سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان رایگەیاند، داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی و دەستبەسەرکردنی پەیامنێرەکانی پێشێلکردنی یاسای رۆژنامەگەریییە.
رۆژی پێنجشەممە(٢٠\٨\٢٠٢٠)، سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “بۆ پاراستنی سیمای ئازادی و دیموکراسی هەرێمەکە، داواکارین حکومەتی هەریمی کوردستان بەر لەم جۆرە کارانە بگرێت.”
دەشڵێت، دەبێت کار بە یاسای رۆژنامەگەریی بکرێت لە مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەنوسان و دامودەزگاکانی راگەیاندندا.
جەختیشدەکاتەوە، “هەرچی زووترە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ نوسینگە داخراوەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک بکرێت و مافی کارکردنیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.”
لەلایەکیتر کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) رایگەیاند، دەبێت چیتر دەسەڵاتدارانی هەرێم واز لە هەراسانکردنی ئێن ئاڕ تی بهێنن و بەبێ مەرجیش رۆژنامەنوسەکانی ئازاد بکەن. راشیگەیاند، “دەبێت رێگە بە ئێن ئاڕ تی بدرێت بە ئازادیی رووماڵ بکات.”
هاوکات، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان رایگەیاند، داخستنی نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسەکانی، مەحەکن بۆ قبوڵنەکردنی جیاوازی. وتیشی، “نوسینگەی ئێن ئاڕ تی دابخرێت، هاوڵاتیان هەزاران ئێن ئاڕ تی دروستدەکەن و دەبنە پەیامنێری کەناڵەکە.”
لەگەڵ ئەوانیشدا، ژمارەیەک نوسەر و رۆژنامەنوس و سیاسی هەرێم رایانگەیاند، ئیدانەی هەڵکوتانە سەر نوسینگەی هەولێر و دهۆکی ئین ئاڕ تی دەکەن. دەشڵێن، “داواکارین نوسینگەی تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی قەرەبوو بکرێتەوە و ئازاد بن لە رووماڵکردنی رووداوەکاندا.”
دوای ئەوەی شەوی رابردوو بە زەبری هێز و فشاری هێزە ئەمنییەکان نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەستیبەسەردا گیرا و ئەمڕۆش هێزە ئەمنییەکانی هەولێر نوسینگەی کەناڵەکەیان لەو شارەدا داخست.