وەك بڕیارە 9/30 خولێكی تر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، وە لە ماوەی رابردووشدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی لە كوردستان تیروپشكی بۆ ژمارەو قەوارە سیاسییەكانی بەشداربووی ئەم پرۆسەیە ئەنجامدا، وە لەنێویشیاندا حزبی شیوعی كوردستان بەشدارە لەم پرۆسەیە بە ژمارە (164) بەناوی (ئازادی) و لە ژێر دروشمی ( خاك.. نان.. ئازادی) ماڵپەڕی رێگای كوردستان بە باشی زانی هەموو ئەو هاوڕێیانە بەسەر بكاتەوە كە حزبمان وەك پاڵێوراو بۆ ئەو پرۆسەیە متمانەی پێ خشینەو كاندیدی كردوون، یەكێك لەوانە هاوڕێ (نەهرۆ عاڵڵایی)ە كە كاندیدی لیستی ئازادییە بۆ پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە (2)..
ئا/ هێرش مەغدید
-كارنامەی تۆ بۆ خولی تازەی پەرلەمانی كوردستان چییە، ئەگەر بێتو سەركەوتوو بوویت لەو پرۆسەیە؟
+ئەجێندا و پلانی ئێمە دیارە لە چوارچێوەیەكی فراواندا لە لیستی ئازادی ڕاگەیاندراوە ،ئێمە بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدەین یەك بەیەكی خاڵەكانی ئەم بەرنامەیە جێ بەجێ بكەین،بەوپەڕی پێداگریمان لەسەرووی هەموویانەوە مانا بۆ (خاك،نان ، ئازادی ) دەگێڕینەوە و لەدەستی كەسان و گروپ و حزبی دەردەهێنین و دەیدەینەوە دەستی كۆمەڵگا !
خاك، خاكی هەموان بێت و هیچ كەس و لایەن و گروپێك نەتوانیت دەستی بەسەردابگرێت یان سات و سەودا بە خاك و مێژوو و جوگرافیاكەی بكات،نان بەبێ جیاوازی هەمووان بەیەكسانی دەستیان پێڕا بگات و هیچ لایەنێك نەتوانێت نانی بەیانی مناڵەكانی بەبارمتە بگرێت و بكەوێتە قورگی شێرەوە ،لەكاتێكدا سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە هێندە زۆرە ئەگەر بەیەكسانی دابەش بكرێت و چاودێریەكی هەبێت لە پەرلەمان و بەئاسانی بەهەدەر نەدرێت دەتوانیت هەمووان بەوپەڕی رەفاهیەتەوە بژین و هیچ خێزانیك لە ژەمی بەیانی مناڵەكانی دڵنیا نەبێت ، لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە ئازادییە ! بوونی خاك و نان بەبێ ئازادی مانایەك پەیدا ناكات،بۆیە ئێمە هەموویان بەیەكەوە تەواو دەكەین ،ئازادی ڕادەربڕین و ئازادییە فەردی و مەدەنیەكان،ئازادی نوسین و بڵاوكردنەوە و هەتا دەگات بە ئازادی عەشق و ئەوین و خۆشەویستی كچان و كوڕانی گەنج و پاراستنی شەخسیات و كەڕامەتی هەمووان لەرێگای یاسا و دادگاكانەوە .
-هەموو ئەو رەخنانەی لە زۆری مووچەی پلە تایبەتییەكان دەگیران بەتایبەتیش ئەندام پەرلەمانەكان، چۆن كار لەو دۆسیەیە دەكەن؟ *چۆن چاودێرێك دەبی لەسەر ئیشوكارەكانی حكومەت؟
+هەمووان دەزانین كە كوردستان وڵاتێكی زۆر دەوڵەمەندە بە سەروەت و سامانی بەنرخ،پارەیەكی بێ شومار و خێرێكی لە رادەبەدەر رژاوەتە ئەو وڵاتە،بەڵام بەداخەوە لەساڵانی پێشووتر چونكە ئەو سەروەت و سامانە لەدەستێكی ئامن نەبووە مەحسوبیەت و حزبیەت و خێڵ و عەشیرەتگەری زاڵ بووە بەسەر هەموو شتێكەوە،بە یاسا تەخشان و پەخشانی پێكراوە،بەڕادەیەك بەشێكی كەمی خەڵك مانگانە پارەیەكی بێ شوومار خراوەتە سەر كۆنتۆ و حیسابەكانیان ،بەشی هەرە زۆریش بەمووچەیەكی كەمدا ژیانی گوزەراندووە و دەستی بەسەرەتاترین پێداوسیتیەكانی ژیان ڕانەگەیشتووە،پێشووتریش ئێمە خۆپیشاندانمان لەم بارەیەوە بەڕێخستوە ،بەر دەرگای پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانمان لێ گرتوون،كەمپینی گەورەمان پێكهێناوە(كەمپینی دادپەروەری ) ئێمە لەم بارەیەوە هەوڵەكانمان چرتر دەكەینەوە و یەكەمین كارێكمان لە پەرلەمان هەڵوەشاندنەوەی مووچەی پلە تایبەتەكان و خانەنشینی نایاسایە .
-چۆن چاودێرێك دەبی لەسەر ئیشوكارەكانی حكومەت ؟
+یەكێك لە كێشەكانی ئێمە لە ڕابردوو وەكو رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی ئەوەبووە نەمانتوانیوە لە رووی یاساییەوە ئەوانەی كە كەمتەرخەم بوون یان دزی و گەندەڵیان لە كار و پرۆژەكاندا كردووە سزاییان بدەین،پەرلەمان دەستمان كراوەتر دەكا تا ئەو كارە بكەین . ئەوەی زیاتر كێشەكانی خەڵكی قوڵتر كردۆتەوە و حكومەتی خستە ناو ئەزمەیەكی گەورەی دارایی لەكاتی بڕینی بودجە لەبەغدا و نزمبوونەوەی نرخی نەوت كە دواتر خەڵكی هەژار لەماوەی چوار ساڵی رابردوو باجەكەیدا ،نەبوونی چاودێرێكی دڵسۆز بوە بۆ ئیش و كارەكان و پرۆژەكان،پشت بەخەڵكی هەژار و لێقەوماو ئەمجارە ئێمە ئەو ئەركە لەئەستۆ دەگرین .