كات نزیك كاتژمێر ٩ ی بەیانیە، ڕۆژێكی زۆر ساردە و پلەی گەرما لە ژێر سفرە و دارو بەردی زەویی بەستوویەتی. منداڵەكانم برد بۆ قوتابخانە، لە گەرانەوەمدا لە شوێنی یاری كردنی پاركە بچوكەكەی تەنیشت ماڵی خۆماندا، كچێكی ھەرزەكارم بینی تەمەنی وادیار بوو كە ھێشتا ٢٠ ساڵانی تێنەپەراندبوو. كچەكە زۆر جوان و سەرنج ڕاكێش بوو چاوێكی ڕەشی گەورەی پێوە بوو ودەم وچاوێكی سپی وردیلانە و پەری ئاسا سەرپۆشە ڕەشەكەی سەری شەڕی لەگەڵ چاوەكانی دەكرد. بە مات و مەلولیەوە لەسەر كورسییەكی دار دانیشتبوو، بۆ ئەوەی سەرمای ئەو ڕۆژە كاری تێ نەكات پاڵتۆیەكی درێژی لەبەركردبوو . سەرنجی ڕاكێشام بەلای خۆیدا و نەمتوانی كە سڵاوی لێنەكەم. ھەر بۆیە بەزمانی ھۆڵەندی وتم بەیانیت باش. ئەویش بە چاوێكی پر لە فرمێسك كە دیار بوو بە زۆر خۆی گرتبوو، بە كزیەكەوە ووتی ئەم بەیانیەی من باش نیە بەڕاستی. بە بیستنی تەنھا ئەو شەش وشەیە زانیم زمانی ھۆڵەندی باش نییە.
– چاوەڕوانی كەسێك ئەكەیت لێرە؟
ووتی: نەخێر ..
– ئەی چی دەكەیت لێرە بەم بەیانیە ساردە؟
ووتی: ناتوانم بە ھۆڵەندی وەڵامت بدەمەوە ..
– لە چ وڵاتێكەوە ھاتوویت ؟
وتی: وڵاتی مەغرب ..
– كەواتە بە ئەرەبی قسە بكەین؟
وتی: بەڵێ ..
زۆر دڵ خۆش بووم بەوەی كە وتی زمانی ئەرەبی دەزانم چونكە ئەمتوانی گوێی لێ بگرم و بزانم چ گرفتێكی ھەیە.
یەكسەر دەستی سڵاوم بۆ درێژ كرد بۆ ئەوەی خۆمی پێ بناسێنم و بە زمانی ئەرەبی وتم كچی جوان من ناوم ڕۆزایە ..
ئەویش دەستە ساردەكەی خستە ناو دەستم وتی منیش ئەمیرە …
وتم چەند ناوێكی خۆشە ئەمیرە بە واتای شازادە دێت و خۆشت شازادە ئاسا جوانیت ..
یەكسەر خۆی پێنەگیرا و دەستی كرد بە گریان ..
-ئەمیرە ماڵی ئێمە لێرە نزیكە، با لێرە بڕۆین ئێرە زۆر ساردە و منیش ھێشتا نانی بەیانیم نەخواردووە و پێكەوە شتێكیش دەخۆین … دوو دڵ بوونی پێوە دیار بوو لەوەی بێتە ژورەوە، منیش تێگەشتم چونكە خەڵكی وڵاتی مەغریب ناچنە ماڵێكی بێگانە كاتێك پیاو لە ماڵ بێت.
– ھاوسەرەكەم لە ئیشەوە ومناڵەكانیشم لە قوتابخانەن كەس لە ماڵ نییە و ھەر خۆمم ..
وتی: دەی باشە وھەستایە سەرپێی و پێكەوە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە ..
یەكەم شت ووتی: چەند گەرم وخۆشە ماڵت!
– ئەزانی منیش زۆرم سەرمایەو دەرەوە زۆر ساردە.
ووتی: ھەر زۆر !!!!
ووتی: من لە كاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی لە ماڵ دەرچووم و زۆر بەپێ گەڕاوم و ئەوە كاتژمێرێك زیاترە لەو پاركە دانیشتووم، ویستم برۆم بەڵام شتێك لەناخمدا وتی لێرە دانیشە، لەوە دەچێت خوای گەورە تۆی بۆ من ناردبێت بۆ ئەوەی گوێم لێبگریت. دڵم خەریكە شەق دەبات چونكە ھیچ كەس شك نابەم دەردە دڵی خۆمی لا بكەم ( لەسەر قەنەفەكە دانیشت)..
بەرچایی بەیانی ھەر لە سەر مێزەكە بوو ھێشتا لام نەبردبوو بە پەلە دوو قاوەم دروست كرد، ھەرچەندە پێداگری كرد لەوەی ھیچ شتێك بخوات و بخواتەوە، بەڵام كۆڵم نەدا.
ھاتە لای مێزەكە ووتی من قاوە ناخۆم، پێی تێك دەچم سوپاس چایەك دەخۆمەوە ئەگەر ھەبێت. بە پەلە چایەكم بۆ دروست كرد و تەنھا دوو پاروی خوارد بە چاكەوە وتی بەزیاد بێت. دەركەوت سكی ھەیەو تووشی دڵ تێك ھەڵاتن دەبێت بۆیە ناتوانێت زۆر بخوات.
لە ناخی خۆم سەیر نەبوو كچێكی ھەرزەكار ببینم سكی پڕ بێت چونكە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ١٢ ساڵیەوە ئەدرێتە شوو نەخوازە بیست، چ كارەساتێكە ئەم كچانەمان ھەر زوو بە منداڵی دەدرێن بەشوو سكیان پڕ دەكرێت.
–
تۆ كچ نیت ؟
ووتی: نا من ژنم و دووگیانم …
بە دەروونێكی ماندووەوە وردە وردە دەستی كرد بە قسەكردن ھەرچەندە لێوەكانی و دەستی ھەر دەلەرزین. وتی من تەمەنم ١٩ ساڵە وھاوسەرەكەشم ناوی یوسفە و تەمەنی ٣٠ ساڵە. ئەوە بۆ ماوەی چوار مانگە ھاتوومەتە وڵاتی ھۆڵەندا و ھێشتا ھیچ كورسێكی زمانم وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی فێری زمانی ھۆڵندی ببم ، من خۆم لە نەتەوەی (بەربەرم) لە ووڵاتی مەغرب. زمانی ئەرەبیم لە قوتابخانە خوێندووە بۆیە باشم تێیدا، قۆناغی ناوەندیم بە پلەیەكی زۆر باش تەواو كرد ویستم بچمە زانكۆ بۆ ئەوەی درێژە بە خۆێندنەكەم بدەم، بەڵام باوكم و براكانم نەیانھێشت زیاتر بخوێنم، وتیان تەواو ئیتر پێویست ناكات بخوێنیت و كچ دەبێت ھەر شو بكات ئەمرۆ بێت یان بەیانی. ئێستاش كورێكی باش ھاتۆتە خوازبێنیت و دەتبات بۆ ئەوروپا بۆ وڵاتی ھۆڵەنداو ئەو كات لەوێ بۆ خۆت بخوێنە.
ڕاستی لە سەرتاوە تۆزێ داكۆكیم كرد لە وەی كە من شو ناكەم و دەمەوێت درێژە بە خوێندنەكەم بدەم ، بەڵام براكانم لێیان دام و ھەرشەیان لێكردم وتیان ئەگەر شوش بەم كورە باشە نەكەیت ئەوا ھەر نایڵین بخوێنیت. ناچاربووم كە ڕازی ببم، ھیچ ھەڵبژاردەیەكی ترم لە بەردەمدا نەبوو. من پێشوتر ھاوسەرەكەم نەبینیبوو بەڵام وادیار بوو ئەو منی بینیبوو كاتێك كە دەڕۆشتم بۆ خوێندنگاكەم ..
ئەوە بوو دوای دوو ڕۆژ مەلایان ھێناو و مارە بڕام و ئاھەنگێكی خێزانیان ساز كرد و چەند وێنەیەكیان گرت وتیان بۆ ئەوەی بتوانێت كاروباری فەرمیت بۆ بكات لە ھۆڵەندا. ئیتر منیش كەوتمە ئەمری واقعەوە، ھەرچەندە ھیچ ھەستێكی خۆشەویستیم بۆی نەبوو وبەڵام وتم لەوانەیە ئەم كورە بیركردنەوە و ئەقڵیەتی و تێڕوانینی بۆ ژن وەك خەڵكی مەغرب نەبێت و لەوانەیە جیاواز بیربكاتەوە بەو پێیەی كە چەند ساڵە لە ئەوروپا دەژی. ھەمیشە دایكم دەیوت خۆشەویستی لە دوای ھاوسەرگیری دروست دەبێت بۆیە پێم وابوو لە داھاتوودا خۆشم بوێت. لە دوای مارە بڕین زۆر داوام لە براكانم كرد كە با چەند جارێك دانیشین پێكەوە و یەكتر بناسین بەڵام ئەوان ھەر ناڕازی بوون و دەیان وت دانیشە بزانە حەیامان نابەیت و قسەی خەڵكیش ناھێنێتە سەرمان، ئەوەتا دێت بۆ ماڵمان! ڕاست بوو چەند جارێك ئەو ھات بۆ ماڵمان، بەڵام ھەمیشە لە گەڵ باوكم و براكانمدا دادەنیشت و ژمارە تەلەفۆنەكەشی ھەر لای ئەوان بوو …
ئەوە بوو یوسف گەرایەوە بۆ ھۆڵەندا بۆ ئەوەی كاروباری فەرمیم بۆ بكات و چەند جارێك تەلەفۆنی دەكرد بۆ ژمارە تەلەفۆنی برایەكم،بەڵام ھەر ئەوەندە چۆنی وچاكی دەكرد لە گەڵمدا، دیار بوو ئەویش حەزی دەكرد زیاتر قسەم لە گەڵ بكات، بەڵام براكەم نەیدەھێشت ودەیوت بەسە و سبەی كە ڕۆشتیتە لای بۆ خۆتان ھەر قسە بكەن ..
لە دوای چەند مانگێك مافی پەنابەریم بۆ دەرچوو وئەوە بوو خۆم بە تەنیا بووم ویەكەم جارم بوو كە سواری فڕۆكە ببم وە بەلامەوە گۆڕانكارییەكی نوێ بوو لە ژیانمدا و لە ناخی خۆمدا دەموت دەبێت یوسف منی زۆر خۆش بوویت بۆیە كە هاتەوە بۆ مەغرب منی هەڵبژارد. هەرگیز خۆشەویستیم نەكردبوو لە ژیانمدا ھەر بۆیە وردە وردە هەستم بۆی دەجوڵا و گەشبین بووم بەوەی داهاتوویەكی باش چاوڕوانیم دەكات. هەر بەدەم خەیاڵەكانمەوە كات زوو تێپەڕی و فڕۆكەكە وردە وردە نیشتەوە و منیش ترپەی دڵم زۆر زۆر خێرا لێی ئەدا وشەرمم دەكرد و دەموت چی بكەم كاتێك یوسف ببینم!!
ئەوە بوو كاتێك دابەزیم و بینیم یوسف لە گەڵ ژنێك و كچێكدایە و هاتن بەرەو پیریمەوە و یوسف دەستی سڵاوی ڕاكێشا و تەوقی لەگەڵ كردم.
ووتی ئەوە دایكم وخوشكمە و ئەوانیش باوشیان پیاكردم و ماچیان كردم، كاتێك لە مەغرب بووم دەمزانی یوسف لە گەڵ دایك وخوشكێكیدا لەهۆڵەندا پێكەوە دەژین، بەڵام وێنەی دایك و خوشكەكەیم نەبینیبوو.
ئەو كاتەش كە هاتەوە و دایكی لە گەڵ نەبوو كاتێك هاتنە خوازبێنیشم لەگەڵ ماڵی خوشكە گەورەكەیدا هات كە لە مەغرب دەژیان ..
لە فرۆكەخانە هاتینە دەرەوە و یوسف ئۆتۆمبێلێكی دوو دەرگایی بچوكی پێ بوو، من و خوشكەكەی ڕۆشتینە دواوە و دایكی لە پێشەوە سەركەوت. زوو زوو دایكی ئاوڕی بۆ ئەدامەوە و دەیووت یوسف ماشااللە ژنەكەت جوانە وئەمە گەوهەرە دەستی تۆ كەوتووە و تۆش دەبێت ئیتر ببیت بە پیاوێكی باش و ئەوەندە هاوڕێیەتی كەسانی خراپ نەكەیت، ئەم تورەیی و دەمارگیریەت لە بیر بكەیت و دڵت بە ماڵ و حاڵت خۆش بێت..
خوشكەكەشی ساڵێك لەمن گەورەتر بوو هەر سەیری دەكردم و پێدەكەنی وا دیار بوو كە دڵی خۆش بوو بە هاتنی من. لە دوای نزیكەی كاتژمێرێك گەشتینەوە ماڵەوە و دایكی دەرگاكەی كردەوە ووتی بەخێربێت بۆ ئەم ماڵە خنجیلانەیە، هەرچەندە خانووەكەمان بچووكە بەڵام ئێوە بەكاتی لێرەن و ئەوەندە نابات یوسف خانوو دەگرێت بەكرێ و دەچنە خانووی خۆتان.
دایكی وتی ڕۆڵە ئەمیرە وەرە ئیشم پێتە، ڕۆشتە مەتبەخەكە و منیش چووم. دەستی كرد بە قسەكردن و هەندێك باسی خەڵكی هۆڵەندی كردوو ووتی ئیتر تۆ هاتوویت بۆ ئێرە دەبێت زۆر ئاگات لە خۆت بێت و ئێرە وڵاتی كافرستانیە و خەڵكی ئێرەش زۆر حەزیان بە موسڵمان نییە و دەبێت زۆر تێكەڵیان نەبین.
یوسفی كوریشم باشە ئیشێكی خۆی هەیە و بەیانیان زوو دەروات و هەموو ڕۆژێك پێنجی ئیوارە دەگەڕێتەوە و ڕۆژانی شەمە ویەك شەمانیش لە گەڵ هاورێكانیدا دەرواتە دەرەوە،ئیتر هەتا ئێستا ژنی نەبوو ، بەڵام لە مەودوا تۆ لێرەیت دەبێت كارێك بكەیت كە تۆ بە جێ نەهێڵێت وڕۆژانی پشوو لە گەڵ تۆدا بێت.
لێرەش كچی مەغربی زۆر بوو و خزم و كەسیش هەبوو و بەڵام پێمان خۆش بوو كە لە مەغرب ژن بهێنێت وئەوە بوو كچە گەورەكەم كە لە مەغریبە تۆی بۆ دەستنیشان كردوو وهەرچەندە یوسف دەیووت من تاقەتی كچی مەغریبم نییە و حەزم بەچارەیان نیە بەڵام من وخوشكە گەورەكەی زۆرمان لێكرد وئەوە بوو هاتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ تۆدا كرد.
یوسف كەسێكی بە ڕەحمە و بەڵام یەك ئەیبی هەیە تۆزێ زوو تورە دەبێت و ئیتر خۆت ئەزانی پیاوی مەغربی هەموویان هەر وان ، منیش وتم ڕاست دەكەیت باوك وبراكانی منیش هەروان و زوو تورە دەبن ..
بەم قسانەی دایكی كە كردی بە تەواوی دڵم توند بوو خەم دایگرتم ، دایكی وتی ڕۆڵە تۆ ماندوویت و بڕۆ لە ژورەوە سەر قەنەفەكان لای یوسف دانیشە. منیش بە شەرمێكەوە ڕۆشتم و دانیشتم ودڵم كەوتە پەلە كردن، كە دانیشتم یوسف ڕۆشتە ئەولاوە و تەلەفزیۆنەكەی هەڵ كرد وخۆی خەریك كرد بە سەیركردنی تەلەفزیۆن ،وتم لەوەدەچێت ئەویش شەرم بكات ..
ئەو ڕۆژەی كە من هاتم ڕۆژی شەمە بوو، ئەوە بوو دایكی
خەریك بوو بە خواردن دروست كردن و یوسف بە بێدەنگی سەیری تەلەفزیۆنی دەكرد و منیش نەم دەزانی چی بكەم و لە شوێنی خۆمدا نوقمی خەیاڵ بووم و زۆر پێویستیم بە دایكم بوو لەبەر ئەوەی یەكەم جارم بوو لە ژیانمدا لە دایكم دوور بكەومەوە بۆیە هەستم بەتەنیاییەكی زۆر دەكرد، حەزم دەكرد لەو كاتەدا دایكم لە پاڵمدا بوایە بە توندی باوەشم پیادا بكردایە و بگریامایە. دایكیشم لە ماڵەوە حاڵێكی خراپی هەبوو بەدەست باوكمەوە، زۆر دەیشكاندەوە و هەمیشە قسەی ناخۆشی پێدەوت و قسەی دایكم هیچ ڕۆڵێكی نەبوو. باوكم وبراكانم بریاردەری سەرەكی بوون لە ژیانماندا و دایكم زۆر كەسێكی بەخشندە و میهرەبان بوو، منیش تاقانە بووم بۆیە وەك هاورێم وابوو وهەرگیز شەرمم لێنەدەكرد و هەموو شتێكی خۆمم بۆ باس دەكرد ، تەنانەت كاتێك وتم من شوو ناكەم ودەمەوێت بخوێنم و ئەو پاڵپشتی كردم وتی بە باوكم وازی لێبهێنە با بۆ خۆی خوێندن تەواو بكات، بەڵام باوكم وتی دەمت داخە نامەوێ ئەو قسەیە دووبارە بكەیتەوە،من بەڵێنم بەو ماڵە داوە و هەرگیز لە بەڵێنی خۆم پاشگەز نابمەوە ..
دایكی یوسف خواردنی دروست كرد وهێنایە سەر مێزەكە و بانگی ئێمەی كرد، منیش هاتم و لە تەنیشت دایكی دانیشتم دڵم زۆر توند بوو هیچم بۆ نەدەخورا وزۆر شەرمم دەكرد، بە زۆری دایكی تۆزێ شتم خوارد.
لە دڵی خۆمدا ووتم ئێستا لە دوای نان خواردن یوسف دەم بات بۆ دەرەوە و تۆزێ قسە دەكەین پێكەوە ، یوسف هەر وەك من دوو پارووی خواردوو ووتی دایكە من دەبێت بڕۆمە دەرەوە و هاوڕێكانم چاوەڕوانمن (وا دیار بوو زۆری پەلە بوو بۆ ئەوەی بڕواتە دەرەوە). دایكی وتی ڕۆڵە ئەمرۆ مەڕۆ دەرەوە و ئەوەتا ئەمیرە هاتووە و لە گەڵ ئەمیرەدا بۆخۆتان بڕۆن پیاسەیەك بكەن ،بەڵام یوسف هەر گوێشی نەگرت و یەكسەر ڕۆشت و زۆر بە توندی دەرگاكەی لە دوای خۆی داخست.
دایكی لە ژێر لێوەوە هەندێك قسەی كرد و هەردوو دەستی بەرز كردەوەو وتی خوایە هیدایەتی ئەم كورەم بدەیت وبیكەیت بە پیاوێكی باش ..
دایكیشی زۆر بێتاقەت بوو و ئەویش دەستی لە نان خواردن هەڵگرت ، سەنای كچی وتی دایكە نانەكەت بخۆ و خۆ یوسف هەر شەمە ویەكشەمە دێت ئەمە حاڵێتی و لەماڵ دانانیشێت. دایكیشی وتی ڕۆڵە ئاخر ئێستا ژنی هێناوە و دەبێت باش بێت و وەك جاران هەڵسوكەوت نەكات .لەگەڵ خودی خۆمدا كەوتمە گلەیی كردن لە خۆم وتم بۆ چارەنوسم وابێت ،ئەبێت چیم كردبێت لە ژیانمدا تا بەم شێوەیە سزابدرێم !!!
ئەوان هەستان و خواردنەكەیان كۆ كردەوەوە و منیش بە بێئاگا لە شوێنی خۆم دانیشتبووم ، سەنا وتی ئەمیرە هەستە بڕۆ سەر قەنەفەكە لەوێ ئیسراحەت بكە ، منیش هەستام و ڕۆشتم لەوێ دانیشتم ودایكی وسەنا هاتنەلامەوە و هەندێك پرسیاری مەغرب و كەس وكاریان لێكردم و منیش وەڵامم دانەوە ، دواتر سەنا هەستا و ڕۆشتە ژورەكەی خۆی ودایكیشی وتی ڕۆڵە هەستە با بتبەم بۆ ژورەكەی یوسف و دواتر منیش زۆر هیلاكم دەبێت پشوو بدەم ..
هەستام لە گەڵ دایكیدا و ڕۆشتین بۆ ژورەكەی یوسف كە لە قاتی دووەمی خانووەكە بوو ..
وتی ڕۆڵە تۆش بۆ خۆت ئیسراحەت بكە، بەڵكو یوسفیش زوو بێتەوە …
دایكی ڕۆشتەوە خوارەوە بۆ ژوری خۆی و منیش بە تەنها لە ژورێكی گەورەدا كە لە دوو لاوە پەنجەرەی تیادابوو و زۆر سامناك بوو ، شەوێكی باراناوی وهەورە گرمەبوو ، زۆر دەترسام و هەرچیم دەكرد نەدەتوانی بخەوم كاتیشم لێ نەدەڕۆش، زۆر پێویستیم بە باوەشی گەرم و پر لە سۆزی دایكم بوو .بە دەم هەنسك و گریانەوە خەو بردمییەوە و لە دەنگی هەورە گرمەییەكی زۆر بەهێزدا ڕاچەڵەكام و سەیری كاتژمێرم كرد نزیكی ۱۲ شەو بوو و ماڵێش و زۆر بێدەنگ بوو، ئەوانیش نوستبوون و ئیتر نەمتوانی بخەومەوە زۆر دەترسام، ئەو شەوەم بە ساڵێك لێ ڕۆشت تا بوو بە نزیكەی سەعات ٥ بەیانی ، كاتێكم زانی دەنگی دەرگای دەرەوە هات و زۆر بە توندی دەرگاگە داخرایەوە. بە گۆرانی وتن دەنگێكی بەرزی تەپەی پێ وردە وردە ، دەنگەكە لێم نزیك دەبویەوە و لەو كاتەدا نازانم چۆن ڕۆحم دەرنەچوو نەمردم. ئیتر خۆم كرد بە خەوتوو وه دڵم بە تەواوی خەریك بوو دەوەستا، كاتێكم زانی گڵۆپی ژوور كرایەوە و یوسف بە دەنگێكی بەرز وتی ئەمیرە خەوتوویت؟ هیچم نەوت وەك دڕندەیەكی برسی بەربووە گیانم وبۆنێكی زۆر پیسی لێدەهات و دیاربوو زۆری خواردبوەوەو سەرخۆش بوو !!!
قیژاندم وهاوارم كرد كە وازم لێبێنێت وبەڵام نە ئەو وازی دەهێنا و نە دایكیشی هات بە هانامەوە، وەكاتێك لەهەوڵی لاقە كردنمدا بوو هەرچەندم كرد نەمدەتوانی خۆم ڕزگاركەم لەدەستی دەرچم یان ڕابكەم ئیتر لەپڕدا هەستم بە ئازارێكی یەكجار زۆر كرد و لە هۆشی خۆم چووم ، كاتێك بە ئاگا هاتم بە سەر هەڵ هەڵەی دایكیدا وە شوكرانەی خودای كرد كەهەموو شتێك تەواو بوو !!!!
زۆرم پێ سەیر بوو ڕەفتاری دایكی یوسف كە بۆ ماوەی بیست ساڵە لە ئەوروپا دەژی بەڵام هەر وەك ژنەكانی مەغرب بیردەكاتەوە …
كاتێكم زانی هاتە سەر سەرم ولێفەكەی لابرد وادیار بوو بە دوای شتێكدا دەگەرا ، زۆر گێژ بووم وئاگام لە خۆم نەبوو ، وتی كوا بۆ هیچ شتێك نابینم وتم وەك چی وتی خوێن ، یەكسەر تێگەشتم لە مەبەستی بەڵام خۆم بێدەنگ كردوو وهیچم نەوت ، ئەو پێش من ڕۆشتە خوارەوە ،
چوومە خوارەوە وسڵاوم كرد یوسف هەر وەڵامیشی نەدایەوە و هەر وەك ئەوەی گوێی لە هیچ شتێك نەبووبێت …. وا هەستم كرد دایكیشی وەك ژنە بە سۆزەكەی دوێنێ نەمابوو ئەویش بە هەمان شێوە گۆڕابوو تەنانەت نەیوت وەرە خواردن بخۆ !!!
وتم ئەی خوایە هێز و توانام پێبدە بۆ ئەوەی بتوانم زاڵ بم بە سەر خۆمدا و بەژیرانە هەڵ سوكەوت بكەم . چوومە لای یوسف دانیشتم ، یەكسەر هەستاو و ڕۆشتە ئەولاوە ، بەم شێوەیە و بەبێ قسە ئەو ڕۆژەشەم بە سەر برد، یوسف دیسانەوە بە تەنها ڕۆشتە دەرەوە و بەڵام شەو زووتر هاتەوە چونكە دەبوایە ڕۆژی دواتر ئیش بكات …چوومە سەرەوە و ئەویش هات لە دوام بەڵام دیار بوو ئەو شەوە سەرخۆش نەبوو ، وتی داوای لێبوردن دەكەم كە دوێنێ شەو زۆر ئازارم دایت و بێئاگابووم. تۆ زۆر كچێكی باشیت بەڵام زۆر قورسە بۆ من كە بتوانم خۆشەویستیت بدەمێ چونكە من هیچ كات نەمویست ژن بهێنم ، بۆ ئەوەی دایكم حاشام لێ نەكات ژنم ھێنا. من كەسێكم هەرچەندە زوو تورە دەبم، بەڵام مرۆڤێكی بەسۆزم بە تایبەتی بۆ دایكم، دوای مردنی باوكم وەك دایك و باوك ئێمەی بەخێوو كردووە بۆیە نەمدەتوانی كە بە قسەی نەكەم …
منیش وتم ئەی من چ تاوانێكم كردووە كە بەم شێوەیە بژیم ، وتی بخەوە خوا كەریمە ..
بەم شێوەیە چەند ڕۆژێكم بەڕێ كرد لەگەڵ یوسفدا و هەرچەندە وتی ناتوانم خۆشەویستیت بدەمێ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیویست كاری سەرجێگەیم لەگەڵ بكات . هەر جارێك كە دەیویست لەگەڵم بخەوێت ، من لە تاو ئازار نەمدەتوانی خۆم بگرم و یەكسەر لە هۆش خۆم دەچووم، ئەمەش وای دەكرد لەوەی ئەوەندەی تر رووم نەداتێ و بە كەسێكی ناتەواو بمبینێت و وەك ئەوەی عەیبەیەكی گەورەم هەبێت …
كار بەم شێوەیە تێپەری و نزیكەی ۱٠ ڕۆژێكی خایاند و دواتر دایكی بە مەسەلەكەی زانی و بڕیاریان دا بمبەن بۆ لای پزیشك..
ئەوە بوو ڕۆشتین بۆ لای پزیشكی خێزانی خۆیان ، كە دكتورەیەكی هۆڵەندی زۆر باش بوو.كاتێك خەسووم گرفتەكەی بۆ دكتۆرەكە باس كرد ، دكتۆرەكە بە چاوێكی بەزەی سەیری كردم وتی هەستە بڕۆ لە سەر ئەو قەروێڵەیە ڕاكشێ با پشكنینت بۆ بكەم ،كاتێك پشكنینی كردم ووتی دیواری پەردەی كچێنی بە تەواوی داخراوە ودەبێت بە نەشتەرگەری بۆی لاببرێت ، دكتۆرەكە دەستی هێنا بە سەرمدا و تەماشای خەسوومی كرد ووتی من زۆر بە باشی لە كلتوری ئێوە تێدەگەم و زۆریشن ئەو كچانەی كە ئەم گرفتەیان هەیە ، چۆن توانیوێتی ئەم ماوەیەی پێشوو بەرگەی ئەو ئازارە سەختە بگرێت !!! تۆزێك لە قسەكانی تێگەشتم بەڵام نەك هەمووی و نەمتوانی هیچ وەڵامێكی بدەمەوە. تەنانەت دكتۆرەكە باسی لەوەش كرد كە كچانی هۆڵەندی بە بێ هیچ گرفتێكیش هەر دێن بۆ لای پزیشك بۆ ئەوەی بیانكاتەوە ..
دكتۆرەكە زۆر كەسێكی باش وبە بەزەیی بوو وەك ئەوە نەبوو كە یەكەم ڕۆژ هاتم دایكی یوسف پێی وتم ئەمان كافرن وحەزیان بە خەڵكی موسڵمان نییە و دەبێت خۆمانیان لێبپارێزین !!!!
دكتۆر وتی بەیانی وەرنەوە و من خۆم نەشتەرگەری بۆ دەكەم …
ڕۆشتینەوە ماڵەوە و شەوێ كە یوسف گەڕایەوە لە ئیش و دایكی گرفتەكەی بۆ باس كرد، هەرچەندە بە لایانەوە زۆر قورس و ئەیبە بوو بە تایبەتی بۆ یوسف كە خۆی نەیتوانی ئەو كارە بكات و وەك خاڵێكی لاواز لە خۆیدا دەیبینی ، بەڵام بڕیاریاندا كە پزیشك نەشتەرگەریەكەم بۆ بكات …
ئای چەند هەستم بە لاوازی خۆم دەكرد وەك مرۆڤێكی ناتەواو خۆم دەبینی ،وەك بوكەڵە بە دەستیانەوە دەیانهێنام و دەیان بردم و هیچ بڕیارێك لە دەستی خۆمدا نەبوو، تەنانەت دەبوایە بەڕەزامەندی ئەوان تەلەفون بۆ دایكم بكەم، چەند خولەكێك زیاتر بۆم نەبوو قسە بكەم، كاتێك قسەشم دەكرد خەسووم لە تەنیشتم دەوەستا و لانەدەچوو بۆیە نەمئەتوانی هیچ شتێك بۆ دایكم باس بكەم !!
ئەوە بوو بەیانیەكەی ڕۆشتینەوە بۆلای دكتۆرەكە بەبێ ئەوەی هیچ ئازارێكم بدا نەشتەرگەریەكەی بۆ كردم ..
بەڵام لە دوای ئەوە و هەتا ئێستا هەمیشە وەك ئەوەی كە ئەیبێكی گەورەم هەبووبێت دەیدەن بە ناوچاومدا ، ئەی من بڵێم چی خودا بەم شێوەیە منی دروست كردووە، مەگەر دایكی یوسف و یوسف موسڵمان نیین ، بۆ دەبێت ناڕەزای لە كارێك دەربڕن كە خواوەند خوڵقێنەری بێت …
هەتا ئێستا یوسف منی خۆش ناوێت و تەنانەت لەدوای ئەوەش كە دووگیان بووم !!!
ئەگەر بییەوێت قسەم لە گەڵ بكات هەمیشە بە تورەوە دەیكات و هەرچەندە هییچ شتێك ناكەم كە دەرچوون بێت لە ڕەزامەندی ئەو و دایكی ، تەنانەت ئامادەش نییە لە گەڵیشمدا بڕواتە دەرەوە یان ماڵم بۆ جیابكاتەوە و هەموو ڕۆژێك دەروات بۆ كار و ئێوارە درەنگانێك دێتەوە و ڕۆژانی شەمە و یەك شەمەش هەر وەك جاران لەگەڵ هاوڕێكانیدا دەڕواتە دەرەوە و درەنگانێكی شەو بە سەرخۆشی دەگەرێتەوە…
ئەم بەیانیە ئەو زوو هەستا دەبوایە شەش بەڕێ بكەوتایە بۆ سەر كارەكەی، منیش كاتێك كە بە ئاگا هاتم خەریك بوو هەناسەم بوەستێت، خۆم پێنەگیرا و لەدوای ئەو كە ڕۆشت منیش بەبێ ئەوەی دایكی ئاگادار بێت هاتمە دەرەوە، ئەمە یەكەم جارمە بە بێ ڕەزامەندی ئەوان كارێكی لەم شێوەیە بكەم. بەڵام ئەگەر نەهاتمایتە دەرەوە و لەوانەیە دڵم بوەستایە (نازانم بۆ وام لێهاتووە بە هۆی دووگیانیەكەمەوەیە یان هەمووی خەفەتە )!!
ئەمیرە بەدەم گێڕانەوەی ئازارەكانی هەر لەخەمی ئەوەدا بوو كە كاتەكەش درەنگە و دەبێت بڕوات وئایا كە بڕواتەوە دایكی یوسف چی پێبكات !!
ئەمیرە هەستاو و ڕۆشت بێ ھیچ جێھێشتنی ئامرازی پەیوەندیەك، نە ژمارە تەلەفۆنی خۆی هەبوو ھەتا بیدا پێم و نە ئامادەش بوو ئەدرێسی ماڵی خۆیانم بداتێ. بەڵام من ژمارەی تەلەفۆنی خۆمم بۆی نووسی لە پارچە كاغەزێكی بچووكدا و هەندێك باسی مافی خۆیم بۆ كرد لەم وڵاتەدا كە چۆن ئەتوانێت ئەوە قبوڵ نەكات و خۆی ئازاد بكات. بەڵام ئەوە بوو ماوی ساڵ زیاترە من چاوەروانی هەواڵێكی ئەمیرەم. بەردەوامم لە چاوگێڕان بەدوای ئەمیرە كە دەڕۆمە بازار وشوێنە گشتیەكان ، بۆ ئەوەی بزانم چی لێبەسەر هاتووە.
ئەمیرە هەتا ئێستا هەر چاوەڕوانم !!!!