لە ڕوانگەی زانستی پێکەنین لە منداڵانی توشبو بە تێکچونی شەبەنگی ئۆتیزم (ASD) یەک هۆکاری دیاریکراوی نییە، د.ئیدریس نوری. دکتۆرا لە دەرونناسی ومنداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکەی، جۆرەكانی پێكەنینی منداڵەكە دەخاتەڕو.
سەرەتا دەبێت دیاری بکرێت منداڵەکە چ جۆرە پێکەنینێکی هەیە:
• پێکەنینی دەماری و پزیشکی: پێکەنینێک کە سەرچاوەکەی دەماری یان پزیشکییە.
• پێکەنینی ڕەفتاری دوبارەبوەوە: پێکەنینێک کە وەک ڕەفتارێکی دوبارەبوەوە جێگیر بوە.
• پێکەنینی ڕێکخستنی هەستەکان: پێکەنینێک کە ڕۆڵی ڕێکخستنی هەستی یان سۆزداری هەیە.
• پێکەنینی وەڵامی چێژ: پێکەنینێک کە وەڵامی هاندەرێکی چێژبەخشە.
پێکەنین دەتوانێت ببێتە ڕەفتارێکی ڕۆتینی.، بەڵام جیاکردنەوەیەکی وردی دەوێت. لە ئۆتیزمدا ڕەفتارە دوبارەبوەوەکان تەنها بە جوڵەی جەستەیی سنوردار نابن؛ هەندێک جار شێوازێکی ڕەفتاری یان دەنگیش دوبارە دەبێتەوە.
ئەگەر منداڵەکە لە دۆخی هاوشێوەدا، بە شێوەیەکی نزیکەی یەکسان و بەبێ پەیوەندییەکی رون بە ڕوداوەکانی دەوروبەرەوە پێبکەنێت، دەکرێت بپشکنرێت ئایا پێکەنینەکە بەشێکە لە شێوازێکی دوبارەبوەوە، بەڵام دوبارەبونەوەی پێکەنین بە تەنها ناسەلمێنێت کە ڕەفتارێکی ڕۆتینییە. بۆ گەیشتن بەم دەرەنجامە، پێویستە ئەم لایەنانە بپشکنرێن:
– شێوەی ڕەفتارەکە.
– کاتی ڕودانی.
– زەمینە و دۆخەکە.
– دەرەنجامەکانی.
– نیشانە هاودەمەکانی تر.
هەر پێکەنینێک کە لە ڕوانگەی ئێمەوە «بێ هۆکار» دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا بێ هۆکار نییە. لەوانەیە هاندەرەکەی بۆ کەسانی دەوروبەر نابینراو بێت، وەک دەنگێکی دور، یان بیرەوەرییەک، یان هەستێکی جەستەیی، لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت هەمو پێکەنینە ناسروشتییەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ ئۆتیزم، هەر پێکەنینێکی نائاسایی پێویستی بە ڕاوەستان و تێڕامان و هەڵسەنگاندنی وردە، نەک حوکمدانی پێشوەختە.