رۆژنامەی سەباحی عێراق بڵاویکردەوە، دوای چەندین مانگ لە بەدواداچوونی لیژنە تایبەتەکانی حکومەت، دەرکەوتووە نزیکەی ٦٠ هەزار کۆمپانیای تۆمارکراوی فەرمی کە هیچ چالاکییەکی بازرگانیان نییە بوونیان هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، رۆژنامەی سەباحی عێراقی ئاشکرایکرد، لە وڵاتەکەدا نزیکەی ٦٠ هەزار کۆمپانیای وەهمی بە فەرمی تۆمارکراون و هیچ چالاکییەکی بازرگانیان نییە و بەوەش، وەکو کۆمپانیای “وەهمی” دادەنرێن.
مانگی رابردوو، رەشاد خەڵەف هاشمی بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەی تۆمار لە وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەکرد، کە ٨٠ هەزار کۆمپانیا لە عێراق بە فەرمی تۆمارکراون.راشیگەیاند، لە ماوەی ١٥ ساڵدا کۆمپانیا هەیە هیچ بوونی نییە. ئەو کۆمپانیایانەی چالاکی بازرگانیان هەیە ٢٠ هەزار کۆمپانیان، بەمەش دەرکەوتووە ٦٠ هەزار کۆمپانیا وەهمین.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەت دەستیکردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی لە دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتیمانی و وەزارەتی بازرگانی پێکهێناوە.ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت ماوەی یەک مانگی داوەتە ئەو کۆمپانیایانە تا باج و سزاکانی سەریان بدەن.
لەلایەکی دیکەوە، موجاهید عیفان بەڕێوەبەری ئێستای تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی بەردەوامبوونی گرتنەبەری رێوشوێنەکان لە بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانەدا راگەیاند.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەبەراییەتیەکەیان رێوشوێنی دیکە دەگرێتەبەر و بە شێوەی تیر و پشک و لە ڕێگەی کەناڵەکانەوە رادەگەیەندرێن بۆ ئەوەی لە باج و سزاکان خۆیان نەدزنەوە .