پەرلەمانتارێکی پێشوی کورد دەڵێت “پەرلەمانتارانی كورد بەهۆی حزبەكانیانەوە لەبەغدا سەركەوتو نەبون”. چونکە بەبڕوای هەمیشە دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بن كە لە هەولێرەوە پێیان دەوترێت، بەپێچەوانەی فراكسیۆنەكانی دیكەوە كە ئازاترن یاخود كەسە سەرەكییەكانیان لەناو پەرلەماندان. لەبەرامبەردا ئەندامێکی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران پێی وایە پەرلەمانتاران دەستكەوتیان هەبوە لەپەرلەمانی عێراقو، رێگریكردن لە تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدرالی بەو شێوەیەی كە فراكسیۆنەكانی دیكە ویستویانە بەنمونە دەهێنێتەوە.
ئا: نیاز محەمەد
فراكسیۆنە كوردییەكان بە 65 پەرلەمانتارەوە، كە نزیكەی لەسەدا 20ی پەرلەمانی عێراق پێكدەهێنن، زۆر جار لەو شوێنانەی هێزە عێراقییەكان ویستویانە یاسایەك بە زۆرینە تێپەڕێنن بە ئاسانی تێیانپەڕاندوە لەكاتێكدا پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق دامەزراوە.
ئەو كێشانەی روبەڕوی پەرلەمانتارانی عێراق دەبێتەوە زۆرجار بۆتە هۆی دروستكردنی ناكۆكی لەنێوانیاندا، هەروەها روبەڕوی رەخنەش بونەتەوە لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە كە كاریان بۆ دۆزی كورد نەكردوە بەو پێیەی پەرلەمانتارانی کورد هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داکۆکی لەکوردو مافە رەواکانی بکەن، بەڵام زۆربەیان لەبری شەڕکردن لەسەر کورد لەبەغدا، لەپایتەختی عێراقەوە درێژە بەململانێ حزبییەکانی کوردستان دەدەنو قسەیەکیان بەرامبەر بەحکومەتی بەغداو نەیارانی کوردستان لێوە نایەتو بەردەوام تانەو تەشەر لەهەرێمی کوردستان دەدەن.
هەرچەندە فراکسیۆنە کوردییەکان پێكەوە بایكۆتی دانیشتنەكانیان كرد، بەڵام بۆچونی پەرلەمانتاران لەسەر بایكۆت جیاواز بو.
موسەننا ئەمین پێی وایە كە ئەوانەی دەڵێن بایكۆت باش نەبوە دیارە لەكاری پەرلەمانتاری حاڵی نەبون. لەكاتێكدا فراكسیۆنە عێراقییەكان بەزۆرینە بڕیاردەدەن، بەشداری تۆ تەنیا شەرعیەت دانە بە نیسابی یاسایی دانیشتنەكەو بڕیارەكانیشی. وتیشی”ناڕەزایەتیش دەربڕیت هەر بویتەتە بەشێك لەو بڕیارە، لەكۆتاییدا ئەوە بڕیاری دانیشتنێكە كە تۆ شەریكی تێیدا”.
بەبڕوای ئەو، پەرلەمانتاران دەستكەوتیان هەبوە لەپەرلەمانی عێراقو رێگریكردن لە تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدرالی بەو شێوەیەی كە فراكسیۆنەكانی دیكە ویستویانە بەنمونە دەهێنێتەوە. ئاماژە بەوەشدەدات كە دەیان نمونەی دیكەی لەو جۆرە هەن.
لەكاتی پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2017ی عێراقدا بەشێك لە فراكسیۆنەكان هەوڵی ئەوەیان دەدا كە موچەو بودجەی هەرێم بگێڕنەوە كە لەلایەن حكومەتی بەغداوە بڕاوە. بەشێك لە پەرلەمانتاریش ئەمەیان وەك بەڵێن بە هاوڵاتیانی كوردستان دەدا، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو لەوبارەیەوە دەڵێت”من قەت پێموانەبوە كە لەڕێگەی یاسای بودجەوە بتوانین ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین، بەڵام هەندێك پەرلەمانتار حەزیان لە نمایشە”.
مەسعود حەیدەریش پێی وایە پەرلەمانتارانی كورد رۆڵیان هەبوە لەبەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی هەرێمدا لە بەغدا، بەڵام وتیشی”ئێمە دەزانین لەدوای 2004ەوە پێگەی كورد لەعێراقدا لە روی سیاسییەوە ساڵ بەساڵ لاوازتر دەبێت”. جەختیش دەكاتەوە كە ئەگەر رێكەوتنی سیاسی نەبێت، هەمو كاتێك شیعە لەعێراقدا دەتوانێت باڵا دەست بێت.
ئەشواق جاف ئەو فراكسیۆنانە تۆمەتباردەكات بە تێكدانی یەكڕێزی كورد كە كێشەكانی هەرێم دەبەنە ئەودیو حەمرینو پێیانوایە هەندێك لایەنی عەرەبی دەبنە پشتیوانیان. بەڵام باس لەوەشدەكات كە دژایەتیكردنی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانو ریفراندۆم لەلایەن بەغداوە فراكسیۆنەكانی یەكدەنگ كردوەو یەكیخستون.
حاكم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشوی پەرلەمانی عێراق پێی وایە پەرلەمانتار لە بەغدا بێت باشترە بۆئەوەی بتوانن دەنگ بەرزبكەنەوە، دانیشتنو نیساب تێك بدەنو هەروەها میدیا بەكاربهێنن بۆ گەیاندنی پەیامی كورد بە شەقامی عێراقیو دنیای دەرەوە. لەئێستادا پەیامی كورد تەنیا لەڕێگەی لایەنە عێراقییەكانی دیكەوە دەرخواردی شەقامی عێراقی دەدرێت. بەبڕوای ئەو پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەبێت تەنیاو تەنیا چاوەڕوانی ئەوە بێت كە لە هەولێرەوە پێی دەوترێت، بەپێچەوانەی فراكسیۆنەكانی دیكەوە كە ئازاترن یاخود كەسە سەرەكییەكانیان لەناو پەرلەماندان. ئەمە وایكردوە “پەرلەمانتاری كورد سەركەتو نەبوبێت لە بەغدا”. هەروەها هۆكارێكی دیكەی سەرنەكەوتنی پەرلەمانتاری كورد بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان خۆیان نە بڕوایان بە دیموكراسەتو نە بڕواشیان بە كاری پەرلەمانی هەبوەو تەنیا فراكسیۆنیان لە بەغدا بۆ ئەوە ویستوە كە بەكاری بهێنن بۆ بەرژەوەندیو سەوداو مامەڵەكانی خۆیان.