جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند “ئەگەر حکومەت چارەسەری پاشەکەوتی مووچەی مامۆستایان نەکات، دەوامی ڕۆژانی شەممە ڕەتدەکەینەوە“.
ئەحمەد گەرمیانی جێگیری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆژەی پشووی ڕۆژانی شەممە کە پار چووە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوکاتە بوو کە مامۆستایان مووچەکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پاشەکەوتدەکرا.ئەوەشی ڕاگەیاند “لە ئێستادا هەروەکو ساڵی پارە و پاشەکەوت لەسەر مووچەی مامۆستایان هەڵنەگیراوە بۆیە دژی ئەوەین ڕۆژانی شەممە دەوامی فەرمی خۆمان بکەین“.
وتیشی “ئەگەر حکومەت چارەسەری پاشەکەوتی مووچەی کرد ئامادەین وەکو ساڵانی تر دەوامی خۆمان بکەین“.جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داواشی لە وەزارەتی پەروەردە کرد، چاو بخشێنێتەوە بە بڕیارەکەیدا، و کار لەسەر ئەوەش بکات کە پاشەکەوتی مووچەی مامۆستایان نەهێڵین نەک ڕۆژانی پشووی مامۆستایان زیادبکەن.
لەئاگادارییەکدا وەزارەتى پەروەردە ڕایگەیاندووە، ٦ی ئەیلول ڕۆژى دەستبەکاربوونى مامۆستایانە و لەمساڵیشدا لە ڕۆژى شەممە تا پێنج شەممە دەوام فەرمى دەبێت.ساڵى ڕابردوو بەهۆى ناڕەزایەتییەکانى مامۆستایان و سیستمى پاشەکەوتى مووچەوە پەروەردەى هەرێم ڕۆژانى شەممەى کردە پشوو لە قوتابخانە و خوێندنگاکانى سەربە وەزارەتەکەیدا.