لاپەڕەی سەرەکی ڕاپۆرت رۆژی جیهانیی دەروندروستی لەسەردەمی قەیرانە بەردەوامەکاندا

رۆژی جیهانیی دەروندروستی لەسەردەمی قەیرانە بەردەوامەکاندا

0 تێبینییەکان 78 بینینەکان

 ساڵانە ١٠ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)،  بە رۆژی جیهانیی دەروندروستی دەستنیشان کراوە، لەو رۆژەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەرفەتێکی جیهانی دەڕەخسێنێت بۆ ئاخاوتن دەربارەی تەندروستیی دەرونی، و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سەبەرت بە گرنگی پرسەکە، و داواکاری بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی پاڵپشتی و چاودێریی دەرونی. دروشمی هەڵمەتی ئەمساڵ بریتییە لە: “گوێ لە دەنگی ئەوانە بگرن کە ئەزمونەکە دەژین یان (لەئەزمونەکەدا دەژین)، لەپێناو دروستکردنی گۆڕانکاری لە واقیعەکەدا”، کە ئەمەش ئاماژەیەکی رونە بۆ گرنگیی گوێگرتن لە ئەزمونی خۆیی کەسەکان لەپێناو داڕشتنی بناغەو پلانی گونجاو بۆ گرنگیدان بەلایەنی دەرونی تاکەکان.
لەم رۆژەدا ناکرێت بەتەنها باسی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و گوشارە دەرونییەکان بکەین وەک ئەوەی کێشەی دابڕاو نین لەو واقیعەی تێیدا دەژین. بەلکو تەندروستیی دەرونی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەرە بە ئاسایش، سەقامگیریی ئابوری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەستکردن بە داهاتو. کاتێک قەیرانەکان بە دوای یەکدا دێن بێ ئەوەی مرۆڤ دەرفەتێکی لەبار و راستەقینەی دەستبکەوێت بۆ بونیادنانەوەی هەستی ئارامیی خۆی، ئیدی گوشاری دەرونی وەک دۆخیکی  کاتی و راگوزەر نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە شێوازێک لە شێوازەکانی ژیان. ئەمەش وا دەکات دیمەنی دەرونی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەمساڵدا زۆر ئاڵۆزتر بێت بە بەراورد بە ساڵی رابردو.
ئاشکرایە لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیساندا، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سێبەری جەنگێکی ناوچەییدا ژیان، بەهۆی سەدان هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) کە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمیان کردە ئامانج و بونە هۆی کوژران و برینداربونی هاوڵاتییانی مەدەنی. بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نێوان ۲۸ی شوبات تا ۲۰ی نیسانی ۲۰۲٦دا، ٨٠٩ هێرش تۆمار کراون، کە ٤٧٧ هێرشیان تەنها لە پارێزگای هەولێر بون.
لەروی دەرونیەوە، شوێنەوارەکانی جەنگ بە کۆتاییهاتنی دەنگی تەقینەوەکان کۆتاییان نایەت. ئەو مرۆڤەی توشی ترسی راستەوخۆ بوەتەوە، تاماوایەکی درێژ رەنگە بەردەوام بێت لە چاودێریکردنی ئاسمان، هەواڵەکان، دەنگی فڕۆکەکان و چاوەڕوانکردنی ئەوەی لە ئایندەدا رو دەدات. ئەم ئەزمونە دەکرێت لە شێوەی تێکچونی خەو، گرژی، زو هەڵچون، ترسی زۆر رادەبەدەر (تۆقین)، یان هەستکردنی بەردەوام بە مەترسی و گرژی دەربکەوێت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی باری نائاساییەوە زیانیان بەرکەوتوە، روبەروی ئاستی جیاوازی تەنگەژەی دەرونی دەبنەوە، هەروەها جەنگ، هەژاری، لەدەستدانی ئاسایش و ماڵ و سامان مەترسیی تێکچون و شڵەژانە دەرونییەکان زێتر دەکەن. وێرای ئەمانە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دوای هێوریونەوەی جەنگەکە بۆ قۆناغێکی سەقامگیرو ئاسایشی دەرونی نەپەڕینەوە, بەڵکو لە گوشارێکەوە بۆ چەندین گوشار و قەیرانی  دیکە.
پرسی موچە هێشتا شوێنەوارێکی دەرونیی قورسە ئاسایشی دەرونی فەرمانبەرانی خستۆتە مەترسیەوە. موچە بۆ فەرمانبەر واتە کرێی خانو، پەروەردەکردنی مناڵ، دانەوەی قەرز، دابینکردنی خۆراک و دەرمان، و پلاندانان بۆ مانگی داهاتو. بۆیە هەر گرفتێک لەبەرەدەم پرسی موچەدا، تەنها تەنگژەی ئابوری لێ ناکەوێتەوە، بەڵکو باری نادڵنیاییی درێژخایەن (موزمن) دەخولقێنێت. تەنانەت هەرجارێک لەگەڵ رێکارەکانی دابەشکردنیشیدا، رەگی کێشەکە لە نەست و ئاگایی گشتیدا بە زەقیی دەمێنێتەوە ئەویش بەهۆی دوبارەبونەوەی دواکەوتن و کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە هەمان کاتدا، قەیرانی سیاسی و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت هاوکات لەگەڵ فەوزای راگەیاندن و گوتاری میدیایی نابەرپرسیارانەی بەشێک لەکەناڵە حزبیەکان و سێبەرەکانیان, توێژاڵێکی دیکەی نادڵنیاییان لای هاوڵاتیان زێدە کردوە. ئەمە وێڕای هۆشداری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی هاوپایمانان لە کاریگەریی چەق بەستویی سیاسی لەسەر تواناو پێگەی هەرێم.
سەرەڕای ئەمانەش، قەیرانەکانی ژیانی ڕۆژانە هاتنە ئاراوە لەناکاو بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی، گرانیی تێچوی گوزەران، بەدوایدا پێشهاتە ئاسایشییە ناوچەیییەکان، تا دەگاتە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ئەیلولدا، و ئەو گفتوگۆ و ترسەی هاوشانی بو دەربارەی داهاتوی ئاسایش و ئەگەری نوێبونەوەی چالاکیی گروپە چەکدارەکان. ئەم ترسانە، تەنانەت کاتێک نەبنە مەترسیی راستەوخۆش، دەتوانن ئاستی دڵەڕاوکێی گشتی بەرز بگوێزنەوە و پەرەی پێبدەن چونکە مرۆڤ لە روی دەرونییەوە تەنها مامەڵە لەگەڵ روداوەکە ناکات، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ ئەگەرەکانیشی دەکات..
ئەمڕۆش فاکتەرێکی ئابوریی نوێ و بەزەقی هاتۆتە نێو دیمەنەکەوە. کاتێک حکومەتی عێراق لە ۷ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ دەستکاریی نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕی دیناری کرد بۆ ١٥٢٠ دینار بەرامبەر بە دۆلار، لە سایەی گوشارە ئابورییەکانی پەیوەست بە جەنگ و تێکچونی هەناردەی نەوت. ئیدی سروشتییە پێشهاتی لەم شێوەیە ترس لەلای خێزان، بازرگان و فەرمانبەران دروست بکات، و ئاسایشی دەرونیان زیاتر بخاتە ژێر هەرەشەو مەرترسی، چونکە گۆڕانی نرخی ئاڵوگۆڕ راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە تێچوی هاوردەکردن، نرخەکان و توانای کڕین.
لەگەڵ ئەم هەمو پرس و قەیرانانەدا، دەبێت ئەو پرسیارە بوروژێنین کە دروشم و ئامانجی ئەم رۆژە جیهانیە تێدەپەڕێنێتت و بلێین تەندروستیی دەرونیی تاکی کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە کە رۆژانە لەگەڵ ئەگەری قەیرانێکی نوێدا گوزەردەکات؟
کێشەکە تەنها لە بونی قەیرانەکاندا نییە، هەمیشە کۆمەڵگەکان توانای بەرگەگرتنی قەیرانەکان و بوژانەوەیان هەیە. کێشەکە لێرەدایە کە مرۆڤ ئەو فەزا زەمەنی و دەرونییە بۆ نەرەخساوە یان لەبەردەستدا نیە کە پێویستییەتی بۆ بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگیی خۆی پێش ئەوەی قەیرانێکی دیکەی بەسەردا بێت. فریای ئەوە ناکەوێت لەنێوان قەیران و سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکەدا هاوسەنگی دەرونی خۆی بەدەستبێنێتەوە!
لە حاڵەتی وەهادا، دڵەڕاوکێ لە پەرچەکردارێکی کاتییەوە دەگۆڕێت بۆ حاڵەتێکی بەردەوام، و بیرکردنەوە لە داهاتو لە بری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی پلاندانان، دەبێتە سەرچاوەی ترس. رەنگە توڕەیی لە نێو خێزاندا گەشە بکات، توانای تەرکیز و کارکردن پاشەکشە ببات، و خەڵکی بەرامبەر هەواڵ و دەنگۆکان هەستیارتر بن و زیاتر ئامادەبن بۆ بڕواکردن بە خراپترین ئەگەرەکان.
لێرەشدا رۆڵی راگەیاندن دەردەکەوێت. راگەیاندن دەوتوانێت تەنها گواستنەوەی قەیرانەکان نەکات بەڵکو شوێنەوارەکانی سوک بکات یان دوهێندەی قەبارەکەی خۆی گەورەیان نەکات، ئەو روماڵانەی پشت بە ترساندن، زێدەڕۆیی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراوە دەبەستن، دڵەڕاوکێی گشتی بەرز دەکانەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە پێویستی بە ڕاگەیاندنێکە زانیارییەکان بە رونی و بەرپرسیارێتییەوە پێشکەش بکات، و جیاکاری لە نێوان هەواڵ، شیکاری و دەنگۆدا بکات، جگە لەوەش، پاراستنی تەندروستیی دەرونی ناتوانرێت تەنها بخرێتە ئۆباڵی تاكەکان خۆیان. ئێمە ناتوانین داوا لە مرۆڤ بکەین پشودرێژتر و خۆڕاگرتر بێت لە کاتێکدا لە ژێر گوشاری بەردەوامی ئابوری، ئاسایشی و کۆمەڵایەتیدا دەژێت، پاشان بەرپرسیارێتیی داڕمانی دەرونیی بخرێتە ئەستۆ. خۆڕاگریی دەرونی ئەوە نیە کە داوا لە مرۆڤ بکەین زێتر بەرگە بگرێت، بەڵکو دەبێت ژینگەیەکی لەباری بۆ برەخسێندرێت کە هاوکاری بێت بۆ بەردەوامبون.
بۆیە، پاراستنی تەندروستیی دەرونی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پێویستیەکی هەنوکەییە ودەبێت ببێتە بەشێک لە بەدەنگەوەهاتنی قەیرانەکان. پێویستمان بە خزمەتگوزاریی دەرونیی بەردەستە، قوتابخانە و زانکۆگەلێک دەبێت زێتر بایەخ بە دروستیدەرونی بدەن، راگەیاندنێکی بەرپرسانەتر، و دامەزراوەگەلێک کە درک بەوە بکەن کە سەقامگیریی ئابوری، ئاسایشی و کۆمەڵایەتی دابڕاو نییە لە سەقامگیریی دەرونیی مرۆڤ. ئیدی تەندروستیی دەرونی دروشمێک نییە لە دەی تشرینی یەکەمدا بەرز بکرێتەوە و بۆ رۆژی دواتر بەلابندرێت و لەبیر ببرێتەوە. بەڵکو ئاوێنەی راستەوخۆی ئەو شێوازەیە کە مرۆڤی تێدا دەژێت، و بڕی ئەو ئارامییەیە کە هەستی پێدەکات.

 لەسەر ئاستی تاکەکەسیش داواکردنی هاوکاری و پاڵپشتی دەرونی نەنگی و عەیبە نیە، دودڵ مەبە لەداوای چارەسەرکردن و پشتگیری دەرونی, راوێژ و پاڵپشتی دەرونی پیشەیی دەتوانێت بارگرانیەکانت بۆ کەمتر بکاتەوەو ژیانت بۆ ئاستێکی باشتر و ئارامتر بگۆرێت.

د.نزار گزالی

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە