لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئاماری توشبووانی شێرپەنجە لە ئەمساڵدا دەگاتە ١٨.١ ملیۆن کەس لە جیهاندا و لەو ژمارەیەش ٩.٦ ملیۆن کەسیان گیان لەدەستدەدەن.
ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە (IARC) لە لێکۆڵینەوەکەیدا تاقیکردنەوەی لەسەر ٣٦ جۆر نەخۆشی شێرپەنجە لە ١٨٥ وڵاتی جیهاندا ئەنجامداوە.بەپێی لێکۆڵینەوەکە، یەک لەسەر پێنجی پیاوان و یەک لەسەر شەشی ژنان لە ژیانیاندا تووشی جۆرێک لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەبن.
لێکۆڵەران ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە ڕێگاکانی کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر شێرپەنجە پەرەیان سەندووە، بەڵام ئاماری توشبوانی شێرپەنجە و گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە، دەریدەخات کە ئامارەکە ساڵ بە ساڵ ڕوو لەزیادبوون دەکات.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی مەمک و کۆلۆن یەک لەسەر سێی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و مردن بەهۆیانەوە پێکدەهێنن.هاوکات ئاماری توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ساڵی ٢٠١٢دا زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس و تێکڕای مردنیش ٨.٢ ملیۆن کەس بووە، ئەم زیادبوونەی ساڵانەش زیاتر بەهۆی گەشەی دانیشتووانی وڵاتان و چوونە تەمەنی مرۆڤەوەیە.
لە هەرێمی کوردستانیش نەخۆشییەکە بەربڵاوە بەهۆی هۆکارە ژینگەییەکان و خراپی کوالێتی خواردن دەرمان رێژەکەی روو لە زیادبوونە ،لەکاتێکیشدا دەرمانی پێویست لەنەخۆشخانەکان دەست ناکەوێت و نەخۆشەکان لە وەزعیەتێکی نالەباردا چاوەڕوانی دوایین هەناسەکانی خۆیان دەکەن لەژیاندا ، لەزۆرێک لە وڵاتانیشدا بەرێژەیەکی بەرزدا نەخۆشی شێرپەنجە کۆنترۆڵکراوە و نەخۆش دەگەڕێتەوە سەر باری ئاسایی ژیان .