دەستگیرکردنی ماریا پۆتینا ٢٩ساڵ لە ئەمریکا لە مانگی تەموزی ڕابردودا کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسە نزیکەکانی ناوەندی بڕیار لە کۆمارییەکان دروست کردبوو بە مەبەستی دەستکەوتنی زانیاری مشتومڕێکی زۆری لەو وڵاتە دروستکرد.
وەزارەتی دادی ئەمریکا مانگی تەموزی ڕابردوو ڕایگەیاند، ماریا پۆتینا ٢٩ ساڵ، بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ ڕوسیا دەستگیریانکردووە.کەناڵی “سی ئین ئێن”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بوڵ ئەریکسۆن پارێزەری نزیک لە کۆمارییەکان لەو کەسانە بووە کە “پۆتینا” بۆئەوەی زانیاری دەستبکەوێت پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دروستکردووە.
ئەریکسۆن، یەکێکە لەو کەسانەی سەبارەت بە دەستوەردانی ڕووسیا لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمریکا نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی “ئێف بی ئای” لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردووە چونکە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕوسەکاندا ھەبووە.
پۆتینا ساڵی ٢٠١٦ بۆ خوێندن چووەتە ئەمریکا و لە واشنتۆن چووەتە زانکۆ و بەردەوام بەوە ناسراوبووە بەرگری لە مافی ھەڵگرتنی چەک کردووە.
ئەریکسۆنیش لەو کەسە نزیکانە بووە لە ناوەندی بڕیارەوە کە بەرگری لە مافی ھەڵگرتنی چەک کردووە لە ئەمریکا و خاڵی ھاوبەشی لەگەڵ پۆتینا ھەیە.
ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” ئاماژەی بەوە کردووە، پۆتینا لە ساڵی ٢٠١٦ لە جیفری گۆردن نزیکبووەتەوە کە ٦ مانگ وەک بەرپرسی ئەمنی نەتەوەیی کەمپینی ھەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ کاریکردووە.
گۆردن و پۆتینا لە ھەردوو مانگی ٩ و ١٠ی ساڵی ٢٠١٦ نامەیان گۆڕیوەتەوە و دەرکەوتووە کە بەرپرسی پێشووی کەمپینی ترەمپ جارێک بانگیکردووە بۆ ئامادەبوون لە ئاھەنگێکی مۆزیکی ڕۆکدا لە واشنتۆن، جارێکیتریش بانگیکردووە بۆ ئاھەنگی لەدایکبوونی خۆی، ئەوەش ئاستی نزیکی پەیوەندییان بە یەکترەوە دەردەخات.
ساڵی ٢٠١٥ لە سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا پۆتینا پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ دەکات سەبارەت بە تێڕوانینی بۆ پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕوسیا ئەگەر بە سەرۆک ھەڵیبژێرن، ترەمپ وەڵامدەداتەوە بەوەی تێگەیشتنی باشی لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمێر پوتین دەبێت و ھیچ سزایەک بوونی نابێت.
ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” ئاماژەی بەوە کردووە، پۆتینا لە ساڵی ٢٠١٦ ھەوڵیداوە لە یەکێک لە یاریدەدەرەکانی دۆناڵد ترەمپ نزیکببێتەوە بەتایبەت دوای ئەوەی پێشبینیکراوە پۆستێک لە ئیدارەی ڕاگوزەردا وەربگرێت.
ئێستا ڕۆبەرت مۆلەری ڕاوێژکاری تایبەت لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان ڕوسەکان و چەند کەسێکی نزیک لە ترەمپ دەکات کە گوماندەکرێت کاریگەرییان لەسەر ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦دا ھەبوبێت.
لێکۆڵینەوەکەش ھەریەک لە دۆناڵد ترەمپ جەی ئاڕ و جارید کوشنەری زاوایی و پۆڵ مانافۆرتی بەڕێوەبەری پێشووی کەمپینی ترەمپ و ھەردوو ڕاویژکاری پێشووی سەرۆک بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە کارتەر بیدج و جۆرج بابادوبولۆس دەگرێتەوە.
پۆتینا، کاتێک ویستی ئەمریکا بەجێبھێڵێت دەستگیرکرا، پەیوەندییە سێکسیەکانی ئەو کچە ڕوسیەش بۆ گەیشتنی بە ناوەندی سیاسی کۆمارییەکان مشتومڕێکی زۆری لە ئەمریکا دروستکردووە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێناوە.
ڕوسیا بە دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ تۆمەتباردەکرێت و نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکاش لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەوبارەوە دەستپێکردووە و بەم دواییانەش دۆناڵد ترەمپ داوای لە بەرپرسی لێکۆلینەوەکانی کرد ئەو دۆسیەیە دابخات و کۆتایی پێبھێنێت.