لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن “حکومەت پێکنەھێنرێت‌و پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، وەک لوبنانمان لێدێت‌”

“حکومەت پێکنەھێنرێت‌و پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، وەک لوبنانمان لێدێت‌”

0 تێبینییەکان 47 بینینەکان

ئا: مەزهەر کەریم

ناوچەکە شەڕو گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لەئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و کارانەکردنەوەی پەرلەمان لەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگەدا، بەبڕوای لایەنە سیاسییەکان زیان بەپرۆسەی سیاسی‌و بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت‌، یەکێتی‌و پارتیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەپێکنەهێنانی حکومەت.

یەکێتی: ماوەی شەش ساڵە لەگەڵ پارتی ناکۆکین

عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بەئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت، بەئاوێنەی وت “یەکێتی رێگر نیە لەپێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێمە نامانەوێت پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم کێشەی بۆ دروستبکرێت، چونکە بۆ خزمەتکردنی خەڵکە، بەڵام بەو مانایەش نایەت حەق‌و مافی یەکێتیەکان‌و سنووری سەوز بخورێت، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن کە حکومەتێک ھەیە، ماوەی شەش ساڵە کێشەو ناکۆکیەکان کۆتایی نەھاتووە، لەبەرئەوەی ناھاوسەنگی ھەبوو لەحکومەتدا، ناحەقی بەرامبەر ناوچەیەک کراوەو جیاوازی کراوە ئەمەش پێویستە بکرێتە تەجروبەیەک بۆ داھاتوو”.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر گۆڕان لەگەڵ پارتی حکومەتیان پێکھێنا ناھاوسەنگی ھێز لەئارادا بوو، بەڵام ئێستا یەکێتی بەھاوپەیمانەکانیەوە ٤٠ کورسیان ھەیە پارتیش بەھاوپەیمانەکانیەوە ٤٢ کورسی ھەیە، ھەرلایەنەو زۆنی خۆی ھەیەو ھێزی خۆی ھەیە، ئەو وتی “ئێستا ھاوسەنگی ھەیە، بۆیە دەبێت ھاوسەنگیش لەدەسەڵات‌و خزمەتگوزاری ھەبێت، کوردستان یەک کوردستان بێت، داھات بەپێی پێویستی ناوچەکان دابەشبکرێت، نەک لەشوێنک ھەبێت‌و لەشوێنێکی تر خزمەتگوزاری نەبێت”.

وتیشی “لەدوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پارتی ویستی لەسفرەوە دەست بەگفتوگۆ بکات، ئەمەش زۆری خایاند، بۆیە دەبێت پارتی‌و یەکێتی بگەنە ئەو بڕوایەی کوردستان ئەو دوو لایەنە بەڕێوەی دەبەن، دوو زۆنەو ھیچیان پێیان وا نەبێت ئەوی دیکەیان قوت دەدات، بۆیە پێویستە بۆ بەرژوەندی خەڵکی کوردستان دەسەڵاتی ھەرێم دابەش بکەن”.

پارتی: ئاستەنگەکانی پێکنەھێنانی حکومەت تەنیا داواکاری‌و دەستکەوتی دەسەڵاتە

د.سەباح مەحمود زێباری، ئەندامی پێشووی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی، بەئاوێنەی وت “ئەگەر حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت، وڵاتان بەچاوێکی دیکە سەیری ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە زۆرمان پێخۆشە حکومەت پێکبھێنرێت‌و پەرلەمان کارا بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر نەکراو وەک لوبنانمان لێبێت‌و حکومەت پێکنەھات ئەوا ناوو ناوبانگی کوردستان زۆر خراپ دەبێت لەدەرەوە، پێش ھەموو خەڵکی کوردستان ئەو حیزبانە زیان دەکەن کە رێک ناکەون”.

وتیشی “ئاستەنگەکانی پێکنەھێنانی حکومەت تەنیا داواکاری‌و دەستکەوتی دەسەڵاتە، بەڵام دەبێت بەرژەوەندی کوردستان پێش ھەموو بەرژەوەندیەکی حیزبایەتی بخرێت، چونکە لەھەموو بەرژەوەندیەکی دیکە گەورەترە، ناکرێت ئەو بڵێ یەک، تۆ بڵێیت دوو، دەبێت پارتی‌و یەکێتی ھەندێک تەنازول بۆ یەک بکەن‌و رێکەوتن ھەبێت لەبەرژوەندی گشتی خەڵکی کوردستان ھیچ تەنازوول نیە، ھەردوولا برای یەکن لەسەر ئەم خاکە، چەند ساڵە پێکەوە حیزبایەتیان کردووەو ئەم حکومەتەیان دروست کردووە، تەمەنا دەکەین بەم نزیکانە حکومەت پێکبھێنرێت‌”.

یەکگرتوو: ئەمە تاوانێکی گەورەیە پارتی‌و یەکێتی بەسەر ئەم ئەزمونەیدا دەهێنن

مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم، بەئاوێنەی وت “ماوەی ساڵێک‌و سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە، بەڵام کارا نەکراوە، ئەمەش خەڵکی نائومێد کردووە، دەزگا قانونیەکانی وەک دەزگای نەزاھەو پەرلەمان‌و دیوانی چاودێری دارایی کە ماوەیان بەسەرچووە دەبێتە ھۆی ئەوەی ژمارەیەک یاسا دەربچێت کە میزاج ساڵ دەبێت بەسەریدا”.

وتیشی “سەرەڕای نەبوونی شەفافیەت، ئەمە تاوانێکی گەورەیە پارتی‌و یەکێتی بەسەر ئەم ئەزمونەیدا دەهێنن کە بەرھەمی زیاتر لەنیو سەدەی قوربانیدانی خەڵکی کوردستانە، ئێمە وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن لەدوای ھەڵبژارندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتێکمان نووسی‌و ناردمان بۆ شەش حیزبەکەی کە نوێنەرمان ھەبووە لەبەغدا، تا بەیەک دەنگ لەگەڵ چوارچیوەی هەماهەنگی شیعە لەوێ بین، بەڵام ئەو ململانێ مێژووییەی پارتی‌و یەکێتی تێدایە کارەکەی ئێمەی پەکخست‌و گوێ لەخەڵکی دڵسۆز ناگرن”.

“رێکنەکەوتنی پارتی‌و یەکێتی پەیوەندی بەقوتی ھاوڵاتیانەوە نییە”

د. فەرھاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بەئاوێنەی وت “ئێمە بەردەوام داوامان لەپارتی‌و یەکێتی کردووە بەرژەوەندی حیزبی وەلابنێن تا بەزوترین کات حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت‌و پەرلەمان کارابکرێتەوە کە پەرلەمانەکەمان‌و پەرلەمانتارەکان ماوەی چواردە مانگە ھیچ دانیشتێکی پەرلەمانیان ئەنجام نەداوە، درێژترین رێست پێشکەش بەکتێبی گینس بکرێت لەسەر ئاستی جیھان پەرلەمانی کوردستانی ھەرێم دەبێت‌و ناویان دەچێتە کتێبی گینسەوە، ناکرێت خەڵکی لەوپەڕی نەداری‌و بێ موچەییدا بێت پەرلەمانتارانی ھەرێم لەماڵەوە بن، مووچە وەربگرن، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە داوا دەکەین پەرلەمان کارابکرێتەوە حکومەت پێکبھێنرێت”.

وتیشی “رێکنەکەوتنی پارتی‌و یەکێتی پەیوەندی بەقوتی ھاوڵاتیانەوە نییە یان لەسەر نەدانی مووچەی خەڵکی نیە، پێکنەھێنانی حکومەت لەسەر پۆست‌و بەرژوەندیی حیزبی خۆیانەوە، ئەگەر ئەوان وازیان لەبەرژوەندیە حیزبیەکانیان بھێنایە، ئێستا دەمێک بوو حکومەت پێکھاتبوو، رێککەوتن کرابوو، لەم تەنگەژە چەق بەستووییە دەربازمان دەبوو، ئێمە پڕۆژەی پێکھێنانی ئەنجومەنی باڵای نیشتمانی‌و نەتەوەیەکانمان خستەڕوو، پێمانوابوو چارەسەری ھەموو قەیرانەکان دەکات کە یەکێک لەکێشەکان پێکھێنانی حکومەتە، ئەو ئەنجوومەنە ھەبوایەو هەموو حیزبەکان بەشدار بوونایە، راستیەکان ئاشکرا دەبوون بۆ رای گشتی‌، بەڵام ئێستا سەرکردەی حیزبەکان یەکتر نابینن‌و لایەنەکانیش ناتوانن فشار لەپارتی‌و یەکێتی بکەن‌و خراپتریش ئەوەیە کەس نازانێت کێشەکان چیە!”.

“دوژمنی کورد لای پارتی یەکێتییە، بەپێچەوانەکەشیەوە بۆ یەکێتیش ھەمان شتە”

د. فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسی سەبارەت بەکێشەکانی پارتی‌و یەکێتی بۆ پێکنەھێنانی حکومەتی ھەرێم، بەئاوێنەی وت “دوژمنی کورد لای پارتی یەکێتییە، بەپێچەوانەکەشیەوە بۆ یەکێتیش ھەمان شتە، ھەردوو لایان نایانەوێت خزمەتی میللەت بکەن‌و خزمەتی حیزبەکانیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی دۆستی یەکێتین رێگە نادەن حکومەتێکی بەھێز لەکوردستان ھەبێت‌و ئەوانەشی دۆستی پارتین نایانەوێت دەوڵەتێکی بەھێز لەبەغدا ھەبێت، ھەرچەندە ئەمریکیەکان جیاواز بیردەکەنەوەو دەیانەوێت حکومەتی ھەرێم‌و بەغدا دەوڵەتداریی بکەن”.

وتیشی “فشار لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستانە کە بەشێکی ناوخۆییە، وەک ئەوەی پەرلەمانی کوردستان ماوەی دوو ساڵە نەماوە، ئەو تاوان‌و گەندەڵیانەی دەکرێت لەداھات‌و نەوت‌، لەسلێمانی سەرۆکی حیزبی دەسەڵاتدار ھەموو شتێکە، لەھەولێر بەھەمان شێوە سەرۆکی پارتی ھەموو شتێکە، حکومەت نەماوە، حیزب زۆر لەئاستی خۆی گەورە کراوە، ھەناسەیەکی بۆ حکومەت نەھێشتۆتەوە، مەترسی دەرەکیش کە دووەم مەترسیە نەتەوەپەرستی عەرەبە لەبەغداو وڵاتانی دیکەی چواردەور بەرامبەر بەقەوارەکە دەکرێت”.

لەبارەی دوا زانیاری لەبارەی پێکھێنانی حکومەت، گوڵپی وتی “ھێشتا ھیچ لایەکیان نەگەشتونەتە رێککەوتن‌و ئەوەی کراوە لەلایەن شاندی ھەردوو حیزب‌و باس دەکرێت‌و دەزانین تەنیا گفتوگۆیە، ھەرچەندە وڵاتانی نیودەوڵەتی لەم دۆخە ئاڵۆزەدا کە ناوچەکەی تێکەوتووە داوا دەکەن بەزوویی حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت، تەنانەت عێراقیش داوا دەکات حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت، بەڵام ھێشتا پارتی و یەکێتی رێکنەکەوتوون لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھیچی لەدەست نایەت تەنیا دوعای خێر نەبێت”.

سەرچاوە:ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail