ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژە یاسای بودجەى سالی ٢٠١٩ی پەسەند کرد و ڕەوانەى پەرلەمانی کرد بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنى وەزیران، لە ڕەشنوسی پڕۆژەیاساکەدا، خەرجییە گشتییەکان ١٢٨ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینارە کە دەکاتە ١٢٨ ملیار دۆلار و کورتهێنانیش ٢٢ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینارە کە دەکاتە ١٩ ملیار دۆلار.
هاوکات لە ڕەشنوسەکەدا، تێکڕای هەناردەکردنی نەوت ڕۆژانە دیاریکراوە کە ٣ ملیۆن و ٨٨٠ هەزار بەرمیل و ٢٥٠ هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستانە، هاوکات نرخی هەر بەرمیلێکیش بە ٥٦ دۆلار خەمڵێنراوە.هەر بە پێی ڕەشنوسەکە، بەپێی بەرزبوونەوەى نرخ نەوت یان زیادکردنی بڕی هەناردەکردن، کێشەی کورتهێنان چارەسەردەکرێت.
ئەوە کاتێکدایە، لە یاسای بودجەى ٢٠١٨دا، ١٠٨ ترلیۆن دینار، واتە ٨٨ ملیار دۆلار بۆ خەرجییەکان دیاریکرا و کورتهێنانیش نزیکەى ١٢ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بوو.هاوکات لە سالی ٢٠١٨دا، بڕی هەناردەى نەوت سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا و نرخی هەر بەرمیلێکیش بە ٤٦ دۆلار مەزەندە کرا.