ئێوارەی رۆژی دووشەممە (٣٠\٧\٢٠١٨ )لە گوندی عاڵا لە سنووری ناحیەی دیبەگە سەر بە قەزای مەخمور، هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان سازکرد، بە هۆی خراپی ڕێگەکەیان و نەبوونی خزمەتگوزاری، لە ئەنجامدا پۆلیس ژمارەیەکی لێ دەستگیرکردن.
خەلیل مەحمود کە باوک و برا و خاڵۆزایەکی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون ڕایگەیاند، ڕێگای گوندەکەیان بەهۆی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری کارگەیەکی ناوچەکەوە خراپ بووە و خەڵکی گوندەکەش داوای چاککردنیان کردووە و بۆ ماوەیەک ڕێگاکەیان داخستووە، هێزەکانی پۆلیسیش ژمارەیەکیان دەستگیرکردووە.
وتیشی، ئەوان شانازی بەوە دەکەن لە پێناو گوندەکەیان دەستگیربکرێن، لە هەمانکاتدا نیگەرانی نیشاندا و وتی، ئەوانەی ئەمڕۆ کەسوکارەکەی دەستگیر دەکەن، لە سەردەمی خۆی خەڵکی ئەو گوندە ناندەر و پشتیوانیان بوون.
دانیشتوانی ئەم گوندە کە کارگەیەکی چیمەنتۆ لە سنوورەکەیان هەیە، چەندین جار داوای ئەوەیان کردبوو، خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە گوندەکەیان و دانیشتوانەکەی لە بێکاری ڕزگاربکەن.