نێرجسی جۆرێكە لە جۆرەكانی تێكچونی كەسێتی، كە هەستكردنێكی نا ئاساییە بە خۆشویستنی خود، گرنگیدان بەخود و خۆ بەگەورە زانین، ئەم كەسانە بەردەوام واهەستدەكەن خۆیان لە بەرزاییەكدان و كەسانی تریش هەموی لەخواریەوەن، زۆر لەخۆی ڕازییە، وا دەزانێت لە هەمو كەس باشتر، جوانتر، عاقڵ تر، ڕۆشنبیرتر و زیرەكترە.
بە چەند نیشانەیەك دەتوانیت دڵنیابیتەوە لەوەی هاوسەرەكەت كەسایەتی نێرجسی هەیە:
1. پێی وایە لە ئاست و پلەیەكی زۆر بەرزدایە كە هیچ كەسێك ناتوانێت پێی بگاتەوە، لە خۆبایی بونێكی زۆری هەیە، وابیردەكاتەوە كەسانی دیكە دەبێت سوپاسگوزاربن كە ئەو لە ژیانیاندا هەیە.
2. هەمیشە چاوەڕێی ئەوە لە هاوسەرەكەی دەكات كە سوپاسگوزاری بێت و ستایشی بكات، بەڵام خۆی بەهیچ شێوەیەك ئەو كارە بۆ بەرامبەرەكەی ناكات.
3. هەمیشە رەخنە لە هاوسەرەكەی دەگرێت، هەمو خاڵە لاوازەكانی هاوسەرەكەی كۆدەكاتەوە و لە دژی بەكاریدەهێنێتەوە، هەوڵدەدات جەنگی دەرونی لەگەڵدا بكات.
4. دڵی پڕ لە رق و كینەیە، بە هەمو ئەو كەسانە توڕە دەبێت كە لەو باشترن، پەسەندی ناكات كەسێك هەبێت لەو باشتر بێت، رقی لە هەموانە و تەنها خۆی خۆشدەوێت.
5. لە خەیاڵدا دەژی و راستییەكان نابینێت، پێی وایە كەسێكی سەركەوتو، زیرەك و سەرنجڕاكێشە، تەنانەت ئەگەر بەوشێوەیەش نەبێت.
6. هەمیشە و را و بیركردنەوەی خۆی لا پەسەندە، گوێ بە را و بیركردنەوەی بەرامبەرەكەی نادات.
7. هەوڵدەدات هاوسەرەكەی بۆ سودی خۆی بەكاربهێنێت، هەروەها وا لە هاوسەرەكەی دەكات كە هەست بكات تەنها ئەو دەیپارێزێت و بێ ئەو ژیانێكی خۆش و ئارامی نابێت.
8. پێی وایە لە ناوەڕاستی گەردون وەستاوە و هەموان سەرنجیان لەسەریەتی، دەیەوێت چاوی هەموان بۆ خۆی رابكێشێت.