردن، دەیان کرێکاری بوارە جیاوازەکان گیان لەدەستدەدەن.
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ئەوە بۆ ئاوێنە رووندەکاتەوە کە لەنۆ مانگی رابردووی ئەمساڵی ٢٠٢٥دا لەسنوری سلێمانی ١٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوەو بەشی هەرە زۆریشیان کرێکاری بیناسازیی بوون، کە زۆرترین رێژەی کرێکار پێکدەهێنن، سەبارەت بەهۆکارەکانی گیان لەدەستدانیان، ئەو وتی “هۆکاری یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی لەشوێنی کار بۆ کرێکار. هۆکاری دووەمیش، ئەوەیە تاکو ئێستا حکومەت نەیتوانیوە خاوەنکار پابەند بکات بەوەی دەبێت پێداویستیەکانی سەلامەتی کارکردن بۆ کرێکار دەستەبەربکات. هۆکاری سێهەمیش، ئەوەیە کرێکار لەهەموو هەلومەرجێکدا ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان کار بکەن، ئەوەندەی خەمی بەدەستهێنانی کرێیانەو پێی بژین، ئەوەندە خەمی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کاریان نییە”.
چالاک ئاماژە بەوە دەکات کە دوو یاسا هەن بۆ پاراستنی مافی کرێکار، ئەو وتی “دوو یاساکە بریتین لەیاسای دەستەبەرو یاسای کار، بەڵام سەردەمیانە نینو زۆر کۆنن، کەموکورتیان هەیەو لەئاستی خواستی ئێمەدا نینو پێویستیان بەهەموارکردنەوەیە، بەڵام ئەگەر ئەمەش جێبەجێ بکرێن هێشتا ٩٠٪ی مافی کرێکاران دەستەبەر دەکرێت”.
وتیشی “هەر کرێکارێک دەستەبەری بۆ کرابێت لەسندوقی خانەنشینی، هەرچییەکیان لێ بەسەربێت، ئەوا قەرەبووکردنەوە یان خانەنشینی دەیانگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێجار خاوەنکار پابەند نابێتو دەستەبەر بۆ کرێکارەکانی ناکات، یاخود کەسانێک کە کارمەندو خانەنشینو پێشمەرگەن دەچن کرێکاری دەکەنو ناویان لەدەستەبەر تۆمار ناکرێت، کە گیان لەدەستدەدەن، یاساکە نایگرێتەوەو مافیان دەفەوتێت”.
چالاک جەغت لەوە دەکات کە هەر خاوەن کارێک لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێتو دەدرێت بەدادگاو یاسا، ئەگەر کرێکارێک لەشوێنی کارەکەیدا کەمئەندام بێت یان گیان لەدەست بدات، ئەو وتی “هەر کاتێک کرێکارێک تووشی رووداوێکی نەخوازراو دەبێت ئەگەر کرێکارەکە نەیەت سکاڵا تۆمار بکات لای ئێمە یان لەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی یان لەبنکەی پۆلیس، ئەوا هیچ شتێکیان بۆ ناکرێت، یاخود ئەگەر کرێکارێک گیانی لەدەست دابێت، پێویستە کەسوکارە نزیکەکانی یەکسەر سکاڵا تۆمار بکەنو ئێمە پارێزەریان بۆ دابین دەکەین، بەداخەوە هەندێجار کە کرێکار کەمئەندام دەبن، دەچن سوڵحی عەشائیری لەگەڵ خاوەن کارەکان دەکەن، دۆسیەی وامان زۆرە”.
وتیشی “”یەکێک لەگرفتەکانمان ئەوەیە کۆمپانیاکانی خاوەن پڕۆژە گەورەکان فێڵ دەکەن لەئێمەو حکومەتیش، کە پڕۆژەکە دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، سێکتەری بەشەکانی وەک رووکەش، قاڵبکاری، شیش بەستن، گەچکاریو لەبغ، بەگرێبەست دەدەن بەکۆمپانیایەکی لاوەکیو کاتێک کرێکارێک تووشی رووداوێکی نەخوازراو دەبێت، سەیر دەکەین خاوەنکارەکە فێڵێکی یاسایی کردووە کە گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لاوەکی کردووە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی رووداوەکە لەئەستۆ نەگرێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەهەرێمی کوردستان لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە، تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدایە، ١٨ کەس لەو کرێکارانە کرێکاری بیانی بوون.
لەساڵی ٢٠٢٤شدا، ٦٢ کرێکاری ناوخۆییو بیانی لەهەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە ٥٢یان ناوخۆیی بوونو ١٠ کرێکاریشیان بیانی بوون، ٢٥ کرێکاری ناوخۆییو بیانیش بریندار بوون.
محەمەد مەحمود (حەمە هەژار)، سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیریو داكۆكی لەكرێكارانی بیانی، ئاماژە بەوە دەکات کە لەنۆ مانگی ئەمساڵی ٢٠٢٥دا، ٨ کرێکاری بیانی لەکوردستان گیانیان لەدەست داوەو خەڵکی وڵاتانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا بوونو بەهۆکاری جیاوازو لەبواری جیاوازدا گیانیان لەدەستداوە، ئەو بەئاوێنەی وت “لەڕووی یاساییەوە زۆربەیان قەرەبوویان بۆ ناکرێتەوە کە کەمئەندام دەبن یان گیان لەدەست دەدەن، لەبەرئەوەی خاوەنکارەکان زۆربەیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ ناکەن”.
حەمە هەژار ئەوە رووندەکاتەوە کە بەشێک لەو کرێکارە بیانیانەی لەکوردستان گیان لەدەست دەدەن دەبرێتەوە بۆ وڵاتی خۆیانو بەشێکیشیان کە تێچووی بردنەوەیان زۆرە لەکوردستان بەخاک دەسپێردرێن، ئەو وتی “٤٧ هەزار کرێکاری بیانی لەکوردستان کار دەکەن، ٧ هەزاریان لەشاری سلێمانی لەناو ماڵانو لەکۆمپانیاو یانەو کافتریاکاندا کار دەکەنو مووچەیان لە٢٥٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات تا ١٠٠٠ دۆلار”.
وتیشی “ئێمە رێکخراوێکی سەربەخۆو خۆبەخشینو لەسەر ئەرکی خۆمان کار دەکەین، هەر کێشەیەکی ئەو کرێکارە بیانیانە بێت بۆ لای ئێمە وەک وەرگرتنی پاسەپۆرت، پێنەدانی كرێ، بەندكردن، لێدانو سوکایەتی پێکردنیانو ئەشكەنجەدانیان، ئێمە بەدواییدا دەچین بەمەبەستی چارەسەر کردن بەبێ هیچ بەرامبەرێک”.
سەرچاوە: ئاوێنە