بەپێی ئامارەکانى ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ، رەوشى مافى مرۆڤ لە عێراق و هەرێمدا لە دۆخێکى مەترسیداردایە و جگە لە ئەنجامدانى کردەوە تیرۆریستییەکان رۆژانە فڕاندن و گرتن و ئەشکەنجەدانى هاوڵاتییان ئەنجامدەدرێت، لەلایەن گروپە چەکدارییەکانەوە بەبێ ئاگادارى دادگا و گەڕانەوە بۆ یاسا کارپێکراوەکانى عێراق و هەرێم.
ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، لە نێوان ساڵى ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ لە عێراق و هەرێمى کوردستان، ٧٤ پیاو و ٤ منداڵى تەمەن نۆ ساڵ فڕێندراون، کە زۆربەى فڕێندراوەکان بەبێ فەرمانى دادگا و لەلایەن حەشدى شەعبییەوە ئەنجامدراوە و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش وەڵامى کەسوکارى فڕێندراوەکان نادەنەوە.
هیومان رایتس وۆچ ڕەخنەی لە حکومەتى هەرێم و عێراق گرتووە و باسی لەوە کردووە، هیچکام لەو دوو حکومەتە وەڵامى پرسیارە تایبەتەکانى ڕاپۆرتى ڕێکخراوەکەیان نەداوەتەوە کە تایبەتە بە بێسەروشوێنکردنى هاوڵاتییانیان لە عێراق و هەرێمدا.
ڕێکخراوەکە دەڵێت، لە ١٨ى ئەم مانگەدا حکومەتى هەرێم لەڕێگەى دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم زانیاریی لەسەر شێوازی دەستگیرکردن و ژمارەی دەستگیرکراوان خستووەتەڕوو، بەڵام وەڵامی هیچ پرسیارێکی دیاریکراوی هیومان ڕایتس وۆچی نەداوەتەوە دەربارەی شوێنی ئەو کەسانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ناویان هاتبوو.
هاوکات ڕێكخراوی نێودهوڵهتی بۆ بێسهروشوێنان كه لە عێراقدا کاردەکات بۆ دۆزینهوهی بێسهروشوێنهكان، ژمارهی بێسهروشوێنهكانی عێراق و هەرێمى کوردستانى به ٢٥٠ هەزار کەس خهمڵاندووه، ئهمه جگه لهوهی كه ڕێكخراوی خاچی سوری نێودهوڵهتی ڕایگهیاندبوو كه عێراق زۆرترین ژمارهی بێسهروشوێنی تێدایه له جیهاندا.
هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژەى بەوەش کردووە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٧ هەزار و ٣٧٤ گومانلێکراوی داعش لە عێراق و هەرێم دادگایی کراون و سزادراون، کە ٩٢ کەسیان سزاى لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و دادگاییکردنەکانیشیان تەنیا ١٥ بۆ ٢٠ خولەکی خایاندووە، بەبێ ئامادەبوونى تۆمەتبارەکان لە دادگاییەکەدا.باسی لەوەش کردووە، لە چەند کاتێکى جیادا و له ٩ شار و شارۆچكهی سنورى پارێزگاى سلێمانیدا بەهۆى سیستمى پاشەکەوت و پێنهدانی مووچهکانیان بەشێک لە فهرمانبهران و مامۆستایان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و هێزە ئەمنییەکانیش لەو ناوچانە زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر و ٢٢ رۆژنامەنووسیان دەستگیرکردووە و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامداون.
هاوکات كۆمیتهی بهرگریی له ڕۆژنامهنووسان ئاماژە بەوە دەکات کە دەستگیرکراوەکان ناچاركراون کە بهڵێننامە پڕبکەنەوە بۆئەوەى بەشداریی هیچ خۆپیشاندانێک نەکەن و له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانیش ڕهخنه له حكومهت نەگرن و رۆژنامەنووسانیش نابێت وێنەى خۆپیشاندەران بگرن.
لەلایەکى ترەوە دیندار زێبارى رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە وەڵامى ڕێکخراوى هیومان رایتس وۆچدا دەڵێت، لە ھەر سێ پاریزگاى ھەولێر و سلیمانی و دھۆکدا سێ فەرمانگەی چاکسازیی بۆ بەشی گەوران و سێ فەرمانگەی چاکسازیی بۆ بەشی ئافرەتان و مێردمنداڵان ھەیە.دیندار زێبارى ئاماژە بەوەش دەکات، لە گرتوخانەى هەولێر تا مانگى ئابی ٢٠١٧، ٦٧٥ کەس بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون و لە پارێزگاى دهۆک ١٥٩٤ کەس و لە سلێمانییش ٣٠ کەس دەستگیرکراون و لە پارێزگاى کەرکوکیش لە ماوەى ٤ ساڵى رابردوودا ٣٩٩ کەس بە هەمان تۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون.
ڕەخنەگرانى دۆخى مافى مرۆڤیش لە هەرێم ئاماژە بەوە دەکەن کە جگە لەو گرتووخانە فەرمییانەى کە لەلایەن وەزارەتەکانى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و ناوخۆوە بەڕێوەدەبرێت، لە هەرێمدا پارتى و یەکێتى و بەشێک لە بەرپرسە باڵا سەربازییەکانیان گرتوخانەى نهێنی تایبەت بە خۆیان دروستکردووە و تا ئێستاش زانیارى لەسەر شوێنى گرتوخانەکان و دۆخى زیندانییان و ئەشکەنجەدان لە گرتووخانە نهێنییەکانى ئەو دوو حزبەدا نادیارە.
ئاماژە بەوەش دەکەن لە ٢٧ ساڵى ڕابردوودا سەرجەم فەرمانگە ئەمنی و سەربازییەکانى هەرێم لەژێر هەژموونى پارتى و یەکێتیدا بووە و چەندین تیم و باندى سەربازیی ڕاهێنراویان بەناوى بەرپرسە باڵاکانیانەوە دروستکردووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و یاسا، نەیارە سیاسییەکانیان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکان و خۆپیشاندەرانى هەرێم دەستگیردەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن.ئەمە جگە لەوەى لەکاتى شەڕى ناوخۆى پارتى و یەکێتیدا نزیکەی ٤٠٠ کەس بێسەروشوێن کران کە تا ئێستاش كەسوكارەکانیان بەردەوام بەدوای چارەنوسیاندا دەگەڕێن.