ساڵی 1964 لە شاری سمێڵ لە خێزانێکی کرێکار لە دایک بووە. لەساڵی 1990 کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی موسڵی تەواو کردووە.
هاوڕێ نەزیر عمر ناسراو بە (ئارام )هەڵسوڕانی خۆی لە ساڵی 1988 لە شاری موسڵ دەست پێ کردووە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تریدا حەلقەی (التضامن العمال) یان پێکهێناوە و توانیویانە لەژێر رەشترین سەرکوت و زوڵم و زۆری رژێمی دڕندەی بەعسدا چالاکانە کارە سیاسییەکانی خۆیان بەرنە پێشەوە و چەندین چالاکی لەنێو قوتابیان و خوێندکاران ئەنجام بدەن دژی ستەمەکانی رژێمی بەعسی فاشی .
لە ساڵی 1989 لەگەڵ هاوڕێیانی حەڵقەکەیدا پەیوەندی دەگرن بە رێکخراوی رەوتی کۆمۆنیستەوە، وەک ئەندامێکی چالاکی ئەم رێکخراوە لەسەر ئاستی ناوچەی بادینان و شاری موسڵ چالاکی دەکرد. بوو بە سیمای ناسراو و خۆشەویستی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە. لەگەڵ پێکهاتنی (یەکێتی بێکاران)دا هاوڕێ ئارام دەبێت بە ئەندام و چالاکانە بۆ سەراسەری کردنەوەی لە ئاستی کوردستاندا بەتایبەت ناوچەی بادینان چالاکیەکانی ئەبات پێشەوە.
لە ساڵی 1991 کاتێک بنکەی رێکخراوی رەوتی کۆمۆنیست لەشاری زاخۆ دادەخرێت هاوڕێ ئارامیش بۆ ماوەی 24 سەعات زیندانی دەکرێت ..لەماوەی هەڵسورانیدا چەندینجار هەڕەشی لێدەکریت کە دەست لە چالاکی کرێکاری و جەماوەری بهێنیت ، بەڵام بیروباوەڕی پۆڵاینی ئەو بە ئازادی و یەکسانی هەرگیز ساردی ناکاتەوە لە تێکۆشان ..
سەرەنجام رۆژی 25/7/1993 لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەڕفێندرێ وتیرۆری دەکەن و رۆژی 28/7/1993 تەرمەکەی بە سووتاوی فڕێ دەدەن.
سەر شۆری و ریسوایی بۆ دوژمنانی ئازادی
بەرز و بەرێزە یادی نەزیر عمر و هەموو ئەوانەی لە پێناوی ئازادی گیانی خۆیان بەخشی